سەرەکی » زانست » به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باخچه‌كانی سلێمانی دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ دابینكردنی هه‌وای سازگار و دیمه‌نی جوان و دڵڕفێن

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باخچه‌كانی سلێمانی دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ دابینكردنی هه‌وای سازگار و دیمه‌نی جوان و دڵڕفێن

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باخچه‌كان یه‌كێكه‌ له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌له‌ دوای ڕاپه‌ڕین درووست بووه‌ ، ئه‌گه‌رچی مێژووی درووست كردنی باخ وباخچه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ، وه‌ك ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ حه‌وانه‌وه‌ ، له‌ سلێمانیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1937 كه درووست‌كردنی باخی گشتی بووه‌ ، به‌ڵام له‌ سنوری شاره‌وانیدا تا كۆتایی ساڵی 2007 ژماره‌ی دره‌خته‌كان نزیكه‌ی 175000دار بووه‌و ڕوبه‌ری گشتی باخچه‌كان 87500 م2 بوو .
بۆ به‌ئاگا بوون به‌ كارو چالاكیه‌كانی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ ، كه‌كاریگه‌ریه‌كی زۆر ئه‌رێنی له‌سه‌ر ژینگه‌ی ناوشاری سلێمانی هه‌یه‌ ، له‌لایه‌ك بۆ ته‌ندرووستی خه‌ڵك له‌ هه‌مان كاتدا بۆئاسووده‌یی ده‌روونی . سه‌ردانێكمان كردن تا له‌نزیكه‌وه‌ گه‌شه‌و چالاكیه‌كانیان به‌ خوێنه‌ران بناسێنین .
سه‌نجماندا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر به‌ڕێز كامه‌ران وه‌ستا ساڵح كارگه‌چی و به‌رپرسی به‌شه‌كانی ، سه‌رقاڵی خۆئاماده‌كردن بۆوه‌رزی نوێی به‌هارو هاوین كه‌ خه‌ڵك زیاتر پێویستی به‌ دره‌خت و باخه‌ . بۆیه‌ سه‌ره‌تا به‌چاكمان زانی له‌هۆبه‌ی ڕاگه‌یاندن زۆرینه‌ی زانیاریه‌كان وه‌ربگرین ، به‌تایبه‌ت وه‌ك ئاگاداربووین به‌شێكی چالاكه‌ . به‌تایبه‌ت له‌ سۆشیال میدیادا به‌رده‌وام كارو چالاكی و ڕێنمایی و زانیاری بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ .
به‌ڕێز هاوژین عوسمان صابر لێپرسراوی ئامار و ڕاگه‌یاندن :
به‌رده‌وام كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن بانگهێشت ده‌كه‌ین ، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنمایی و ئاگاداربوون له‌ كاو چالاكیه‌كانمان . هه‌روه‌ها نامیلكه‌و ڕێنمایی چاپكراو ده‌ده‌ین به‌ خوێندكاران . وه‌ ساڵانه‌ بڵاوكراوه‌یه‌ك چاپ ده‌كه‌ین به‌ تیراژی 1000دانه‌ ، زانیاری و گه‌شه‌و كاره‌ گرنگه‌كانمانی تیا ڕاده‌گه‌یه‌نین ، بۆنمونه‌ له‌ ژماره‌ 6 ی ساڵی 2017 دا ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و باخچه‌و پاركانه‌مان بڵاوكرده‌وه‌ ، كه‌ وه‌ك ڕێزلێنان كراون به‌ناوی شه‌هیدان و سه‌ركرده‌و كه‌سانی خزمه‌ت گوزارو نوسه‌رو شاعیران …..هتد ، هه‌وه‌ها ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی نه‌خشه‌و ئاڵای كوردوستان ونوسینی سلێمانی (SLEMANI) به‌ چیای گۆیژه‌وه‌ ، كه‌ ئاڵاكه‌ له‌سه‌ر ڕوبه‌ری (11350م2) وه‌ سلێمانی به‌ پیتی لاتینی له‌سه‌ر ڕوبه‌ری (6620 م2 ) كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین نه‌خشه‌وئاڵاو نوسین ئه‌ژمار ده‌كرێت له‌ جیهاندا .
