سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » سۆشیال میدیا و هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان

پۆلەتیک

سۆشیال میدیا و هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان

میدیا به‌گشتی به‌ پشتبه‌ستن به‌تیۆرییه‌ جیاوازه‌ كاریگه‌ره‌كانی كۆمیونیكه‌یشن‌و له‌ڕێگه‌ی ناوه‌نده‌ میدیایی‌و فۆرمه‌ جیاوازه‌كانی میدیاوه‌، په‌یامه‌ میدیاییه‌كان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر وه‌رگر له‌ پانتایی گشتیدا دروست ده‌كه‌ن، ده‌رباره‌ی كه‌یس و بابه‌ته‌ جیاوازه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌پڕۆسه‌و به‌شداریی سیاسییه‌وه‌، یانیش كه‌سێتییه‌ سیاسیی‌و ئه‌ستێره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
هه‌روه‌ك چۆن، فۆڕمه‌كانی میدیا به‌گشتی له‌ڕابردووداو له‌ڕۆژگاری ئێستاشدا به‌تایبه‌ت ته‌له‌فزیۆنه‌كان‌و میدیای ئه‌لیكترۆنی وه‌كو پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان (وێب سایته‌كان)و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (سۆشیال میدیا) خێراترین‌و زۆرترین رێژه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر وه‌رگر دروست ده‌كه‌ن‌و خێراترین ناوه‌ندی دروستكردنی رای گشتین به‌شێوه‌ی راسته‌وانه‌و هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌ش ده‌رباره‌ی كه‌یس‌و بابه‌ته‌ جیاوازه‌كان.
به‌رزبوونه‌وه‌و زیادبوونی رێژه‌ی به‌كارهێنه‌رانی سۆشیال میدیا به‌شێوه‌یه‌كی مه‌زن‌و زۆر كه‌ پێشتر هیچ فۆرمێكی میدیا له‌مێژوودا به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌و به‌كارهێنه‌رانی تۆڕێكی وه‌كو فه‌یسبووك له‌ئێستادا به‌پێی ئاماره‌كان رێژه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری تێپه‌ڕاندووه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ هێزێكی زۆر ببه‌خشێت به‌م فۆرمه‌ی میدیا. هه‌ربۆیه‌ پارته‌ سیاسی‌و كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان له‌زۆر وڵاتدا به‌تایبه‌تیش له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و هه‌رێمی كوردستانیش په‌نا بۆ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌ن‌و له‌ناویشیاندا فه‌یسبووك ریزبه‌ندی یه‌كه‌می وه‌رگرتووه‌.
گۆڕینی پڕۆسه‌ی په‌یوه‌ندیكردن‌و كۆمیونیكه‌یشن به‌پێی تیۆره‌كه‌ی هابرماس (تیۆری كه‌میونیكه‌یشنی چالاك) له‌پڕۆسه‌ی كۆمیونیكه‌یشنی تاك لایه‌نه‌، بۆ كۆمیونیكه‌یشنی دوو لایه‌نه‌ له‌ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وایكردووه‌ كه‌ هاووڵاتی زیاتر به‌هێزو خاوه‌ن پاوه‌ربێت له‌ئاڕاسته‌كردنی راكانیان‌و ئاڵوگۆڕكردن‌و ناردنی زانیاری دوو لایه‌نه‌.
پڕۆسه‌ی كۆمیونیكه‌یشنی ئه‌كتیڤ‌و مۆدێرن وایكردووه‌ كه‌ به‌تایبه‌ت له‌بواره‌كانی بازرگانی‌و ئابووری‌و سیاسه‌ت زیاتر پشت به‌ سۆشیال میدیا ببه‌سترێت، به‌ڕای به‌شێكی زۆر له‌پسپۆڕانی بواری میدیا ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌كارهێنانی تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیاو ئاڕاسته‌كردنی په‌یامه‌ سیاسییه‌كان كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ سیاسییه‌كان‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دروستكردووه‌. ته‌نانه‌ت مۆنۆپۆلیزبوونی سۆشیال میدیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان‌و سێكته‌ره‌كانی سه‌ربازیی‌و ده‌زگا