سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » بۆ/ فەتانەی خادم فارس

«شیرازنامە»

بۆ/ فەتانەی خادم فارس

پێشەوا کاکەیی

بەشی حەوتەم
ڕۆشناییتان باش…بەوێ شەوە درەنگەی، لێرەکانێ، پاڵم وە پیرە دار بەڕوویەکەوە داوە، کە بە قەد دوو سێ تەمەنی ئێمەیە، لە تەنهاییەوە بۆ تەنیایی، حیکایەتی خۆی دەگێڕێتەوە؛ هەر لە جەحێڵیەتییەوە بۆ چرچ و لۆچی ڕووخساری، باس لە توێکڵی قڵیشاوی قەد و، گەڵای سەوز و ڕەونەقی دەکات و، دەڵێت: پاڵ وە پیریێتیم بدەوە و، تەماشای جەحێڵیێتیم بکە. لە بەرەکەم بڕوانە، حیکایەتی ئەو شەوانەی تێدایە، کە لە نێو گەڵایەکی نیمچە ڕەقدا، مهرەبانییم تێدا هەڵگرتووە. ئەوەندەی تێدەفکردم، نازانم ئەمن نە گۆزەیەکی پڕم، نە بەتاڵم؛ بەڵام بەوێ پیرە دارەدا دیارە، کە ئەمن ئاوهاهەست بکەم، کە ئینگۆ گۆزەیەکی پڕن و، پرسیارگەلێک لە بارەی ئاوی ڕەوانتان تێدا بخوێنمەوە. هەر لەبۆیە، بۆ وەی زۆر بەدووی نەکەوم و، سەرتان نەهێشێنم، کە چ دەبێژم، بەوێ زمانە قسان دەکەم و، دەڵێم: من موشتاقولیقایئەوێ گۆزەیەم؛ چەنکوو، بە تەکبیری من، ئینگۆ دووانەیەکی پڕن.
دوای ئەو ماوەیەی، کە لە بەژنی دارچنار و، بۆنی ڕێحانە و زوڵفی پەرێشانتان بێئاگا بووم، گەر ڕێگەم پێبدەن، ئا لەم نامەیەدا، دیسانەکینێ دەمەوێت بڵێم:«ئەو دەمەتان باش، گۆزەی دڵتان پڕ کەلامی خاس؛ یاڕەب پەیڤی دەمتان هەر چڕ بێت و، ڕۆچنایی بدا، هەتاوەکینێ لەو فەرامۆشییە ڕزگامان بکات، کەلەبۆمان پڕ بووە لە نیشانەی تاس.»چ بێژم، هێند لەمێژە، بێئاگا بە دونیادا تەی دەکەم؛ لێرەم و، کەچی خەریکە سەرلەبەر بە بوون نائاشنا دەبمەوە. چ بڵێم؟ ئەسڵەن دەمەوێت بڵێم: ئێمە لە چ بوونێکداین؟بوون بە جۆرێک وێنای دەکەن، کە بەردەستە و، ڕەنگی پەڕیوە؛ ڕجاکاران پێیان وایە: چیدی ڕجاوەرگر لەگەڵماندا نییە و، مردووە. ئەو دڵتەنگییەی من لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە، کە بۆچی ڕجاوەرگر ڕەنگی پەڕیوە؛ نا، ساڵانێکی دوورودرێژە باس لە ڕەنگ دەکرێت، بێ تێگەیشتن لە گیراوەی ڕەنگ، بێ قووڵبوونەوە لە پێکهاتەی ڕەنگ. دەمەوێت شتێکتان بە بیر بهێنمەوە، کە کارم بەسەر پرسیاری ئەوانەوە نەداوە ئایا خودا لە بووندا ماوە یان نا، یان ئایا ئێمە لە دەرەوەی بوونین. پێم وایە: گرفتەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هەندێک کەس، ڕجاوەرگر دەخنە ئەو دیوی شوێن و، دەبێژن: نابێت لە هەموو شوێنێک بێت؛ بەڵام ڕجاکاران هەر خۆشیان دەیهێننەوە گشت شوێن. ئا ئیشکالییەتی من لەو تێگەیشتنە بوون و نەبوونەی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە خۆیان پێ ساغ نابێتەوە، ئایا لە بووندان و ڕجاوەرگر لە بووندا نییە، یان ڕجاوەگر لە بووندایە و، خۆیان لە بوونێکی شپرزەی ناشوێندان!.
کچی سەید زادەی ڕۆحبەر…چیت لێوەشێرم، پێم وابێ: ئێ بڕەک لەوێ عالەمەی، کە لە بارەی بوونی بان مرۆڤەوە دەدووێن، زۆر بە هۆش و گۆش نینە، ئێ هەشە خۆی دەگنیخێنێ؛ کە دەڵێم: گەر سەمەتت نییە، بۆ خودا مەگەڕێ، تەماشای دڵت بکە، ئەوێ شوێنێکە، دەشێ لەوێندەرێ بیدۆزیتەوە. خۆ گەر نەتدۆزییەوە، بڕۆ خەریکی حیکایەتی خۆتبە، شەو و ڕۆژ سەرقاڵی کاری خۆتبە؛ گەر ڕجاوەرگر لێرە نییە، تۆ چیت بەوێ بەزمەی داوە، کە ڕجاوەرگر لای تۆ نییە و نەشبووە، بهێڵە ئەمن بڵێم: ئەی ڕجاوەرگر، وا لێرەکانێم، ئا لەوێقەلەندەراوایەی تۆم. جا ناچمە سەر بابەتی شوێن، چوونکی پێشووتر دەربارەی دوواوم؛ ئەمن ئەوشۆ، بە عاستەم خەوم دێ، لێ بە گژیدا دێمەوە، لەبۆ وەی ئەوێ کەڕەتەش، بتوانم شتێکت بۆ بنووسم.ئەوجارەکینێ،با قیچۆکەک لەمەڕ تۆڕەڤانێکەوە بدووێم، هیچ نەبێت، لە خاڵ و بۆر ڕامێنم و، کەمێ عیشق باس بکەم. جا فەتانە، ئەنجەلەکینێ نازانم چ لەو خاڵ و بۆرە شین دەبێتەوە، جارێ ئەسپاردەی خودا بن.
