سەرەکی » ئابووری » رەحمان خانی: بە پلان ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەردەدەینەوە

«دوو ملیار و 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە»

رەحمان خانی: بە پلان ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەردەدەینەوە

یەکەی ئابووری

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت، بەپێی پلانێكی تۆكمە هاوسەنگیمان دروستكردووە لەنێوان گلدانەوەی ئاو و بەردانەوەی لە بەنداوەكەدا، ئەویش بۆ سەلامەتی بەنداوەكەو پاراستنی ناوچەكانی سەر رووباری خوارووی بەنداوەكە.

سەلامەتی بەنداوەكە
رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە: تائێستا بڕی دوو ملیار و 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخاندا هەیە، وەك ئیدارەی بەنداوەكەش دوای روودانی بومەلەرزەكە، كە زیانی بە ناوچەكە گەیاند، بۆ ئەمساڵ ئاستێكمان دیاریكردوە، بۆ ئەوەی لەو ئاستە زیاتر ئاو بەرزنەكەینەوە لە بەنداوەكەدا، بۆ ئەو ئاستەش كە دیاریمان كردووە مەترو نیوێك بۆشایمان ماوە لەسەرەوە بۆ ئەوەی ئاوی تێدا گلدەینەوە، هەروەها سێ مەتریش دەمێنێت بۆ ئەمساڵ بڕیارمان داوە ئاو لەو سێ مەترەدا گلنەدەینەوە.
وتیشی: «بەپێی پلانێكی تۆكمە توانیومانە هاوسەنگییەك دروستبكەین لەنێوان ئەو ئاوەی كە دێتە ناو بەنداوەكەو لەگەڵ ئەو ئاوەی كە لە بەنداوەكەدا بەریدەدەینەوەو دەردەچێت، لەگەڵ سەلامەتی بەنداوەكەدا، بۆیە تائێستا بەپێی پلانەكە ئەو هاوسەنگییەمان راگرتووەو بۆ گلدانەوەی ئاو و بەردانەوەی لە بەنداوەكەدا».

سێ دەرگای زۆر گەورە
ئەوەشی وت: «تائێستا ئێمە ئەو پلانەی كە هەمانە بۆ گلدانەوەی ئاو و بەردانەوەی جێبەجێی دەكەین، سێ دەرگای زۆر گەورەشمان هەیە كە لە دەرچەكانی بەنداوی دوكان زۆر گەورەترە، دەتوانین لە ماوەیەكی زۆر كەمدا بڕێكی زۆر ئاو لە بەنداوەكە تێپەڕێنن، بۆیە ئەگەر لە بارودۆخێكدا ئاوێكی زۆر روو بكاتە بەنداوەكە، ئەوە ئێمە ئەو دەرگایانە دەكەینەوە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی ئاو لە بەنداوەكەدا بكەین و مەترسییەكە كەم بكەینەوە.

هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدرێت
بەوتەی رەحمان خانی، ئەوەی كە دەمێنێتەوە ئەوەیە كە لە رێڕەوی رووباری خوارووی بەنداوەكەوەیە لەسەر زێی سیروان لە سەرچاوەی بەنداوەكەوە تا دەگاتە بەنداوی حەمرین لە كەلار و جەلەولاو ئەو شارو شارۆچكانەی كە دەكەونە سەر زێی سیروان زیادەڕۆییەكی زۆر كراوە لەسەر ناوچەكانی قەراغ رووبارەكە بەو هۆیەشەوە رووبارەكە رێڕەوی سروشتی خۆی لەدەستداوە كە لە هەندێ شوێندا رێڕەوی رووبارەكە تەسكراوەتەوەو پڕۆژەی كشتوكاڵی و خانوو ڤێلاو شوێنی گەشتیاری تێدا دروستكراوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو پڕۆژەو شوێنە نیشتەجێییانە لەكاتی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكە زیانیان بەردەكەوێت.
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشدا، وەك بەنداوی دەربەندیخان پێشتر ئاگاداری ئیدارەی ئەو ناوچانەمان كردووە كە ئاگاداری هاووڵاتییان و ئەو پڕۆژانەی سەر رووبارەكە بكەن تا ناوەڕاستی مانگی پێنج لە باردۆخی بەردانەوەی بەنداوەكە لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لەو ناوچانە دوور بكەونەوە.

بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوكان مەترسیدار نییە

لە 24 سەعاتی رابردووەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان (11سم) بەرز بۆتەوەو وتەبێژی بەنداوەكەش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان‌و رایدەگەیەنێت، «ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان لەژێر كۆنترۆڵدایە».
رێڤان بورهان ئەندازیارو وتەبێژی بەنداوی دوكان، رایگەیاندوە: بەنداوی دوكان هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە، بەڵام رێنمایش دەدەینە هاووڵاتییان كە نزیكی ئاوەكە نەبنەوە، چونكە ئێستادا بڕی 900 مەتر سێجا ئاو بەردراوەتەوە ئەوەش رێژەیەكی زۆرە.
وتیشی: «بەهۆی باران بارینەوە، لەماوەی یەك چركەدا بەنداوی دوكان 1200 مەتر سێجا ئاوی بۆ هاتووەو هاوكات 800 مەتر سێجا ئاو فڕێ دراوە، بەوەش ئاوی بەنداوەكە 11سم بەرز بۆتەوەو ئێستاش ئاستی ئاو بەسەر بێلی ماوسدا 72سم سەرڕێژی كردووە.
هاوكات، محەمەد تاهیر جەلال بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان رایگەیاندوە: بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوكان هیچ مەترسییەكی نییەو ئاستی ئاوی بەنداوەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.

 283 جار بینراوە