سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌ » وردەكاریی دانیشتنی ئەمڕۆی (پەرلەمان)

وردەكاریی دانیشتنی ئەمڕۆی (پەرلەمان)

ئەمڕۆ 6/11/2018، یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بە تەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێت و تێیدا كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاسایی دەخۆن. «دانیشتنەكەش بە كراوەیی دەهێڵرێتەوە تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەگەنە رێكەوتن».

״دانیشتنەكە بە كراوەیی دەهێڵرێتەوە״
بێگەرد تاڵەبانی كاندیدی سەركەوتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە خولی چوارەمدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەماندا كە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت، كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاسایی دەخۆن و وەكو ئەندامی پەرلەمان دەستبەكاردەبن، وتیشی: ئەوەی تائێستا هەیە هێزە سیاسییەكان لەنێوان خۆیاندا نەگەیشتوونەتە رێكەوتن لەسەر پۆستەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بۆیە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا كە لەلایەن بەتەمەنترین پەرلەمانتارەوە بەڕێوەدەبرێت، هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ناكرێت و دانیشتنەكە بە كراوەیی دەهێڵرێتەوە تا ئەوكاتەی رێكەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا دەكرێت، ئەوكاتە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

״پەند لە رابردوو وەربگرین״
رێڤنگ محەمەد هروری لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەك بە تەمەنترین پەرلەمانتار، سەرۆكایەتیی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەكات بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەست بە خۆشحاڵی دەكەم كە وەك پێشمەرگەیەك سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەم، وتیشی: هیوادارم لەم خولەدا هەموو لایەك بە یەكڕیزیی و پێكەوە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین. «هیواداریشم لە كاتێكی نزیكدا هەموو لایەنەكان بگەنە رێكەوتن و پەند لە رابردوو وەربگرین، بۆ ئەوەی بتوانین لەم قۆناغەدا خزمەتی زیاتری گەلی كوردستان بكەین».

یەكەم دانیشتن چۆن بەڕێوەدەچێت؟
تارق جەوهەر سارمەمی راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وردەكاریی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستانی روونكردەوە و وتی: بەپێی مادەی 46 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراوی پەرلەمان و مادەی 3 لە پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركراو؛ پەرلەمان یەكەم دانیشتن دەكات لە ماوەی 10 رۆژ پاش دەرچوونی مەرسومی هەرێمی بۆ بانگهێشت و كۆبوونەوەی، بەڵام ئەگەر بانگهێشتنەكرا، ئەوا لە یەكەم رۆژی پاش كۆتاییهاتنی ماوەی ناوبراو، كۆدەبێتەوە.

دەقی سوێندخواردنەكە
راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشدا «بەپێی مادەی 47 لە یاسای هەڵبژاردن و بڕگەی یەكەم لەمادەی 11ی پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركراو؛ پەرلەمان یەكەمین دانیشتنی بە سەرۆكایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دەبەستێ و ئەندامەكانی ئەم سوێندەی خوارەوە دەخۆن: (بە خودای گەورە سوێند دەخۆم، كە پارێزگاری لە یەكێتیی گەل و خاكی كوردستان- عیراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی بكەم). هەرچەندە ناوەڕۆكی سوێندەكە لە پەیڕەوی ناوخۆ بە شێوەیەكی تر نووسراوە، بەڵام لە كاتی بوونی جیاوازی لەنێوان دەقی یاسا و پەیڕەوی ناخۆدا، كار بە دەقە یاساییەكان دەكرێ، نەك پەیڕەوی ناوخۆ».
تارق جەوهەر سارمەمی زانیاریی زیاتری لەسەر یەكەم دانیشتن خستەڕوو، «بەپێی مادەی 48 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو، پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنیدا، بە دەنگدانی نهێنی سەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان، بە زۆرینەی موتڵەقی دەنگی ئەندامانی هەڵدەبژێرێ. هەرچەندە لە پەیڕەوی هەمواركراو هاتووە: دەستەی سەرۆكایەتی لە سەرۆك و دوو جێگری یەكەم و دووەم پێكدێ، بەڵام لەبەرئەوەی لە یاساكە هەموارنەكراوە، ئەوا هەروەك جاران سەرۆكایەتییەكە بە ناوی سەرۆك و جێگر و سكرتێر هەڵدەبژێردرێن». هەروەها «بەپێی بڕگەی یەكەمی مادەی 49 لە یاسای هەڵبژاردنی هەمواركراو، پەرلەمان لە دانیشتنی یەكەمدا وادەی دەورەكانی بەستنی دەستنیشان دەكرێت، بە مەرجێ ساڵانە لە دوو دەورە كەمتر نەبێ». راشیگەیاند: بەپێی بڕگەی یەكەم لە مادەی 13 لە پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركراوی ساڵی 2018، لە رۆژی سوێندخواردنی یاساییەوە، كاندیدی هەڵبژێردراو، دەبێتە ئەندام و بە دەستبەكار هەژمار دەكرێت و گشت مافێكی ئەندامێتی دەبێت و هەموو ئەركەكانی ئەندامێتی دەكەوێتە ئەستۆ. لە بڕگەی دووەمیشدا هاتووە: ئەگەر كاندیدی هەڵبژێردراو، بەبێ پاساوی رەوا، لە دانیشتنی یەكەمەوە، بۆ ماوەی 30 رۆژ سوێندخواردنەكە ئەنجامنەدا، مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت.

خولی پێنجەمی پەرلەمان

*رۆژی 30/9/2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو.
*ئێوارەی رۆژی 4/10/2018، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم ئەنجامی 85 %ی هەڵبژاردنەكەی بڵاوكردەوە.
*شەوی 20\21/10/2018، كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی راگەیاند.
*خولی پێنجەمی پەرلەمان 111 كورسییە و ئەنجامەكانیش بەمشێوەیەیە: پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 21 كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ 8 كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی 7 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی 5 كورسی، حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان 1 كورسی، حزبی شیوعیی كوردستان 1 كورسی، هەروەها 11 كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان (توركمان، كلدان سریان ئاشووری، ئەرمەن).
*لەناو سەرجەم سەرۆكی لیست و كاندیدەكانیشدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی 105 ی یەكێتی بە بەدەستهێنانی 182551 دەنگ، پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
*رۆژی 30/10/2018، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی پەسەند كرد.
*رۆژی 4/11/2018، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە بانگهێشتكردنی كاندیدە دەرچووەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان/عیراق، بۆ یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمان لە رۆژی 6/11/2018، كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ.
*بڕیارە ئەمڕۆ 6/11/2018، یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.
*رێژەی دەنگ و ژمارەی كورسی سەرجەم لایەنەكان و ناوی 111 كاندیدە دەرچووەكان و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەی دەنگەكانیان لە ژمارە 7695ی رۆژی 22/10/2018ی كوردستانی نوێ-دا بڵاوكراوەتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حاكم قادر:كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بۆ گەشەپێدان و نوێبوونەوەی یەكێتی

شوان كەریم هەموو پێكەوە بەهەستكردن بەبەرپرسیارێتی مێژوویی، بۆ ئاسوودەبوونی رۆحی ...