سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » په‌پووله‌كانی‌ باوكم

په‌پووله‌كانی‌ باوكم

فه‌رید حه‌مید دوهان
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی
هه‌موو كاتێك  باوكم خه‌وی‌ به‌ په‌پووله‌وه‌ ئه‌بینی‌…په‌پووله‌ی‌ سپی‌، په‌پووله‌ی‌ شین و ره‌ش و خۆڵه‌مێشی‌، هه‌موو كات ئه‌یبینین به‌ ده‌وریا ئه‌سووڕێنه‌وه‌، ئه‌ویش بێ‌ هیچ جموجۆڵێك له‌سه‌ر زه‌وی‌ خه‌ونه‌كانی‌، ئه‌وه‌ستا و به‌ خۆشییه‌وه‌ سه‌یری‌ ئه‌و مه‌خلوقاته‌ جوانانه‌ی‌ ئه‌كرد.
هه‌ر كه‌ له‌ نه‌شئه‌ی‌  خه‌ونه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ خه‌به‌ری‌ ئه‌بووه‌وه‌، ئاواتی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌خواست ببێت به‌ په‌پووله‌ ..
باوكم به‌درێژایی‌ ژیانی‌، خۆشی و سه‌رسوڕمانی‌ منداڵی‌ و  گه‌شیی‌ گه‌نجی‌ و ئارامیی‌ پیرێتی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینی‌.
هه‌ر له‌ هه‌ڕه‌تی‌ لاوییه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌رجێگا، چونكه‌ كه‌ له‌ دایك بووبوو خواره‌وه‌ی‌ له‌شی‌ تووشی‌ ئیفلیجی‌ بووبوو، ئه‌م نه‌خۆشی و خه‌مۆكییه‌ كه‌ بۆی‌ مابوونه‌وه‌، نه‌یانهێڵا خۆشی‌ و گه‌شیی‌ ژیان ببینیت، جگه‌ له‌ نیوه‌ خۆشییه‌ك نه‌بێت، مه‌به‌ستم ژنهێنان و مناڵ خستنه‌وه‌یه‌..
كه‌م كه‌م له‌ به‌یانیاندا نه‌بێت جێگاكه‌ی‌ خۆی‌ جێنه‌ئه‌هێڵا.. گشت وه‌ختێكیش به‌ ئاماده‌بوونی‌ دایكم له‌ سه‌ر كورسییه‌ گه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ دائه‌نیشت.
گه‌شته‌كانی‌ باخچه‌ی‌ ماڵی‌ تێنه‌ئه‌په‌ڕاند..تاكه‌ هۆی‌ ده‌رچوونیشی‌ ئاره‌زووی‌ به‌رده‌وامی‌ بوو بۆ بینینی‌ په‌پووله‌، به‌ڵام ئه‌م ئاره‌زووه‌ی‌ هه‌رگیز  به‌دینه‌هات.. هه‌ر كه‌ ئه‌چووه‌ باخچه‌ی‌ ماڵه‌كه‌مان په‌پووله‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ نامۆ ون ئه‌بوون.
پاش هه‌موو هه‌وڵێكی‌ بۆ چێژوه‌رگرتن له‌ بینینی‌ په‌پووله‌ باوكم به‌ دایكمی‌ ئه‌وت:
-هه‌ر ته‌نها په‌پووله‌یه‌ك ببینم، ئیتر شێوه‌ و قه‌واره‌ و ره‌نگی‌ چۆن بێت یه‌كسه‌ر ده‌مرم. باوه‌ڕم پێ‌ بكه‌ له‌ خۆشیدا ده‌مرم.
بۆ ده‌ربڕینی‌ ئه‌م بێبه‌شییه‌ ره‌هایه‌ی‌، به‌ هه‌موو باڵنده‌ و ئاژه‌ڵه‌كانی‌ ماڵه‌كه‌مانی‌ ئه‌وت په‌پووله‌.
هه‌ر له‌ پشیله‌ ڕه‌شه‌ چه‌مووشه‌كه‌وه‌ تا سه‌گه‌ سپییه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌كه‌ و باڵنده‌ خۆڵه‌مێشییه‌ مۆمیاكراوه‌كه‌ی‌ قه‌فه‌زی‌ چێشتخانه‌كه‌، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌، هه‌ر ئاژه‌ڵێك یا بێگیانێكیشی‌ ببینیایه‌ پێی‌ ئه‌وت په‌پووله‌.
جارێكیان له‌ گه‌رمه‌ی‌ مه‌ستی‌ و گه‌رمیی‌ ناولێنانه‌كانیدا بوو.. ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ به‌یانیان وه‌ك رۆژانی‌ ئاسایی‌ له‌ باخچه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ دایكمدا پیاسه‌ی‌ ده‌كرد و به‌ دوو چاوی‌ شه‌كه‌ته‌وه‌ به‌ دوای‌ په‌پووله‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌دا ئه‌گه‌ڕا. یه‌كسه‌ر له‌ ناخی‌ بێئومێدییه‌وه‌ به‌ په‌نجه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ دڵی‌ كرد و وتی‌:
-ئه‌ها ئه‌وه‌تا په‌پووله‌ ..
پاش چه‌ند رۆژێك.. ئێواره‌یه‌كی‌ زۆر ئاسایی‌ ..به‌ هێمنی‌ له‌سه‌ر جێگه‌كه‌ی‌ راكشابوو كتێبێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ كتێبه‌كانی‌ خۆی‌ ئه‌خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر په‌پووله‌ بوو، پڕبوو له‌ وێنه‌ی‌ جوانی‌ سه‌رسووڕهێنه‌ری‌ په‌پووله‌، دایكم به‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ دانیشتبوو، باوكم كتێبه‌كه‌ی‌  له‌ ته‌نیشت خۆیه‌وه‌ دانا، له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ كه‌ كرابووه‌وه‌  به‌ خۆشییه‌وه‌  ئه‌یڕوانییه‌ باخچه‌كه‌، دایكم سه‌رنجی دا ره‌نگی‌ ده‌مووچاوی‌ ئه‌بزڕكێ‌ و گرژئه‌بێته‌وه‌، دواتر باوكم ده‌ستی‌ خسته‌ سه‌ر دڵی‌ و ئاخێكی‌ ئێجگار درێژی‌ هه‌ڵكێشا و.. ئیتر یه‌كسه‌ر په‌پووله‌یه‌ك كه‌ به‌قه‌د مشتی‌ ئه‌بووله‌ ده‌مییه‌وه‌ هاته‌ده‌ر..په‌پووله‌یه‌كی‌ سپی‌  به‌ ژووره‌كه‌دا ئه‌هات و ئه‌چوو، له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و  به‌خێرایی‌ بۆ دوورایی‌ فڕی‌.
سه‌رچاوه‌: گۆڤاری‌  (افكار)
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...