سەرەکی » ئاراستە » هێزی‌ بڕیاری‌ عیراقی‌ سه‌ربه‌خۆ

هێزی‌ بڕیاری‌ عیراقی‌ سه‌ربه‌خۆ

یونس العراف

له‌ هه‌موو وڵاتێكدا سه‌رچاوه‌ی‌ هێز بۆ بڕیاری‌ حكومه‌ت له‌ كانیاوی‌ هێزی‌ ویستی‌ گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت، چونكه‌ له‌ هه‌موو ویسته‌كانی‌ دیكه‌ به‌هێزتره‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ چوارچێوه‌ی‌ گشتی‌ هێزی‌ وڵاته‌، ئه‌و هێزه‌ش كه‌ له‌ ویستی‌ گه‌له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، به‌ روونی‌ له‌ هه‌ڵكشانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ ناڕه‌زاییه‌كانی‌ گه‌لی‌ عیراقدا ره‌نگی‌ دایه‌وه‌ كه‌ دژی‌ بوون‌و مانه‌وه‌ی‌ هێزی‌ بیانی‌ له‌سه‌ر خاكی‌ عیراق ده‌ری بڕی‌، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رنج بوو لێدوانه‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق بوو كه‌ وتی‌: بڕیاری‌ عیراق بڕیارێكی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌‌و ناكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی‌و هه‌ژموونی‌ هیچ لایه‌نێكه‌وه‌. ئه‌و لێدوانه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ هێزی بڕیارێكی‌ سه‌ربه‌خۆ بوو كه‌ شایسته‌ به‌ شكۆ‌و سه‌روه‌ریی عیراق بێت له‌سه‌ر خاكی‌ خۆی‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ له‌م رۆژگاره‌دا عیراق بۆته‌ جه‌مسه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ جه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆردا.
هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق له‌ سه‌ر زاری‌ سه‌رۆك وه‌زیره‌كه‌یه‌وه‌ بۆ بوونی‌ هه‌ر بنكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ بیانی‌ له‌سه‌ر خاكی‌ عیراق بۆچوونی‌ سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی‌ عیراقه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هێزێكی سه‌ربازی‌ بیانیش هه‌بێت، وه‌ك له‌ بڕیار‌و كۆنگره‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر له‌ چه‌ندان وڵاتی‌ جیهاندا به‌ستراون، بوونی‌ ئه‌و هێزه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ جه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆره‌وه‌‌و ئامانج لێی‌ مه‌شق پێكردن‌و راهێنان‌و یارمه‌تیدانی‌ هێزه‌كانی‌ عیراقه‌ كه‌ پێویستیان پێیه‌تی‌‌و ده‌بێ به‌ زووترین كاتیش ئه‌و مه‌شق‌و راهێنان‌و یارمه‌تیدانه‌ كۆتایی پێ بێت، چونكه‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ عیراق ئێستا توانای‌ شه‌ڕ‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان هه‌یه‌‌و لێهاتوویی ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ئاسایش له‌سه‌رتاسه‌ری‌ عیراقدا جێگیر بكات.
ره‌خنه‌گران له‌ بوونی‌ هێزی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكی‌ عیراق ده‌ڵێن: ئه‌مریكا له‌ ده‌رگای‌ (به‌ره‌نگاری)یه‌وه‌ له‌ عیراق چووه‌ ده‌ره‌وه‌‌و له‌ په‌نجه‌ره‌ی‌ داعشه‌وه‌ هاته‌وه‌ ژووره‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو له‌ مانگی‌ ئایاری‌ 2018دا دانا وایت وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا واته‌ پنتاگۆن رایگه‌یاند، نزیكه‌ی‌ پێنج هه‌زار سه‌ربازی‌ ئه‌مریكا له‌ سوریا‌و عیراقن، خاتو دانا وایت خۆی‌ وتی‌ نزیكه‌ی‌ پێنج هه‌زار‌و ژماره‌كه‌ی‌ به‌ وردی‌ نه‌وت، به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی‌ ناڕه‌سمی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ وته‌بێژه‌كه‌ی‌ پنتاگۆن باسی‌ كردووه‌. وه‌جیه عه‌باس په‌رله‌مانتاری‌ عیراقیش له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: ژماره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق نۆ هه‌زار سه‌ربازه‌.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ ده‌كرێ بڵێین قبوڵ نه‌كردنی‌ هیچ هێزێك له‌سه‌ر خاكی‌ عیراق، بڕیارێكی‌ ته‌واو عیراقییه‌، هۆكاره‌كه‌یشی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ عیراق له‌ زۆره‌به‌ی‌ بواره‌كاندا سه‌ركه‌وتنی‌ به‌رچاوی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، ئه‌وه‌تا له‌ دوای‌ تێكشكاندنی‌ چه‌ته‌كانی‌ داعشی‌ تیرۆریسته‌وه‌ سه‌قامگیریی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌شی‌ به‌ قوربانیدانی‌ رۆڵه‌كانی‌‌و به‌ یه‌كانگیریی‌و یه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و یه‌كێتی‌‌و یه‌كڕیزی‌ ره‌نگ‌و پێكهاته‌ جیاجیاكانی‌ گه‌لی‌ عیراق كردووه‌، به‌ڵام قوربانیدانه‌كه‌ی‌ به‌ هه‌ده‌ر نه‌چووه‌، ئێستا له‌ شاره‌كانی‌ عیراق، به‌ تایبه‌تیش له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت ژیان له‌ جاران زۆر باشتر بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش عیراق توانیویه‌تی‌ به‌ڕووی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌و ئیقلیمیدا بكرێته‌وه‌‌و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ خۆی‌ رێكبخاته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ عیراق بكات‌و ده‌رفه‌ت‌و هه‌لی‌ گه‌شه‌كردن‌و ئارامی‌ ناوچه‌كه‌ش زیاد بكات.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌ پێی‌ پێویستی‌‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌، عیراق ده‌بێ گرنگی‌ ته‌واو بدات به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌شدار بێت له‌ جه‌نگی‌ ئێمه‌دا به‌رامبه‌ر به‌ تیرۆر‌و چه‌ته‌كانی‌ داعش، هه‌روه‌ها ده‌بێ پابه‌ند بین به‌ رێكه‌وتنه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانه‌وه‌، وه‌ك به‌ره‌نگاربووه‌ی‌ تیرۆر‌و مه‌شق پێكردنی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق‌و پشتیوانی‌ كردنی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌‌و سه‌قامگیر كردنی‌ ئاسایش‌و ئارامی‌‌و په‌ره‌پێدان‌و پێشخستنی‌ ئابووری‌ عیراق.