پێشتر باخچه‌كان هۆبه‌یه‌ك بوو له‌ شاره‌وانی سلێمانی ، ئه‌م به‌ڕێوه‌ به‌رایه‌تیه‌ له‌ 11/ 10 / 2009 دا به‌ بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دامه‌زرا .ئێستا جگه‌ له‌ ڕاگه‌یاندن ، به‌شه‌كانی یاسا ، خاك ، نه‌مامگه‌ ، ئامێره‌كان ، ئاوو كاره‌با ،چاكسازی ، پلاندانان ، دیزاین ، كارگێڕی و به‌ڕێوه‌ بردن ، هه‌ر‌وه‌ها پارك وباخچه‌كانی ناوشار كراون به‌ هه‌ژده‌ به‌ش ، كه‌ سه‌رپه‌رشتی 451 پارك و باخچه‌ و 90 بلوار له‌ خۆ ده‌گرن كۆی گشتی ڕوبه‌ری باخچه‌كان زیاترله‌ 1678945 م2 ئه‌مه‌ جگه‌له‌ باخی ناوخوێندنگه‌و فه‌رمانگه‌و ماڵان .
كه‌ بریتین له‌م به‌شانه‌ ‌:
پاركی ئازادی كه‌ دابه‌ش كراوه‌ به‌ 11 باخچه‌ و ڕوبه‌ره‌كه‌ی 451015 م2 ، هه‌روه‌ها پاركی مه‌لیك مه‌حمود كه‌ 21 باخچه‌یه‌و 177121م2 ، وه‌ باخی گشتی كه‌ 11 باخچه‌یه‌ 54986 م2 ، له‌ سه‌رچنار 48 باخچه‌ به‌كۆی ڕوبه‌ری 137301 م2 ، گه‌ڕه‌كی ڕزگاری 44 باخچه‌مان هه‌یه‌كه‌ كۆی ڕوبه‌ره‌كه‌یان 58646 م2 ، له‌ چوارباخ 37 باخچه‌ كۆی ڕوبه‌ری 47758 م2 ، هه‌واره‌ به‌رزه‌ 37 باخچه‌ به‌ ڕوبه‌ری 91368 م2 ، گه‌ڕه‌كی ئاشتی 37 باخچه‌ به‌ ڕوبه‌ری 50115 م2 ، گه‌ڕه‌كی زه‌رگه‌ته‌ 35 باخچه‌ به‌ ڕوبه‌ری 63467 م2 ، له‌گه‌ڕه‌كی خه‌بات 35 باخچه‌ به‌ ڕوبه‌ری 79532 م2 ، له‌ توی مه‌لیك 31 باخچه‌ به‌ ڕوبه‌ری 64492 م2 ، له‌ به‌ختیاری 29 باخچه‌ به‌ ڕوبه‌ری 84225 م2 ، له‌گه‌ڕه‌كی مامۆستایان 28 باخچه‌ كۆی ڕوبه‌ریان 40331 م2 ، له‌ گه‌ڕه‌كی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د 22 باخچه‌ به‌ ڕوبه‌ری 121140م2 وه‌ له‌وڵوبه‌ 20 باخچه‌ به‌ ڕوبه‌ری111198م2، وه‌ باخچه‌كانی شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود 8 باخچه‌ به‌روبه‌ری 46249 م2 .
هه‌روه‌ها ئه‌وبه‌شانه‌جگه‌ له‌ باخچه‌كان ، كارو سه‌رپه‌رشتی بلواره‌كانی سنوری خۆیان ده‌كه‌ن ، له‌وانه‌ بلواری بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حمود كه‌ ڕوبه‌ره‌كه‌ی 148721 م2 ، 5 بلوار له‌سه‌رچنار به‌ڕوبه‌ری 144486م2 ، 8 بلواری تاسڵوجه‌ـ سلێمانی به‌ڕوبه‌ری 111142 م2 ، 3بلوار له‌ زه‌رگه‌ته‌ به‌ڕوبه‌ری 14126 م2 ، وه‌له‌گه‌ڕه‌كی ئاشتی 6بلوار به‌ ڕوبه‌ری 13869 م2 ،له‌گه‌ڕه‌كی خه‌بات 3بلوار به‌ ڕوبه‌ری 10920 م2 ، هه‌واره‌ به‌رزه‌ 5بلوار به‌ ڕوبه‌ری 9470 م2 ، له‌ گه‌ڕه‌كی ئیبراهم ئه‌حمه‌د 5 بلوار به‌ڕوبه‌ری 8481 م2 ، له‌سنوری پاركی ئازادی 6بلوار به‌ ڕوبه‌ری 7567 م2 ، چوارباخ 9 بلوار به‌ ڕوبه‌ری 6110م2 وه‌ مامۆستایان 4 بلوار 5635 م2 ، سنوری پاركی مه‌لیك مه‌حمود 2بلوار به‌ڕوبه‌ری 4338 م2 ، له‌به‌ختیاری 3 بلوار به‌ ڕوبه‌ری 3470 م2 ، هه‌ریه‌ك له‌ وڵوبه‌ و توی مه‌لیك و سنوری باخی گشتی یه‌ك بلواریان هه‌یه‌ . وه‌به‌شی تایبه‌ت به‌ دارستان 21 بلواری هه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌می ڕوبه‌ریان 634983 م2 كۆی گشتی ڕوبه‌ری ئه‌و 90 بلواره‌ 1131319م2 ، ‌ هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 3 ملیۆن دره‌خت كه‌ له‌ سه‌ر شۆسته‌كانن و له‌ ده‌وروبه‌ر ساڵانه‌ ئه‌ركی كێلانی ژێری و لێكردنه‌وه‌ی لقی زیاده‌و ده‌رمان كردن و ئاودانیمان له‌ ئه‌ستۆ یه‌ .
