سەرەکی » راپۆرت » كۆسرەت رەسوڵ عەلی: یەكێتی حزبی هەموو خەڵكی كوردستانە

كۆسرەت رەسوڵ عەلی: یەكێتی حزبی هەموو خەڵكی كوردستانە

د.بەرهەم ساڵح: یەكێتی لەسایەی جەنابی مام جەلال و رێبازەكەی، دەستكەوتی گەورەی بۆ میللەتەكەمان بەدیهێناوە

کوردستانی نوێ، گەلی کوردستان

وێنێ لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) بەئامادەبوونی رەفعەت عەبدوڵڵا‌و رزگار عەلی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەركردایەتی‌و هەڤاڵان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی، لەدیدارێكدا بەخێرهاتنەوەی هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ی كرد، دوای ئەوەی رۆژی 19/9 كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی پێشوازیی لە نامەكەی هەڤاڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح كردو وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار دەستنیشانی كرد.
لەلێدوانێكیشدا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی، رایگەیاند: بەناوی هەموو برادەرانی مەكتەبی سیاسی‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سوپاسی كاك دكتۆر بەرهەم دەكەین كە ئەو دەستپێشخەرییە باشەی كرد كە بگەڕێتەوە ناو حزبەكەی خۆی، حزبی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە حزبی هەموو خەڵكی كوردستانە، ئەوەش جێگای خۆشحاڵیمانەو هیوادارین كاك بەرهەم هەموو هێزی خۆی‌و توانای خۆی بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا رۆڵی باش‌و ئەنجامی باشی هەبێت‌و وتیشی: من بەخێرهاتنی دەكەم‌و جارێكی تریش زۆر زۆر بەخێربێت.

دەمانەوێت كورد رێكبخەین
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەو رێككەوتنەی لەنێوان یەكێتی‌و برادەرانی هاوپەیمانیدا هەیە، دژی هیچ كەسێك‌و لایەنێك نییە، دژی ئەوەیە كە دەیەوێت كوردستان تێكبدات، ئێمە دەمانەوێت كورد رێكبخەین لەنێو خۆماندا‌و كاتێكیش كە چووینە بەغدا لەوێ یەكدەگرین‌و یەك رەنگ دەبین، كاك بەرهەم-یش دەبێت بچێتە ئەو شوێنەی كە بۆی كاندید كراوە لەلایەن یەكێتی-یەوە، من هیوادارم ئەوەش هەر بۆ خزمەتی كوردستان‌و خزمەتی خەڵكی كورد بێت‌و جارێكی تریش بەخێرهاتنی دەكەین‌و هەربژی بۆ كورد‌و كوردستان.

یەكێتی سەروەتێكی گەورەی نیشتمانییە
پاشان، دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لەلێدوانێكدا وتی: زۆر زۆر سوپاس بۆ هاوڕێیان‌و هەڤاڵانی ئازیزم لەمەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، راشیگەیاند: یەكێتی سەروەتێكی گەورەی نیشتمانییە، لەدامەزراندنییەوە كۆكەرەوەی كۆمەڵێك تێكۆشەر‌و خەڵكی داهێنەر‌و دڵسۆز بووە بۆ ئایندەی ئەم نیشتمانە، یەكێتی لەسایەی جەنابی مام جەلال و رێبازەكەی، دەستكەوتی گەورەی بۆ میللەتەكەمان بەدیهێناوە، هەتا لە ناخۆشترین دۆخ‌و ناكۆكی نێوان من‌و هەندێ لە برادەرانی سەركردایەتیشدا نەك من، هەڤاڵەكانیشم لە غەیری رێز‌و حورمەت بۆ تەئریخی یەكێتی‌و بۆ جەنابی مام جەلال‌و بۆ رۆڵی مێژوویی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان غەیری ئەوەمان نەوتووە. كێشەو گیروگرفتمان هەبووە لەسەر جۆری حوكمڕانی، لەسەر كۆمەڵێك ئاڕاستەی سیاسی، بەڵام ئەو كێشەو گیروگرفتانە لەسەر كێشەی شەخسی نەبووە، بەڵكو لەسەر مەسەلەی میللەتەكەمان بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئێستاش یەكخستنەوەی هێزو تواناكانمان بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك كارێكی نیشتمانییە، راستە لای كۆمەڵێك خەڵك جێگەی پرسیار‌و گومانە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئێمە لەسەر ئەو بەرنامەیەی جەنابی مام جەلال، ئەو رێبازەی جەنابی مام جەلال، ئەو رێبازە سەرەكی‌و رەسەنەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان‌و كۆكردنەوەی هەموو هێز‌و تواناكانی ناو یەكێتی‌و بگرە دەرەوەی یەكێتیش، كاك كۆسرەت، بەكارێكی هەنووكەیی خۆمانی دەزانین.