له‌م دواییانه‌دا زیاد له‌ په‌رله‌مانتارێك ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌وڵی‌ جددی‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌و په‌یماننامه‌یه‌دا كه‌ عیراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌یه‌تی‌، هه‌وڵه‌كانیش به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات‌و رێكه‌وتن‌و په‌یماننامه‌كان زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ وڵاتدا بن. هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران داوا ده‌كه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق نه‌مێنن، به‌ تایبه‌ت دوای‌ تووڕه‌بوونی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كه‌ به‌هۆی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكاوه‌ بۆ هێزه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار. داواكارییه‌كه‌ش له‌ رێگه‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ 77 ئیمزاوه‌ بوو، ئیمزاكان له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كدا پێشكه‌شی‌ په‌رله‌مان كرا‌و تیایدا داوا كراوه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ رێكه‌وتنی‌ ستراتیژی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا بكرێت، به‌ جۆرێك له‌ رێكه‌وتننامه‌كه‌دا ئه‌ركی‌ راسته‌قینه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراقدا ده‌ستنیشان بكرێت، ئه‌م داوایه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران گومانیان په‌یدا كردووه‌ له‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق به‌ نیازن چی‌ بكه‌ن‌و ئه‌ركیان چییه‌، به‌ تایبه‌تی‌ دوای‌ ئه‌و لێدوانه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ كه‌ وتبووی‌ هێزه‌كانیان له‌ عیراق چاودێری‌ وڵاتانی‌ دراوسێی‌ عیراق ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ په‌له‌‌و به‌ شێوه‌یه‌كی‌ كارا كارێك بكات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ژماره‌یان له‌ سێ هه‌زار سه‌رباز تێپه‌ڕ نه‌كات‌و ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كیشیان راوێژكاریی سه‌ربازیی‌و مه‌شق‌و ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ بن كه‌ هێزه‌كانی‌ عیراق پێویستیان پێی‌ هه‌یه‌.
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی‌ تره‌مپدا كه‌ جێی‌ نیگه‌رانی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ عیراق بوو، لێدوانی‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا هاوسه‌نگتر‌و باشتر بوو ئه‌و كاته‌ی‌ جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ شانازی‌ به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا هه‌یه‌‌و خۆشحاڵی‌ خۆیشی‌ ده‌ربڕی‌ به‌و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ی‌ عیراق له‌ بواری‌ ئاسایش‌و ئارامیدا به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌، وتیشی‌ ده‌یه‌وێ راسته‌وخۆ گوێبستی‌ حكومه‌تی‌ عیراق بێت تا بزانێ تێڕوانینی‌ چۆنه‌ سه‌باره‌ت به‌ سروشت‌و داهاتووی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات. سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ركی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاش له‌ عیراق وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی‌ هێزه‌كانیان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ داعش‌و مه‌شق پێكردنی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق، هه‌روه‌ها پشتیوانی‌ عیراقه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ پاشماوه‌كانی‌ داعش.
ئه‌مانه‌ قسه‌ی‌ زۆر باشن، به‌ڵام ده‌بێ له‌ رێگه‌ی‌ ئیمزا كردنی‌ رێكه‌وتنه‌وه‌ بخرێنه‌ بواری‌ جێبه‌جێ كردنه‌وه‌‌و له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌شدا ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق‌و ئه‌ركی‌ ئه‌و هێزانه‌ش ده‌ستنیشان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگری‌ بكرێت له‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ عیراق به‌كار بهێنرێت‌و بكرێته‌ لایه‌نێك له‌ ململانێ ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، ئه‌م خواست‌و هه‌ڵوێسته‌ش حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عیراق جه‌ختیان له‌سه‌ر كردۆته‌وه‌‌و به‌رده‌وام ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ عیراق ده‌یه‌وێت دوور بێت له‌ سیاسه‌تی‌ لایه‌نگیری‌ ئه‌م ته‌وه‌ر‌و ئه‌و ته‌وه‌ر.

IMN

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە رێی كوردستانی «نوێ»وە بەهەمووان رادەگەیشت

دێدەوانی یەعقوب / كۆیە ڕەنگە ئەگەر هەر كەس كە وێنەی ...