سەرەکی » راپۆرت » هەرێمی كوردستان دەخرێتەسەر نەخشەی جیهانیی (Education First)

تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی

هەرێمی كوردستان دەخرێتەسەر نەخشەی جیهانیی (Education First)

راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

بۆ یەكەمجار لەمێژووی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی وەك زمانی دووەم، لەژمارەیەك لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، بەوەش هەرێمی كوردستان دەچێتەسەر نەخشەی جیهانییEducation First بۆ هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی.
ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی هەڵسەنگاندنەكانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی، لەدوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاری لێدرا، كە ئەم پرۆسەیە لەڕێگەی تاقیكردنەوەیەكی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزییەوە ئەنجامدەدرێت‌و لەلایەن دامەزراوەی (Education first) سەرپەرشتی دەكرێت و تاقیكردنەوەكەش بێبەرامبەرەو لەڕێگەی ئۆنلاین‌و لەناو زانكۆكانی كوردستاندا ئەنجام دەدرێت.

مامۆستایان ‌و خوێندكاران بەشدار دەبن
لەبارەی گرنگیی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكە لەزانكۆكانی كوردستان، دوێنێ 21/5 د.یوسف گۆران، لەمیانی كۆبوونەوەیەكدا رایگەیاند: لەم ساتەوە هەرێمی كوردستان دەچێتەسەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەوەش لەڕێگەی بەشدارییكردنی مامۆستایان‌و خوێندكاران‌و قوتابیانی زانكۆكانی كوردستانە لەو تاقیكردنەوە ستانداردە، بەوپێیەی زمانی ئینگلیزی زمانی زانست‌و بزنسە، زمانی گەیشتنە بەسەرچاوە زانستییە ئاستبەرزەكان، زمانی پەیوەندی‌و هەماهەنگییە لەگەڵ كۆمەڵگەی ئەكادیمی نێودەوڵەتی، هەروەك زمانی بڵاوكردنەوەی بەرهەمی توێژینەوەی زانستییە.
هەروەها، د.یوسف گۆران داوای لەمامۆستایان‌و خوێندكارانی زانكۆكان كرد بەشداربن لەم تاقیكردنەوەیەدا‌و رایگەیاند: بەشدارییكردن لەم پرۆسەیەدا وەك تاقیكردنەوە نییە‌و دەرچوون‌و دەرنەچوون نییە، بەڵكو ئەم پرۆسەیە هاوكارمان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لەكێشەو كەموكورتییەكانی پرۆسەی خوێندن‌و فێركردنی زمانی ئینگلیزی تێبگەین‌و هاوكارمان دەبێت بۆ دانانی ستراتیجی نیشتمانی بۆ مەبەستی پەرەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی‌و چەسپاندنی وەك زمانی دووەم لەنێو دامودەزگاكانی خوێندنی باڵادا.

بەشێوەی ئۆنلاینەو لەبەشی زۆر زانكۆكان كاری لەسەر دەكرێت
سەبارەت بەچۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیكردنەوەكانیش لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی هۆڵی تاقیكردنەوەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر كرد، بەمەبەستی ئاگاداربوون لەچۆنێتی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان. لەوتەیەكیشدا مامۆستا فوئاد عەلی باسێكی لەبارەی بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكە كردو رایگەیاند: پرۆسەكە بەشێوەیەكی ئۆنلاین بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوامدەبێت‌و ئێستاش لەبەشێكی زۆر لەزانكۆكانی كوردستان بەردەوامە، وتیشی: دوای هەڵسەنگاندنەكە سێنتەرەكانی زمان هەڵسەنگاندن لەسەر كاریگەریی زمانی ئینگلیزی لەسەرجەم سێكتەرەكانی تەندروستی، كۆمەڵایەتی، ئابووری‌و ئاستی رۆشنبیری دەكەن‌و تاقیكردنەوەكانیش نزیكەی سەعاتێك دەخایەنێت.
لەبارەی ئامادەكاریی زانكۆكانیشەوە، وتی: ئێستا لەبەشێكی زۆری زانكۆكانی كوردستان سێنتەرو پێداویستییەكانی كۆمپیوتەرو ئینتەرنێت دابینكراوەو رۆژانە مامۆستایان‌و خوێندكاران بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداریی لەتاقیكردنەوەكاندا دەكەن.

هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی زیاتر لە (٨٠) وڵات دەكات
دامەزراوەی (Education First) یەكێكە لەدامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەكان‌و سەرپەرشتی ئەم تاقیكردنەوەیە دەكات، لە 50 ساڵی ئەزموونی كاركردنیدا گرنگی بەفێربوون‌و راهێنانی زمانی ئینگلیزی دەدات‌و خاوەنی راپۆرتی بەناوبانگن، (English Proficiency Index) كە ساڵانە لەڕێگەی تاقیكردنەوەیەكی ستانداردی زمانی ئینگلیزییەوە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی زیاتر لە (٨٠) وڵات هەڵدەسەنگێنێت، دواتریش داتاكانی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەستنەوە بەئاماژەكانی گەشەكردنی ئابووری‌و گەشەپێدانی مرۆیی‌و توێژینەوەو پەرەپێدانەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كه‌شتی ئالان كوردی ئه‌ركه‌كانی ده‌ستپێكرده‌وه‌

شیهاب عوسمان، ئه‌ڵمانیا جارێكیتر كه‌شتی فریاكه‌وتنی »ئالان كوردی» له‌كه‌ناراوەکانی لیبیا ...