سەرەکی » وتار » چرۆ شه‌هاب » كێ سەركردەی ڕاستەقینەیە؟پەڕە 3

فۆكەس پۆینت

كێ سەركردەی ڕاستەقینەیە؟

سەركردە كەسێكە بە شێوازی نوێ داهێنان دەكات لە كارەكانی بە ئاڕاستەیەكی ئەرێنی و باشدا دەیبات تاوەكو دەیگەیەنێتە كەناری ئارامی، بەڵێ سەركردەی سەركەوتوو هەموو تواناكانی دەخاتە گەڕ لە دانانی پلان و بەرنامەو ستراتیژی خۆی ،سەركردە ئەو كەسەیە كە دەتوانێت گۆڕانكاری لە تاك بە تاكی كۆمەڵگەكەی بكات و ورد ورد لە نێو نغرۆبونی بێ هیوایی ڕزگاریان بكات.
لە بونی سەركردەدا سەركردایەتی كردن بەشێكی سەرەكیە لە پێكهاتەكەی، هەربۆیە سەركردایەتی كردن هەوڵدانە بۆ كارتێكردنە سەر كەسانی چواردەور و دەتوانرێت ئاڕاستەیان بكات بۆ هەر مەبەسەتێكی خوازراو و ئامانجێكی دیاری كراو.
لەهەموو ساتەوەختێكدا لە بونی ململانێی سیاسی و زۆرجاریش لە ململانێی ئابوری كۆمەڵایەتیشدا كەسانێك هەن خۆیان وەك سەركردە و سەركردایەتی كردنی تیم و گروپێك نیشان دەدەن، ڕەنگە ئەم شێوەیە بە تایبەتی لەكاتی دروست بونی قەیرانەكاندا ڕوبدەن بەتایبەتی لە بونی قەیرانی ئیداری و سیاسی و سەربازیدا، كاتێك كۆمەڵگە ڕوبەڕوی ئەم جۆرە لە قەیران دەبێتەوە بێگومان بە دوای سادەترین شێوازدا دەگەڕێت بۆ دەرچونی لە قەیرانەكە ،یاخود كەمكردنەوەی ئەو ماكانەی دوای قەیران ڕوبەڕویان دەبێتەوە، هەر لەم ڕوانگەیەوە لەكاتێكدا لە هەموو پرۆسەیەكدا ئێمە ڕووبەڕوی كەسایەتی سەركردە و سەركردایەتی كردن دەبینەوە پێویستە بزانین هەموو كەس دەتوانێت ببێتە سەركردەو سەركردایەتی تیم و گروپ و كۆمەڵگە بكات یاخود تەنها كەسانێك هەن دەبن سەركردایەتی و ئەو توانایییان هەیە كە سەركردایەتی بكەن.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو خەسڵەتانە بدەین كە پێویستە لە كەسایەتی سەركردەدا هەبێت كە ئەوانیش خۆیان لەم خەسڵەتانە دەبیننەوە:
یەكەم: پێویستە كەسایەتی سەركردە توانای هەستكردنی هەبێت بە ئەو مەسجەی كە ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی دەكات ، بەومانایەی هەر بابەتێك كە بیەوێت ئاڕاستەی بكات بەر لەهەموو كەس پێویسە خودی سەركردە خۆی باوەڕی بە بابەتەكەی هەبێت.
دووەم: كەسایەتی سەركردە پێویست دەكات كەسایەتیەكی زۆر بەهێز بێت و بتوانێت ڕوبەڕوی سەرجەم ئەو گرفت و كێشانە ببێتەوە كە دوچاری دەبێت.
سێەم: لە پێویستی سێهەمی خەسڵەتەكانی دەبێت كەسایەتی سەركردە كەسێكی دڵسۆز و بە ئەمەك بێت لە كارەكانی و خۆی بەدور بگرێت لەهەر تێوەگلانێكی ناشەرعی لە پڕۆسەی كاركردنیدا.
چوارەم: دەبێت سەركردە كەسێكی لێهاتوو و پێگەیشتوو بێت لە ڕوی فیكری و ئیدارەدانەوە و توانای دەربڕینی ڕاو بۆچونەكانی بە ڕەهایی هەبێت و توانای جیاوازیكردنی بەهێز بێت لە بونی كارو بڕیاری گرنگ و ناگرنگەوە.
پێنجەم: سەركردە دەبێت هێز و توانای كاركرنی هەبێت و كەسێكی لاواز و كەم تەحەمول نەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی.
شەشەم: پێویستە سەركردە متمانە بە خود بێت لە بڕیاردانی هەر بڕیارێكی چارەنوسساز و بڕیاردانی خێرا و بەردەوام لە ئامادەباشیدا بێت بۆ هەر ڕوبەڕوبونەوەیەك كە دێتە بەردەمی لە ئەنجامی بڕیارەكانی.
لەگەڵ هەموو ئەمانەی باسمان كرد پێویست دەكات سەركردە لێهاتوو بێت لە پەیوەندیكردن و موخاتەبەكردنی بەرامبەر و بەهێز بێت لە بەكارهێنانی دەستەواژەو دەربڕینەكانی، هەروەها پێویست دەكاتی هەڵگری توانا ئیدارییەكان بێت كە توانای هەبێت لە دانانی پلان و ڕێكخستن و ئاڕاستەكردن و چاودێریكردن، هەریەكێك لەم خەسڵەتانە لە كەسایەتی سەركردەدا ون بێت بێگومان دەبێتە هۆكاری لەدەستدانی متمانە لە توانای سەركردایەتیكردنی.
لەگەڵ بونی خەسڵەتەكانی سەركردە بێگومان لێهاتوویەكانیش ئاماژەیەكی سەرەكین لە بون و نەبونی تاك بە سەركردە، لێهاتوییەكانیش خۆیان دەبیننەوە لە لێهاتویی هونەر و ئینسانی و فیكری و دروستكرنی بڕیار و بڕیاردان و بڕوابونی بە كاری هاوبەش.
لەبونی خەسڵەت و لێهاتوییەكانی بون بەسەركردە كەسایەتی تاك دەتوانێت هەڵگری ناسنامەی سەركردەو سەركردایەتی كردنی هەبێت، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە، كە كێ دەبێتە ئەو سێبەرەی بەدەوری سەركردەكەوەیە، چونكە وەك لای هەموان ئاشكرایە زۆر جار لەبونی سەركردەی لێهاتودا كەسانێك لەدەوری وەك سێبەر كاردەكەن ، ئەوان دەبنە بڕیاردەری كارەكانی لە دەرەوەی هەست و خواستی كەسایەتی سەركردە، لێرەدا تانەدان و سەرنەكەوتنی سەركردەی ڕاستەقینە لە كارەكانی بەشێكی سەرەكی هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەربازگە نا تەندروستەی كە چواردەوری داوە و بە هەموو شێوەیەك تەحەكوم بە بڕیارەكانی سەركردەكەوە دەكرێت،
لەگەڵ بونی ئەم جۆرە كەسانە لە چواردەوری سەركردە و سیاسەتمەدارەكان بێگومان ئەوەی لە بەرنامەی كاری كەسایەتی سەركردەكەدایە بە ئاڕاستەیەكی جیاواز و پێچەوانەدا تێپەڕدەبێت كە لە ئاست خواستی سەركردەكەدا نیە، هەربۆیە پێویستی بە بەدوادا چونی ورد هەیە لەدەرەوە تیمەكەی خۆی و پێویستە بەدوای كەم و كوڕیەكاندا بگەڕێت تاوەكو جارێكی كە بتوانێت متمانەی جەماوەر و قاعیدەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*