ئه‌م ئه‌ركه‌ فراوانه‌ به‌ نزیكه‌ی 600 باخه‌وان و 69 ئه‌ندازیار كه‌ 40 ئه‌ندازیاریان كشتوكاڵین ، وه‌ ژماره‌یه‌ك شۆفێر و كارمه‌ندی هونه‌ری ئه‌نجام ده‌درێت .
له‌ ئێستادا 207 بیرمان هه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وام ترومپا كانیان پێویستیان به‌ چاكردن و گۆڕینه ، ‌هه‌روه‌ها بۆریه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو له‌ ناو پارك وباخچه‌كاندا به‌رده‌وام پێویستی به‌ چاكردن و فراوان كردنه‌ . وه‌ یاریگاكانی مناڵان وئامێره‌ وه‌رزشیه‌كان به‌رده‌وام دامه‌زراندن وچاكسازی ده‌وێت ، وه‌ تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌با و ڕوناكی ، بۆیه‌ هۆبه‌ی چاكاسازی به‌رده‌وام له‌ كاردان .
به‌شی به‌رهه‌م هێنانی نه‌مام وشه‌تڵ گه‌ر چی حه‌وت ساڵه‌ له‌ هه‌یكه‌لی دامه‌زراوه‌كه‌دا نه‌هێڵراوه‌ به‌بڕیارێك و نه‌خه‌رجی بۆ دابین ده‌كرێ نه‌ بۆمان هه‌یه‌ له‌خه‌رجی به‌شه‌كانیتر خه‌رجی بۆ بكه‌ین ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و نه‌مام وشه‌تڵانه‌ی له‌ باخچه‌و بلواره‌كاندا به‌كاری دێنین به‌رهه‌می خۆمانه‌ . هه‌روه‌ها ساڵانه‌ له‌نێوان مانگی 3بۆ 12 نزیكه‌ی 5000 شه‌تڵ ونه‌مام ده‌به‌خشینه‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌ به‌رده‌م ماڵه‌كانیان ده‌كه‌نه‌ باخچه‌ .
هه‌روه‌ها ساڵانه‌ ڤیستیڤاڵی گوڵ و نه‌مام ئه‌نجام ده‌ده‌ین كه جگه‌‌له‌ به‌رهه‌مه‌كانی خۆمان ، شه‌تڵگه‌ تایبه‌تیه‌كان به‌شداری پێده‌كه‌ین بۆ ناساندنیان و پیشاندانی به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ هاندانی خه‌ڵك بۆ گرنگی دان به‌ ڕووه‌ك و باخچه‌و ئینجانه‌ كه‌ هه‌رهه‌موویان به‌شێكن له‌ سیستمی خاوێنكردنه‌وه‌ی هه‌واو ئارام به‌خشن به‌ ده‌روونی خه‌ڵكی .
دواتر دیدارمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كامه‌ران صاڵح كارگه‌چی كرد ، كه‌ له‌ ساڵی 2008 وه ‌بوژاندنه‌وه‌ی سه‌وزایی له‌ سلێمانیدا گرته‌ ئه‌ستۆو ، به‌هه‌وڵی خۆی ئه‌وبه‌شه‌ بوو به‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ چالاكه‌ ، وه‌ ساڵانێكه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م دامه‌زراوه‌ گرنگه‌یه‌ .كه‌ ئێستا پێشینه‌ی شاره‌كانی عێراقه‌ بۆ ڕێژه‌ی باخ و سه‌وزایی . ده‌یان خه‌ڵات وژماره‌یه‌كی زۆر سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌سه‌رئاستی جیهان وعێراق و كوردوستان نوسینگه‌كه‌ی ده‌ڕازێنێته‌وه‌.