پێشباس:-
جا ئەو بزانە: ئەوێ دونیایە، وەکیجاران نییە،کچی سەید زادەی ڕۆحبەر؛ چەندی تێدەفکرم، دەیهێنم و دەیبەم، وە بیرم نایەتەوە، کە بەمنداڵیم چۆن لە خاڵ و بۆر ڕامابم. وەی لەبەرت هەڵوەرێم، ئەوێ دوو سێ شەوانە، لەمەڕ «سیبەوەی/ سیبەوەیهی»یەوە دەدووێم، جا ئەو «ئەبوو بشیر عەمری کوڕی عوسمان کوڕی قەنبەری حارسی»یە، کە ناسراوە بە: سیبەوەی، ئەو، کە دەوێ ماوەیەدا ژیاوە، (( ١٤٠هـ – ١٨٠هـ / ٧٦٠ز – ٧٩٦ز.))ئەوێ کەسەی کە بۆ هەوەڵین جار، دەستووری زوبانی عەرەبی ئاسان کرد و، شیتەڵی کرد؛ کەچی شیتەڵی خاڵ و بۆری من و تۆی نەکرد، خودا لێم بە کوفر وەرنەگریت، من لەبۆ فەتانەی باس دەکەم. خۆ من هەر موشتاقولیقای تۆم، دەوێ ژیانەدا؛ لێ، جاروبارێ سەردەکێشم و، لەبۆ فەتانەی خادم فارس، بەڵێ لەبۆ فەتانەی شیرازێ، ئەوێ جوداکارییەش باس دەکەم.
فەتانە، جا بە کورتی سەرنجتان بۆ بەیتێکی «ڕاقی»ڕادەکێشم، تاکوو بزانن خاڵ لە کوێدا ئیعرابی خۆی دەکات؛ کە دەبێژێت:
«سیبەوەیی خامەی کوول بوو، کە خاڵ باس ناکرێت
پرسی وا تەعبیری حاشابێت بە جن، ناس ناکرێت.»>١>
جا لە خۆڕا نییە خودایە،کە دەڵێم: سیبەوەیی، نەیتوانی ئیعرابی خاڵ بکات، چوونکوو خامە لەوێ دەمەدا، دەمی کوول بوو، لە ڕستەدا پشتی چەمایەوە، لەبۆ وەی کارێکی وەهاشی نەیەتە بەردەم کە خاڵ لە نێو ڕستەدا قیت بێتەوە و بێتە پرسیارێکی حاڵ. دەشبێتن: مرۆڤ و جنیش،وەڵامـیپرسیارێکی وەها سەختی پێ نەدرێتەوە و، وەکوو خوازیەکبۆ خاڵی ڕووی یار بگەڕێنێتەوە؛ دەنا چ بکات دە نێو ڕستەیەکی بێ گیان و هیچی ناو ڕستە و ڕێزمان. ئێ، دەبێژم خودایە، تۆ هەڵەت نەکردووە و، ئەویش نەیتوانیوە بناغەکە تەواو دابڕژێت.
بە هەر حاڵ، ئینگۆ دەزانن مرۆڤ چ ئارەزوویەکی سەیری هەیە؛ گاهێ لە ئەستێرە ڕادەمێنێت و، دەزانێت کە گەردوون: خاڵێک و، ملیۆنان بۆری درەوشاوە دەخۆیدا هەڵدەگرێت.جەلێکی، وەکوو ڕاوچی، موشتاقی خۆی دەبێت. کەڕەتی وا هەیە، دەبێتە سەپان و باغەوان؛ جاروەجارێش خۆی لێ دەبێتە شالیار، خۆی بە کەس ناچووێنێت. ئەوێ سیبەوەییە، وەکوو تۆڕەڤانێک لەمەڕ زمانی عەرەبییەوە دوواوە؛ دوای چەندین قەڕن، فارسێکم نەدی جوێنێکی پێبدات، بڵێت: بە ملی شکاوت ئەدی چ دەبوو بناغەیەکی باشت لەبۆ زمانی فارسییت دانابا. من نامەوێت بڵێم: سیبەوەی لە کوێ لەدایک بوو؟ نامەوێت بڵێم: کە لە «بەیزا» لەدایک بووە، ئەدی خودی بەیزا، سەر بە کوێ بووە و، خەڵکی ئەوێ بە چزمانێک ئاخافتیان کردووە.پێشووتر نێوی بەیزا چ بووە و، چۆن گۆڕدراوە؛ نا، نامەوێت بچمە سەر بابەتی کورد و لووڕ و لەکیی وفارس، لە بارەی مرۆڤەوە دەدووێین، پەیوەند بە شوێن و ئەوین، نەک خودی شوێن و زمان و نەتەوە و ئایین و شووناس.
شەوانێک، دڵ وەکوو فەتحە و کەسرە، بەدیار تۆوە:-
وەختێک ئینگۆ فەتحە بن، وەکوو ساقییەکی بێچارە، هێواش هێواش، دێم و دەچم، بۆ وەی موشتاقولیقای فەتحە بم، تا بەوێ کارە پێشوودرێژەم بڵێم: نۆشینی عیشق، یان لە فەتحەدا دەمهێڵێتەوە و، وەکی وشەیەکی هەڵواسراو دەمێنمەوە؛ یان کە پێکێ لەوێ فەتحەیە نەدەم، وەک گەدایەک دەکەومە سەر ئەژنۆ، وەک کەسرەیەک دەمێنمەوە، هەتا بنەپێیەکانم دەقڵیشێن و، وەک هەنارێکی قڵیشاو، شەڕابی ئەوینم لێ بچۆڕێتەوە.
کچی سەید زادەی ڕۆحبەر… تامی ئەوین، لە فەتحە و کەسرەدا، وەکوو سێو و هەنار وایە؛ بۆیە گەر لێم تێبگەن، لە ڕووتاندا ئاوها دەبێژم:
جا سیبەوەییش، خۆی هەر بۆنی سێوە، باشتر لە فەتحە دەگا.
منیش کە بوومەتە کەسرە، خاڵ و بۆری تۆیە، وا لە من دەکا.

