سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » شه‌ڕ .. دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی ژنان و منداڵانی كورد

شه‌ڕ .. دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی ژنان و منداڵانی كورد

ئا: ئاشتی‌ عه‌بدوڵڵا
ناحیه‌ی زنانه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری قه‌زای دووزخورماتوو و رۆژئاوای قه‌زای كفری.
ژنۆرناڵ له‌سه‌ردانێكیدا بۆ زنانه‌ ئه‌و میوانانه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌، كه‌ له‌ترسی ژیانیان دووزیان جێهێشتووه‌و ئێستا به‌شێكیان له‌ مه‌كته‌بی‌ ئاوه‌ سپی‌ و مزگه‌وتێكدا له‌ زنانه‌دا نیشته‌جێن.
له‌تاریكی‌ شه‌ودا به‌ڕێكه‌وتن
ئه‌سرا ئه‌و كچه‌ی كه‌ له‌خه‌می هاوڕێكه‌یدا به‌سیمایه‌كی شڵه‌ژاوو ده‌نگێكی پڕحوزنه‌وه‌ باسی جێهێشتنی ماڵه‌كه‌یانی ئه‌كرد، ئه‌سرا هه‌واڵی‌ مه‌رگی‌ كچه‌ هاوڕێكه‌ی‌ و دایك وباوكی‌ تاساندبووی‌ ئه‌و وتی:  فریای هیچ نه‌كه‌وتین و له‌تاریكی شه‌ودا به‌ڕێكه‌وتین و به‌جله‌كانی به‌رمانه‌وه‌ شارمان جێهێشت.
ئه‌سرا وتی‌: ئێستا ئێمه‌ هه‌ر له‌خه‌می‌ نان و جلوبه‌رگدا نین، ئازاری‌ ئێمه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ به‌تایبه‌ت ئیمه‌ی‌ كچان و ژنان، ئه‌م ده‌ربه‌ده‌رییه‌ی‌ ئێمه‌، زۆر جاریتر دووباره‌ بۆته‌وه‌ چه‌ندین جاریتر شه‌وان هه‌ر گرژیه‌ك روویدا بێت ماڵمان جێهێشتووه‌. ئه‌سرا به‌رده‌وام بوو له‌قسه‌كردن و وتی‌: هاوڕێكه‌م زۆر حه‌زی‌ له‌ژیان بوو دوای‌ ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌ بێ‌ ده‌نگ بوو، هه‌م خه‌م و هه‌م ترس رێگه‌ی‌ نه‌دا ته‌واوی‌ چیرۆكه‌كه‌م بۆ بگێڕێته‌وه‌.
پێشتریش چه‌ندین شه‌و رامانكردووه‌، له‌كارگه‌یه‌كدا رۆژمان كردۆته‌وه‌
ژیان كچێكی تری خه‌ڵكی دووزخورماتووه‌، كه‌ئێستا میوانه‌ له‌زنانه‌، چیرۆكی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ بۆ گێڕاینه‌وه‌:
 له‌زانكۆ خوێندن ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌، ئه‌میش له‌خه‌می خوێندنه‌كه‌ی بوو، له‌خه‌می بێ رێوشوێنی و خۆی خێزانه‌كه‌ی بوو له‌خه‌می ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌یه‌، كه‌ له‌كورد ده‌كرێ، له‌گه‌ڵ قسه‌كردندا ده‌گریاو فرمێسكه‌كانی دڵی زۆر توند كردم، وتی: پێشتریش چه‌ندین شه‌و له‌كاتی هه‌ر گرژیه‌كدا رامانكردوه‌ و له‌كارگه‌یه‌ك رۆژمان كردۆته‌وه‌، دایك و باوكی ده‌ڵێن ئێمه‌ خاوه‌ن چه‌ند كچێكین زه‌حمه‌ته‌ بێ خه‌م و به‌ئارامی له‌ناو ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزیه‌ بمێنینه‌وه‌.
به‌شی ئێمه‌ هه‌ر مه‌ینه‌تیه‌
