سەرەکی » ئابووری » چاپی نوێی دراو سوودی بۆ هەرێم دەبێت

شارەزایەكی ئابووری:

چاپی نوێی دراو سوودی بۆ هەرێم دەبێت

شارەزایەكی بواری ئابووری رایدەگەیەنێت، بابەتی چاپكردنی دراوی نوێ لەلایەن حكومەتی عیراقەوە كاریگەری ئەرێنی بۆ ئابووری عیراق‌و هەرێمی كوردستان هەیەو رێگریش لە بڵاوبوونەوەی پارەی ساختە دەكات لە وڵاتدا.

قەرەبووكردنەوەی دراوی دڕاو و كۆن‌
د.عیزەت سابیر شارەزای بواری ئابوری‌و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە، گرنگی لێدانی چاپی نوێی پارە وەك ئەوەی لەئێستادا بانكی ناوەندیی عیراقی چاپی چەند پارەیەكی نوێی دراوی وردەی خستووەتە بازاڕەوە، ئەمە بۆ خۆی كاریگەری گەورەی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی دراوی دڕاو، كە لە ئێستادا لە بازاڕەكانی عیراق‌و هەرێمی كوردستاندا زۆرە.
وتیشی: «پێویستە بانكی ناوەندیی عیراق دەسەڵاتی چاپكردنی پارەی هەبێت بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو دراوە كۆن‌و دڕاوانەی كە لەئێستادا لە بازاڕدا بوونیان هەیە».

كاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووریی عیراق
د.عیزەت سابیر وتیشی: «بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان‌و بەرزبوونەوەی دراوی گرانبەهای بیانی هەڵگیراو «خەزنكراو» لەوڵاتدا، حكومەتی فیدراڵی‌و بانكی ناوەندی مافی ئەوەیان دەبێت چاپی نوێی دراو دەربكەن لە جۆرەكانی دراو، لێدانی چاپی نوێش كاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووریی عیراق بەشێوەیەكی گشتی‌و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەبێت».
ئاماژەی بەوەشدا، چاپی نوێی دراو بەشێوەیەكی نوێ‌و بە گۆڕانكارییەوە، سنوورێكیش بۆ بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە دادەنێت، بەتایبەت ئەگەر چاپە نوێیەكە گۆڕانكاری تێدا بكرێت‌و جیاوازبێت لە چاپە كۆنەكەی.
جێگای باسە بانكی ناوەندیی عیراق چاپی نوێی دراوی (250، 500، 1000) دیناری بڵاوكردەوە.

به‌شی هه‌رێم دیاریبكرێت
هاوکات به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی هه‌رێم له‌هه‌ولێریش روونكردنه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، «دراوه‌كان 250 دیناری و 500 دیناری و 1000 دینارین».
حاجی‌ عابد ساڵح به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی له‌هه‌ولێر به‌ تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگه‌یاندوە، «ئه‌و دراوه‌ نوێیانه‌ی‌ بۆ عیراق چاپده‌كرێت بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانیش ره‌وانه‌ ده‌كرێت».
وتیشی:»ئه‌و دراوه‌ نوێیانه‌ی‌ چاپده‌كرێنه‌وه‌ بریتین له‌ هه‌ریه‌ك له‌دراوی 250 دیناری و 500 دیناری و 1000 دیناری و له‌و دراوه‌ نوێیه‌ش بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێت».
روونیشیكرده‌وه‌، «له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ به‌غدا په‌یوه‌ندیمان كردوه‌و پێیانڕاگه‌یاندوین پێویسته‌ ئه‌و داوایه‌ به‌ڕه‌سمی ئاراسته‌یان بكرێت، ئێمه‌ش كاری‌ پێویستی له‌سه‌رده‌كه‌ین و هه‌ر دراوێكی‌ نوێ كه‌ له‌عیراق چاپده‌كرێت و ده‌رده‌كرێت به‌شی هه‌رێمی‌ كوردستانیش ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت».
ئه‌وه‌شی‌ وت:»هه‌ركات دراوه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ به‌شی هه‌رێم دیاریبكرێت و ڕه‌وانه‌ بكرێت، ئێمه‌ش به‌میكانیزمێكی‌ گونجاو له‌ڕێگه‌ی بانكی‌ ناوه‌ندی هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ریده‌گرین».

 346 جار بینراوە