ئێ وەختێک، کە لە تەنهاییەوە هاتمەوە نێو تەنیایی، لەتۆ وایە چ دەڵێم؟
بە زمانێکی سادە و ڕەوان و بێ گرێوگۆڵ، دەڵێم: جگە لە چاوی پیسی مرۆڤ نەبێت، کە شەهوەتی بڕژێ، بە ڕووتی نوێژ دەکەم؛ بەڵکوو خودا، لە پۆشاکی ناشیرینم خۆش بێ.جا بۆ وەی نەبمە مایەی سەرهێشەی ئینگۆ، عیشق: لە حاڵی سێودا، دەبێت خۆی بخواتەوە، لەبۆ وەی لە پیریێتی بنۆشێ؛ وەختێک بچێتە حاڵی هەنارەوە، وەک گەدایەکی سەرلێشواو، بنەپێیەکانی دەقڵیشێ و، هێواش هێواش دڵۆپە خوێنی لێ دەتکێ!. عیشق، لە پێگەیشتندا: دەبێت خۆی بخواتەوە، وەک سێوێک لە گومان خۆی بڕەوێنێتەوە؛نەک دوای پێگەیشتن، توێکڵی قڵیشاوی سووریی هەنار، بە ڕووی یاردا بداتەوە!. فەتانە، لە نامەی دادێت، هەم لە بارەی عیشقی زەمینیی و ئاسمانیی بۆت دەدووێم، هەمیش لەبارەی شاعیرێک، عاریفێک، عەلامەیەک یان هەر ڕۆحانییەکی دی بێت، لێوەی دەدووێم؛ کە وەختی هات پێتان دەڵێم.تا جەلێکی دیی دێمەوە خزمەتتان، هەر ڕۆشن وگەشاوە بن، دە حیفزی خودادا بن.

print

 17 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*