نه‌سرین كه‌ ژنێكی تر بوو دڵ پڕ خه‌م  ئه‌و به‌گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت: كوڕی‌ خاڵم به‌برینداری‌ بێ‌ سه‌روشوێنه‌و هیچ هه‌واڵێكی‌ نازانین، ئێمه‌ی‌ كورده‌كانی‌ دووز ئیسراحه‌تمان نه‌كردووه‌، ماڵمان وێران ده‌كه‌ن و ده‌ربه‌ده‌رمان ده‌كه‌ن، هه‌مانه‌ چه‌ندین جار ماڵی‌ بیناكرد و جێیهێشت و ئێمه‌ی كورد هه‌ر به‌شمان مه‌ینه‌تیه‌، ئیستاش له‌م مزگه‌وته‌دا ئه‌م هه‌موو خێزانه‌ ئاوا به‌كوله‌مه‌رگی‌ ده‌ژین و هیچ پێویستیه‌كمان له‌گه‌ڵ خۆمان نه‌هێنا، چاوه‌ڕێی‌ هاوكاریین پێمان بگات، به‌ڵام زۆرجار پێویستیه‌كانمان پڕناكرێته‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ ته‌نها خواردنمان پێویست نییه‌، ئیوه‌ ده‌زانن كه‌ ژنان چه‌ندین پێداویستی‌ تری‌ هه‌یه‌، مناڵكانمان پێویستیان به‌ده‌رمانه‌و نه‌خۆشن و له‌وه‌رزی‌ پایزداین، ئێمه‌ لێمان قه‌وماوه‌ ئیستا پێویستمان به‌هاوكارییه‌ تا هیچ نه‌بێت ئه‌م ئازاره‌مان كه‌م بێته‌وه‌.
منداڵه‌كان نه‌خۆش كه‌وتوون
له‌یلا دایكی‌ چوار كچ و دووكووڕ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌خێزانیتر له‌ناو مه‌كته‌بێكی‌ ساردو سڕدان، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌مناڵ‌ له‌و هۆڵه‌دا به‌بێ‌ پێداویستیه‌كانی‌ رۆژانه‌ دێن و ده‌چن، ئه‌وه‌ی‌ به‌دیكرا زۆربه‌یان به‌هۆی‌ گۆڕینی‌ كه‌شوهه‌واوه‌ نه‌خۆش بوون و پێداویستی‌ پزیشكیشیان نه‌بوو، له‌ ژوورێكی‌ چوڵدا كه‌ته‌نها چه‌ند به‌تانییه‌كی‌ لێ بوو پیره‌مێردێكی‌ كه‌فته‌كار له‌جێدا بوو هێنده‌ دیمه‌نێكه‌ خه‌مناك بوو، نه‌متوانی‌ زۆرتر بمێنمه‌وه‌، هه‌موو ژنه‌كان داوایان ئه‌وه‌بوو كاتێك هاوكاریان بۆ ده‌چێت ره‌چاوی‌ ئه‌و پێویستیانه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌مان هه‌یانه‌، له‌یلا وتی‌: ئێمه‌ هیچ جل و به‌رگێكمان پێنییه‌ ، زۆربه‌ی‌ ئه‌و جلانه‌شی‌ بۆمان دێت ناشێت ئێمه‌ لێره‌ له‌به‌ری‌ بكه‌ین. زۆری‌ پێداویستیان به‌جلێكی‌ شیاو به‌وان داوایكرد، كه‌ مه‌كینه‌یه‌كی‌ دروومانیان پێبگات خۆیان ئه‌و جلانه‌ی‌ پێیان ده‌گات چاكی‌ بكه‌ن تا سوودی‌ لێببینن بۆ خۆیان و مناڵه‌كانیشیان، یه‌كێكیتر له‌داوای‌ هه‌موو ژنه‌كان پێویستی‌ زۆریان بوو به‌جلوبه‌رگی‌ تایبه‌ت به‌ژنان، كه‌ تائێستا پێیان نه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ژنان له‌پێداویستیه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانه‌.
كۆتایی
له‌زنانه‌و له‌نێو ئه‌و خێزانانه‌دا ئه‌و غه‌دره‌م به‌دی كرد كه‌ به‌درێژایی‌ مێژوو له‌كورد ئه‌كرێت، داگیركه‌رانی‌ ئه‌م خاكه‌ ئه‌نفال و جینۆساید و كیمیاباران و ئێستاش دووباره‌ داگیركردنی‌ خاك و ئاواره‌بوونی‌ هه‌زاره‌ها خێزان دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك هه‌میشه‌ش ژنان و مناڵان قوربانی‌ یه‌كه‌م بوون. هه‌میشه‌و له‌هه‌موو شوێنیكی‌ ئه‌م جیهانه‌ كاتیك شه‌ڕ رووده‌دات و مافی‌ مرۆڤ پێشیل ده‌كرێت پێش هه‌مووان شه‌ڕ ده‌بێته‌ دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی ژنان و منداڵان، ئه‌مه‌ بۆ كورد چه‌ندین جار دووباره‌بۆته‌وه‌ ئه‌م دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌ به‌رۆكی‌ ژنان و منداڵانی‌ كوردی‌ پێش هه‌مووان گرتووه‌.

 63 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*