پ / ساڵانێكمان به‌ڕێكرد كه‌ قه‌یرانی دارایی و وشكه‌ ساڵی ئه‌سته‌نگی بۆ كاره‌كانی ئێوه‌ درووست ده‌كرد . چۆن مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ ئه‌و بارو دۆخه‌دا ده‌كرد ؟
باخ و سه‌وزایی گیان له‌به‌رن ناكرێ وناشێ فه‌رامۆش بكرێن ، چونكه‌ گه‌ر وشك بوون وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هیچمان نه‌كردبێ . ئێمه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ گه‌له‌كه‌مان شایانی ژیانێكی زۆرله‌ ئێستا زیاتر پڕ خۆشگوزه‌رانیتره‌ ‌ . چونكه‌ چه‌وسانه‌وه‌ی زۆر دیوه‌و خه‌بات گێره‌ .بۆیه‌ گه‌ر ئاسته‌نگه‌كان نه‌بێ ئێمه‌ هه‌موو شاره‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌ باخچه‌یه‌ك .
به‌داخه‌وه‌ گه‌رچی ئێمه‌ به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك ناسێنراوین و بوجه‌ی تایبه‌تیمان بۆ ته‌رخان ده‌كرێ ، به‌ڵام مافی ئه‌وه‌یان نه‌داوینه‌تێ كه‌ بوجه‌كه‌ له‌كاتی خۆیدا وه‌ك پێویست سوودی لێوه‌رگرین . بۆنمونه‌ گه‌ر ترومپای بیرێكمان له‌كار بكه‌وێت . تا ڕه‌زامه‌ندی بۆ كڕینی ترومپایه‌كی تر وه‌رده‌گرین گه‌رلێبگه‌ڕێین باخه‌كه‌ ووشك ده‌كات ، به‌تایبه‌ت كه‌ هاوین زۆر گه‌رمه‌ .
شایانی باسه‌ له‌كاتی دیداره‌كادا ڕه‌هێڵه‌ی باران مژده‌ی ساڵێكی ته‌ڕوبڕ و كه‌شێكی خۆشی ده‌به‌خشی .
ژماره‌یه‌كی زۆركارێز له‌ناو شاری سڵێمانی و ده‌ورو به‌ری هه‌یه‌له‌نێوان ساڵی 2001 بۆ 2003 به‌ فرمان و پشتگیری خوالێخۆشبوو هه‌ڤاڵ مام جه‌لال 33كارێز حه‌وزی بۆ درووستكرا ، وائێستا وه‌ك شه‌معه‌ بۆ پڕكردنی ته‌نكه‌ر سودیان لێوه‌رده‌گیرێ ، به‌ڵام زیاتر له‌ 40 كارێز ئێستا سوود له‌ ئاوه‌كه‌ی وه‌رنا گیرێ و ده‌چێته‌ ناو زێرابه‌كانه‌وه‌.
ئێستا ئێمه‌ سودمان له‌ ئاوی قۆریه‌شكاو وه‌رگرتووه‌ بۆ پاركی ئازادی كه‌ 60م3 ئاودابین ده‌كات له‌كاتژمێرێكدا ، هاوكات له‌گه‌ڵ ئاوی كانێسكان . وه‌ ئاوی قامیشان مان بۆ باخی گشتی گواستۆته‌وه‌. جگه‌له‌و بیرانه‌ی كه‌ هه‌مانه ، به‌داخه‌وه ‌بیری ماڵان كه‌ جگه‌ له‌ خراپكردنی شه‌قامه‌كان سودێكی ئه‌وتۆیان نییه‌ .كاری كردۆته‌ سه‌ر بڕی ئاوی بیره‌كانمان ،ناچار له‌هاویندا به‌رده‌وام به‌ته‌نكه‌ر ئاو بۆ زۆرێك له‌ باخ و بلواره‌كان دابین ده‌كه‌ین .
له‌كاره‌كانماندا خه‌ڵك زۆر پشتگیریمان ده‌كه‌ن ئێمه‌ش هاوكاری شه‌تڵگه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ ئێستابه‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردن و زیاد بوندان . به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی دارستان زۆر هاوكارمانن له‌ ڕوبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ی به‌ ئه‌نقه‌ست یان به‌هۆی ڕوداوه‌وه‌ ده‌بنه‌ هۆی زیاندان له‌ دره‌خت و سه‌وزایی .
شایانی باسه‌ هێرۆخان وه‌ك مرۆڤێكی ژینگه‌ دۆست له‌ ئاسته‌نگه‌كانا هه‌میشه‌ به‌ده‌ ممانه‌وه‌ هاتووه‌ هاوكاری كردووین . ئه‌وه‌ماوه‌ بیڵێین كه‌ هه‌موومان هه‌مان هه‌وا هه‌ڵده‌مژین ، ده‌با بۆ دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی خاوێن دارو ڕوبه‌ره‌سه‌وزه‌كان بپارێزین .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان (به‌شی دووەم) كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز / 16/ ...