سیخوڕییه‌كانیش دروستكردووه‌و بۆته‌ هۆی گۆڕانكاری له‌ستراتیژییه‌تی كاركردنیان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لایه‌ن‌و كاریگه‌رییه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی سۆشیال میدیا زۆرن. هه‌روه‌ك چۆن له‌بواری سیاسه‌تداو له‌كاتی پڕۆسه‌ سیاسییه‌كانداو به‌تایبه‌تیش له‌كه‌مپه‌ینه‌ سیاسییه‌كاندا، زۆرێك له‌ناوه‌ندی میدیایی‌و هاووڵاتیان‌و ته‌نانه‌ت كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كانیش سۆشیال میدیا به‌لایه‌نی نێگه‌تیڤی به‌كارده‌به‌ن‌و به‌هۆی ئازادیی زۆر له‌ناو تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیاو ئاسانی‌و خێرایی‌و هه‌رزانی له‌به‌كارهێنان‌و بوونی خزمه‌تگوزاریی زۆرو بێهێزی لایه‌نی ئاسایش‌و سه‌لامه‌تی له‌ناو سۆشیال میدیا، كه‌ نووسه‌ری كتێبی (وه‌همی ئینته‌رنێت) پێیوایه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌لامه‌تی‌و ئاسایش له‌ناو ئینته‌رنێتدا به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تیش له‌ناو تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیادا بوونی نییه‌.
هه‌ربۆیه‌ رۆژانه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازه‌كانداو به‌تایبه‌تیش له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی یاسای به‌هێزو مۆدێرنی میدیاییان نییه‌، مرۆڤ له‌ناو تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیادا به‌رده‌وام ته‌شهیری پێده‌كرێت‌و ناوزڕاندن‌و حاڵه‌ته‌كانی ده‌ستبردن بۆ ژیانی تایبه‌تی (Privacy) مرۆڤه‌كانی زۆره‌، له‌هه‌رێمی كوردستانیش نموونه‌ی زۆر هه‌ن به‌ڵام ته‌شهیركردنه‌ سه‌ر كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان رێژه‌ی به‌رچاوی وه‌رگرتووه‌و له‌ئێستادا كه‌یسی هه‌ڕه‌شه‌ی ژیانی تایبه‌تی چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن پارتێكی سیاسی‌و كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ده‌نگۆی زۆری لێكه‌وته‌وه‌و له‌ئێستاشدا كه‌یسه‌كه‌ له‌لایه‌ن دادگاو دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌دواداچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی تێدا ده‌كرێت، كه‌ له‌زۆرێك له‌وڵاتانی خاوه‌ن سیسته‌می دیموكراسی حه‌قیقیدا هێرشكردنه‌ سه‌ر ژیانی تایبه‌تی مرۆڤ تاوانێكی گه‌وره‌یه‌و سزای زۆری یاسایی له‌سه‌ره‌.
یه‌كێك له‌كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، لاوازی‌و كۆنیی یاسای كاری رۆژنامه‌وانی ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007)ه‌، كه‌ بۆ كاتی خۆی یاسایه‌كی باش بوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ناو یاساكه‌دا فۆرمه‌ نوێیه‌كانی میدیا جێگه‌یان نه‌كراوه‌ته‌وه‌و باس نه‌كراون‌و رێكنه‌خراون به‌پێی یاسا، بۆیه‌ له‌كاتی بوونی ته‌شهیرو تاوانكاری له‌ناو ئینته‌رنێتدا به‌گشتی‌و تۆڕه‌كانی سۆشیال میدیا به‌تایبه‌تی، بۆیه‌ باشترین رێگه‌چاره‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌شهیركردن‌و ناوزڕاندن‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن‌و تاوانكاری ئۆنلاین، ئه‌بده‌یتكردنه‌وه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای كاری رۆژنامه‌وانییه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا…

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و كۆتایی ترەمپ د. ئاراز رەمەزان گرژییەكانی ...