سەرەکی » مانشێت » درامای کوردی تینوی حیوارە

درامای کوردی تینوی حیوارە

جەمال جەباری

من ڕەخنەگری دراماو سینەما نیم، بەڵام وەک بینەرێک چەن خوێندنەوەیەک بە بینینم بەرامبەر دراماو کارە تازەکانی مانگی ڕەمەزان دەکەم .
لەمێژە چاوەڕوانی ڕەمەزانین بۆ بینینی چەن درامایەکی کوردی، چونکە لەچاوپێکەوتنەکانی پێش ڕەمەزان دەرهێنەرو ئەکتەرەکان واباسیان لێوەدەکرد کەبینەر ناتوانێ چاو لەسەر تیڤیەکان هەڵگرێ بەهۆی کاری جیاوازو نوێکاری لەگرتەو لۆکەیشنی جوان و فەیسی تازە بۆ بەر شاشەکانی ڕاگەیاندن .
کەچی ئەوەمان نەبینی، ڕاستە ئەکتەرە بەئەزمونەکانی کوردستان تواناو لێهاتویەکی ڕادەبەدەریان هەیە لەکارە هونەریەکان و پێش کامێراکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ هەرجارەو چەن گەنج و فەیسێکی تازە لەگەڵیاندا ڕۆڵ ببینن، چجای ئەو گەنجانە خوێندکارانی به‌شه‌ هونه‌رییه‌كان زانكو و په‌یمانگاكان بن کەئەمە دەبێتە هەلێک بۆ بوژانەوەی دەرونی ئەو کچ و کوڕە جوانانەی کە دوای تەواوبوونی هونەرە جوانەکان لەماڵەوە دانیشتون، یاخود چەن گەنجێکی سەرشەقامەکان بێنی و ئامادەی کەی بۆ پێش کامێرا .
بەداخەوە زۆرێک لەو دەرهێنەرانەی کە من کارم لەگەڵ کردون و یا کارەکانیان دەبینم، جگە لەوەی کەخۆیان وزەی ئەوەیان نیە لەکاتی تێست و پڕۆڤە خۆیان لەگەڵ ئەکتەرەکاندا ماندوکەن، هەندێکیشان لەکاتی کارکردن زۆر بەپەلە کارەکە بەڕێ دەکەن كه‌ بەزمانێکی کاڵ دەڵێن (فڵچە) لێدان، زۆریشیان حەقی خۆیانە کە سیناریۆکان لاوازن، چونکە کەسێکی بەتوانا نیە لەبواری نوسینی سیناریۆ تاکو ئێستا، یاخود ئەو بودجەیه‌ی لەبەردەستیانە بەشی تەواوی کارەکە ناکات، ئەویش لەبەر ناو و ڕانەوەستانی خۆی کەدەڵێن (شەر لەبەتاڵی باشترە) کارەکەی بە ئینسێرت ومیوزک پڕدەکاتەوە .
جێگای داخە دوو درامای کوردیم بینی كه‌ لەم ڕەمەزانەدا بەتایبەت بۆی دانیشتبووم و زۆری کارەکتەرەکانی پشت و پێشی کامێراش هاوڕێم بوون، بەڵام یەکێکیان دوای ماندوبوون و ئەزمونێکی ڕابردووی زۆر و ستافێکی شارەزا، کەچی دەرهێنەر کاری لەسەر هیچ ئەکتێکی ئەکتەرەکان نەکردبوو وەک ئەوەی بۆ وێنەیەکی فۆتۆ وەستابن لەپێشی کامێرادا، هەندێجار ناحەقی ئەکتەر نیە لەبەر ئەوەی تێکەڵاویی و پڕۆڤەیەکی ئەوتۆی نیە لەگەڵ ڕەگەزەکەی بەرامبەری و دەرهێنەریش پێیان ناڵێ چیم لێتان ئەوێ لەو گرتەیە دا.
دووەم درامایان کارێکی جوان و ماندوبوونێکی زۆر، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەکتەرە سەرەکیەکەیدا نەبووم، جا نازانم دەرهێنەر لەبەر هاوڕێیەتی یا ئەکتەرێکی ناوداربوو بۆیە داینابوو!!!، دواتر لەناو دراماکەدا دوو سێ دیالۆگی بچوک دەوترا، باقی تری هەر هەمووی ئینسێرت و میوزک بوو، بەمەش دراماکە تینوی حیوار بوو و بینەری خاو دەکردەوە لەبینین، ئه‌وه‌ش زۆرجار خەتای دەرهێنەری تیا نیە، چونکە سیناریۆ ