سەرەکی » ئەدەب و هونەر » له ‌ساڵیادی‌ سایتی‌ گه‌لاوێژ دا

له ‌ساڵیادی‌ سایتی‌ گه‌لاوێژ دا

پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم
گه‌لاوێژ ساڵح فه‌تاح،هه‌ڵگری نازناوی گه‌لاوێژ،به‌ده‌ر له‌چه‌مكه‌ سیاسییه‌كان وبه‌ستنه‌وه‌ی به‌بیرێكی سیاسی دیاریكراو،نووسه‌رێكی هاوچه‌رخی هه‌ڵكه‌وتووی ئه‌ده‌بیاتی كوردییه‌،به‌ڵكو به‌یه‌كێك له‌پێشه‌نگه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی ژنان ئه‌ژمار ده‌كرێت.ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی فه‌زای ئه‌ده‌بیاتی كوردی بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ كۆنترۆڵكرابوو به‌ئه‌ده‌بیاتی پیاوان.بێگومان ئه‌مه‌ هۆكاری سۆسیۆڵۆژی وڕۆشنبیری خۆی هه‌یه‌ كه‌وایكردبوو ڕۆڵی ژنان له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا لاواز بێت.گه‌لاوێژ،له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌به‌ژماره‌ نزیكه‌ی بیست وحه‌وت به‌رهه‌مه‌ وسه‌رجه‌میشیان خۆی له‌بواری چیرۆك ونۆڤڵ ونۆڤلێت وڕۆمان وگێڕانه‌وه‌ بیره‌وه‌رییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌،توانیوێتی بابه‌ته‌ سه‌رده‌مییه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌رجه‌سته‌ بكات به‌تایبه‌تی له‌ڕوانگه‌ی فیكر وسیاسه‌ت وسۆسیۆڵۆژیاوه‌.ئه‌م ناوه‌ڕۆكانه‌، كه‌ته‌واو په‌یڕه‌وی ته‌كنیك وهونه‌ری نووسینی گێڕانه‌وه‌گه‌ری جیهانی كردووه‌،ته‌نها ئاماژه‌یه‌كی خێرا وسه‌رپێی نین به‌ڵكو له‌گه‌ڵ وورده‌كارییه‌كانیدا هه‌وڵی داوه‌ بچێته‌ نێو كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێوراوه‌كان كه‌بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر گیریان خواردبوو یان قه‌تیس مابوون.له‌هه‌مان كاتیشدا وبه‌پێی ڕێبازه‌ فیكری وفه‌لسه‌فییه‌كان به‌تایبه‌تی ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕیالێزم هه‌وڵی داوه‌ چاره‌سه‌ره‌ گونجاوه‌كان بۆ ئه‌و كێشانه‌ بدۆزێته‌وه‌.لێره‌دا گه‌لاوێژ زۆر ڕاشكاوانه‌ وبوێرانه‌ ده‌ستنیشانی خاڵه‌ لاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا وفیكری سیاسی وسۆسیۆڵۆژیا ده‌كات.وه‌ك سیاسه‌تمه‌دارێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕوك وبابه‌ته‌كان ناكات به‌ڵكو وه‌ك خودێكی بزێوی به‌ئه‌زموون وڕۆشنبیر ده‌ڕوانێته‌ مه‌سه‌له‌ وكێشه‌ وبابه‌ته‌كان.له‌پێناو گواستنه‌وه‌ی په‌یام ونامه‌كه‌یه‌وه‌،شێوازی ده‌ربڕینه‌كانی زۆر ڕاسته‌وخۆیانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.ئه‌م شێوازه‌ زۆر كارئاسانی له‌سه‌ر تێكڕای خه‌ڵكی دروست ده‌كات.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ شێوازی نووسینی دورده‌كه‌وێته‌ له‌ته‌م ومژی چونكه‌ ئه‌م شێوازه‌ كه‌زیاتر ده‌چێته‌ نێو ڕێبازه‌ سیمبۆڵیزمی وسوریاڵیزمییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و خزمه‌ته‌ فیكری وسیاسی وسۆسیۆڵۆژیانه‌ به‌ناوه‌ڕۆكه‌كانی به‌رهه‌مه‌كانی نه‌ده‌كرد به‌ڵكو ستراتیژییه‌تی نووسینی گه‌لاوێژ ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌یاری به‌ووشه‌ وچه‌مكه‌ ڕه‌وانبێژییه‌كان بكات.له‌بری ئه‌مانه‌،شێوازێكی ئاسان وده‌ربڕینێكی ساده‌ وزمانێكی پاراوی به‌كارهێناوه‌ كه‌هیچ بۆشاییه‌ك دروست ناكات له‌گه‌ڵ  تێكڕای خه‌ڵكی.كارێكته‌ر وكه‌سێتیه‌كانی نێو چیرۆك وڕۆمانه‌كانی له‌چینه‌ جیاوازه‌كانه‌ به‌تایبه‌تی ده‌ركه‌وتنی چینی هه‌ژار وچه‌وساوه‌.دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ست به‌كارهاتووه‌ به‌تایبه‌تی ده‌ركه‌وتنی چه‌مكی چینایه‌تی وململانێی ئه‌م جۆره‌ چینه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن هێز وده‌سه‌ڵاته‌ ئۆرۆستكراته‌كان.