سەرەکی » ئابووری » مووچەی شەهیدانی هەرێم دەخرێتە سەر بەغدا

مووچەی شەهیدانی هەرێم دەخرێتە سەر بەغدا

یەکەی ئابووری

یاداشتی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدانی هەرێم بە عیراق بەدەنگەوە هاتنێكی باشی هەبوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە.
شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بە PUKmediaی راگەیاندوە: لە ماوەی رابردوودا وەفدێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق_یان كردووەو یاداشتێكی 9 خاڵیان پێشكەش بە حكومەتی بەغدا كردوە، بۆ ئەوەی مووچە و قەرەبوكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان بخرێتە سەر بوودجەی گشتی عیراق.
وتیشی: حكومەتی هەرێم هەموو زانیاریەكانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانی پێشكەشی بەغدا كردوە.
شیروان میرزا ئەوەشیخستەروو، یاداشتەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەدەنگەوە هاتنێكی باشی هەبووە، دەتوانین بڵێین تەنها هەندێك وردەكاری ماوە، ئێمەش وەك پەرلەمانتاران هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ئەم داوایە رێگری نەیەتە پێش و جێبەجێ بكرێت.
هاوكات ئەدیب لەتیف بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی رایگەیاند: وەڵامدانەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و پەرلەمانی عیراق ئەرێنی بووە، لەگەڵ ئەوەش هەتا ئێستا بە رەسمی هیچ وەڵامێكمان نەدراوەتەوە.

 254 جار بینراوە