یەكخستنەوەی هێزەكانمان لەناو یەكێتیدا
وتیشی: ئەمڕۆ یەكێتی لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە یەكخستنەوەی هێز‌و تواناكانی هەیە، من بەسوپاسەوە یەكێتی لەماوەی رابردوودا لەكۆبوونەوەی دوێنێدا منیان بەربژێر كردووە بەنمایندەی یەكێتیی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، من سوپاسی ئەو هەڤاڵانە دەكەم كە دەنگیان پێداوم، سوپاسی ئەو هەڤاڵانەش دەكەم كە دەنگیان پێ نەداوم، چونكە ئەركی سەرشانی منە نوێنەرایەتیی هەمووتان بكەم، لەوەش زیاتر بۆ ئەو جێگەیە لە بەغدا ئەگەر ئەو شەرەفەم پێ بسپێردرێ، دەبێ نوێنەری هەموو خەڵكی كوردستان‌و هەموو هێزە كوردستانییەكان بم، دڵنیام لەوەی جەنابت‌و خەڵكە دڵسۆزەكەی ئەم وڵاتە كاردەكەین بۆ ئەوەی هێز‌و تواناكانمان یەكبخەین، بەیەكەوە بەرگریی لە بەرژەوەندییەكانی میللەتی خۆمان بكەین، ئەمڕۆ كوردستان‌و عیراق بەدۆخێكی زۆر مەترسیداردا تێپەڕ دەكات، كۆمەڵێك پیلانگێڕی، كۆمەڵێك ئەگەری پڕ مەترسیی هەیە. بە پەرتەوازەیی ئەمەمان پێ ناكرێت، هەنگاوەكەش یەكخستنەوەی هێزەكانی خۆمانە لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

یەكێتی خاوەن رێچكەی مێژوویی خۆیەتی
ئەوەشی خستەڕوو كە من لێرەشەوە دەمەوێت رایبگەیەنم بۆ ئەو هاودیدە ئازیزو نازدارانەی خۆمان لەهاوپەیمانی، كە بەیەكەوە كارمان كردووە، خەڵكی دڵسۆز‌و پەرۆش بوون بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە، پێكەوە كارمان كردووە‌و كە وەختی خۆی پەیامی دیالۆگی نیشتمانیمان راگەیاند‌و باسمان لەڕێكەوتنی سیاسی كرد لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی، ئەوەبوو یەكێتی وەفدی ناردە لای هاوپەیمانی، هاتینە لای جەنابت كۆبوونەوەمان كرد لەسەر كۆمەڵێك لەم بابەتانە. شتێكی روون‌و ئاشكرا بووە هەموو مەبەستەكەش لێی یەكخستنەوەی هێز‌و تواناكانمانە بۆ خزمەتی گەلەكەمان، راشیگەیاند: یەكێتی خاوەن رێچكەی مێژوویی خۆیەتی، خاوەن شەهید‌و سەروەریی گەورەی خۆیەتی، خاوەن پێشمەرگە‌و تێكۆشەری قارەمانی خۆیەتی، من دڵنیام لەوەی بەو تێز‌و بەو پەیامە دەتوانین ئەو هێز‌و توانایانەمان بخەینەگەڕ بۆ خزمەتی میللەتەكەمان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم میللەتە، كێشەی ژیان، گوزەران، ئەمنی قەومیمان، بەتەبایی لەناو خۆمان لەیەكێتی، بەتەبایی لەگەڵ لایەنەكانی تر، لەگەڵ پارتی بەتایبەت، بەتەبایی لەگەڵ گۆڕان‌و هێزە سیاسییەكانی تر كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، كە بەیەكەوە لەم قۆناغە سەختەی كە روبەڕووی ناوچەكە دەبێتەوە، ئێمە یەك‌و یەكگرتوو بین بۆ خزمەتی گەلەكەمان.

رۆژی ئەوەیە بەیەكەوە كاربكەین
لەكۆتاییشدا وتی: دووبارە سوپاسی جەنابت دەكەم كاكە كۆسرەت، سوپاسی هەموو ئەم هەڤاڵ‌و دۆست‌و خۆشەویستانە دەكەم كە بەگەرم‌و گوڕییەوە بەدەم ئەم دەستپێشكەرییانەوە هاتوون، جەنابت دەوری گەورەت تیا هەبووە سوپاست دەكەم، هەمیشە خەمخۆری ئەوەبوویت كە هێزەكانمان یەكبخەینەوە. دووبارە ئەمڕۆ رۆژی كارە، رۆژی ئەوەیە كە بەیەكەوە كاربكەین، ئەم میللەتەی خۆمان لەم میحنەتە رزگار بكەین‌و دەرفەتەكەش بەوە دەبێت كە هەموومان یەكبینەوە لەناو یەكێتیدا یەك دەنگ‌و یەك ئیرادە‌و یەك ئاڕاستە بین بۆ خزمەتی گەلەكەی خۆمان.

كۆسرەت رەسوڵ: وەك یەك تیم كار بکەین

دوێنێ لەسلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) پێشوازییكرد لە هاكان كەراجای كونسوڵی توركیا لەهەرێمی كوردستان.
لەدیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان‌و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و بەشداریی لایەنە سیاسییەكان، پەیوەست بەم باسە جێگری سكرتێری گشتی، جەختی لە هێمن بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە كردەوە.
تەوەرێكی تری دیدارەكە، قسەكردن بوو لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و توركیا، لەوڕووەوە هەردوولا جەختیان لەباشتربوونی پەیوەندییەكان كردەوە.
پرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق‌و بەشداریی كوردو ئیستحقاقاتەكانی كورد تێیدا، تەوەرێكی تری دیدارەكەیان بوو. هاوكاتی جەختكردنەوە لەگرنگیی بەشداریی كورد لەپڕۆسەكەدا، كۆسرەت رەسوڵ عەلی، رایگەیاند: وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەلامانەوە گرنگە كورد بەیەكدەنگی‌و یەكگوتارییەوە بچێتە بەغداو وەك یەك تیم كاربكەین بۆ مافە دەستووری‌و نەتەوەییەكانی كورد.

print

 3 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*