راپۆرتی،كەناڵی گەلی كوردستان
رەنگە بێ وەفاییو بێ ئەمەكی، تەنها لە شیعرێكی رۆمانسی یان لە نامەی دوو عاشقدا وەزیفەیەكی راستەقینەو جددیانەی هەبێت، بەڵام ئەگەر سەیری هەڵوێستو كردارو گوفتارەكانی گۆڕان بكەین بەرامبەر بە یەكێتیو دەنگدەرەكانیان، ئەوا رەنگە بەكارهێنانی ئەو دوو وشەیە زۆر كەم بێت لە بەرامبەر ئەجری گۆڕاندا بۆ ئەوەی یەكێتیو دەنگدەرەكانی گۆڕان بۆی كردوونو لێی قبوڵ كردوون.
سەروەختی رووداوەكانی 17ی شوبات، كە گۆڕانو بە وتەی خۆیان تۆپخانەكەی، هانی كۆمەڵێك گەنجی دا تا خۆپیشاندان بكەنو دواتریش بەگێرەشێوێن وەسفیكردن، ئەوە یەكێتیو سەركردەكانی یەكێتیو ئیدارەی ئەم زۆنە بوو، رێگربوو لەوەی هێرش بكرێتە سەر ئەو گردەی داگیریان كرد، هەر یەكێتیش بوو كاتێك (یوسف محەمەد) لە هەولێر دەركرا، لەسەری هاتە دەنگو پشتیوانیی لێكرد، كەچی وەفای (یوسف محەمەد) بۆ یەكێتی ئەوەبوو لە درەنگانێكی شەوداو لەسەر داوای پارتی، بەفڕۆكەیەكی تایبەت كە پارتی بۆی دابین كردبوون، لەگەڵ 4 پەرلەمانتاری گۆڕاندا بە پەلەپروسكێ خۆیان گەیاندە بەغدا، تا فریای ئەوە بكەون دەنگ بدەن بەكاندیدەكەی پارتی بۆ سەرۆك كۆماری عیراق، ئەرێ بەڕاست وەزیرە دەركراوەكانی گۆڕان، سوپاسی جێگری سەرۆكی حكومەتو وەزیرەكانی یەكێتی-یان كرد كاتێك ئامادەنەبوون هیچ پۆستێكی گۆڕان وەربگرنەوەو بە(خیانەتو بێ ئەمەكی)یان دانا؟ ئەی كاتێك بازگەكانی پارتی رێگریو سووكایەتییان بە پەرلەمانتارەكانی گۆڕان دەكرد، هەر پەرلەمانتارەكانی یەكێتی نەبوون لە ئۆتۆمبێلەكانی خۆیاندا هەڵیان دەگرتنو بەرگرییان لێ دەكردنو هاتوچۆیان پێ دەكردن؟ یوسف محەمەد كاتێك بەناوی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمەوە پەرلەمانی رادەستی پارتی كرد، كێ پارێزگاری لێكرد ئەو رۆژەی چووە پەرلەمانو تا گەڕایەوە بۆ سلێمانی، هەر هێزی یەكێتی نەبوو؟
رەنگە چاكەی یەكێتی بەرامبەر بە گۆڕان، هیچ نەبێت لە بەرامبەر وەفای دەنگدەرەكانیان بۆ ئەو بزووتنەوەیە، ئەوەتا دەبینین پۆل پۆل كەسی دیارو هەڵسوڕاوی باڵای ئەو بزووتنەوەیە هەڵدەوەرنو پەشیمانن لەوەی قوربانییان بۆ گۆڕان داوە، چونكە وەك ئەوان دەیڵێن هەر لە بنەڕەتەوە شتێك نەبووە بەناوی گۆڕان بۆ ئیرادەی گۆڕانكاری، بەڵكو تەنها یارییەكی نوێ بوو بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵكو بەكارهێنانی خەڵكی هەژار بۆ گەیشتنیان بەدەسەڵاتو وەرگرتنی ئیمتیازات.
ئەگەر وانییە، بۆچی حاسیبەكەیان لەكاركەوتووەو نایەت دینارو فلسو سەنتی داهاتی نەوتو داهاتی ناوخۆییو پارەی هەناردەكراوی بەغدا كۆبكاتەوەو زەڕبو تەقسیمی بكات؟
213 جار بینراوە