یان به‌به‌مه‌ستی زاڵبوونی ئه‌م چینی كرێكار وچه‌وساوانه‌ به‌سه‌ر زوڵم وسته‌می خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كاندا.ئه‌مه‌ گرێیه‌كی سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه‌كانی گه‌لاوێژه‌ ئه‌مڕۆكه‌شی له‌گه‌ڵدا بێت.ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سستمی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ پشتگیری له‌چینه‌ باڵاكان ده‌كرد ئه‌ویش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆیاندا.به‌ڵام گه‌لاوێژ ده‌مامكی هێزی ده‌سه‌ڵاتی داماڵی ودیواره‌ كۆنكریتی وسه‌خته‌كانی هێزی ده‌سه‌ڵاتی تێكشاند.به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌مه‌ چیرۆكی «كاره‌كه‌ر» و»بووكی ئاته‌خان»و ڕۆمانی»دایك وكوڕ»ه‌.گه‌لاوێژ گه‌رچی كاریگه‌ری مامۆستا برایم ئه‌حمه‌دی له‌سه‌ره‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وهه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵی داوه‌ خۆی بۆخۆی كه‌سێتییه‌كی ئه‌ده‌بی مسۆگه‌ر بكات.بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌،وه‌ك هه‌ر نووسه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو وڕۆشنبیر،په‌یوه‌ندی به‌جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كردووه‌ وخوێندنه‌وه‌كانی بۆ تۆفیق ئه‌لحه‌كیم ومه‌كسیم گۆرگی دواتر بوون به‌كاریگه‌رییه‌ شێوازی وده‌ربڕینی وناوه‌ڕۆكییه‌كان.كاریگه‌ریش له‌ڕوانگه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راووردكارییه‌وه‌ كردارێكی گونجاوه‌ وسه‌رجه‌م نووسه‌ران وشاعیران بێبه‌ش نه‌بوون له‌كاریگه‌رییه‌كان.به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌ر ئه‌ده‌بێك یان نووسه‌رێك نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌به‌كه‌ی خۆی ئه‌وا بێگومان ئه‌و ئه‌ده‌ب ونووسه‌ره‌ به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ ده‌چێت وبه‌مه‌ش داهێنانه‌كان دروست نابن.گه‌لاوێژ زۆر به‌ووریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی ده‌ره‌وه‌ی جیهانی كردووه‌ وله‌وڕێژه‌یه‌ی كه‌ئه‌ده‌بی به‌راووردكاری ده‌ستنیشانی كردووه‌ لای نه‌داوه‌.ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌خاوه‌ن ده‌نگ وكه‌سێتی نووسینی خۆی بێت وجودابێته‌وه‌ له‌نووسه‌رانی تر.یان وێنه‌یه‌كی دووباره‌ نه‌بێت بۆ ئه‌وانی تر.له‌نووسین وبه‌رهه‌مه‌كانیدا ته‌واو داده‌ماڵرێت له‌بیرێكی سیاسی دیاریكراو.به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه‌مه‌به‌ستی بێت ده‌ستخستنه‌ سه‌ر ئێش وئازار وكێشه‌ ومه‌سه‌له‌كانه‌ كه‌په‌یوه‌ندی به‌گوتاری خاك ونیشتمان ونه‌ته‌وه‌وه‌ هه‌یه‌.به‌ئاڕاسته‌یه‌كی جیاوازتر ،بیرۆكه‌ی كاركردنی كوردانه‌یه‌ به‌بێ ئایدیایه‌كی دیاریكراو.دیاره‌ گه‌لاوێژ ئه‌و هه‌سته‌ی لادروست بووه‌ كه‌نووسه‌ری په‌یوه‌ست هه‌ندێك جار گرفتی فیكری بۆ دروست ده‌بێت ووه‌ك پێویستییه‌كی بابه‌تیانه‌ ناتوانێت نامه‌كانی بگه‌یه‌نێت یان ناتوانێت له‌ژێر گوشاری ئایدیادا به‌رهه‌مه‌كانی بنووسێت.لێره‌دا گه‌لاوێژ چه‌مكی ئازادیبوون ده‌كاته‌ به‌ردی بناغه‌ی ده‌ربڕینه‌ بابه‌تییه‌كانی كه‌ئه‌مه‌ بێگومان هێز وقه‌باره‌ی كه‌سێتی وداهێنانه‌كانی قورستر وجوانتر ده‌كات.لێكۆڵینه‌وه‌ له‌به‌رهه‌مه‌كانی گه‌لاوێژ،له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گران وئه‌كادیمیانه‌وه‌، پێویستییه‌كی هونه‌ری و ڕۆشنبیری وئه‌ده‌بی وفیكرییه‌.ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی وێب سایتی گه‌لاوێژیش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی تێكڕای ڕوشنبیران وئه‌م ڕه‌خنه‌گر وئه‌كادیمیانه‌وه‌.

 350 جار بینراوە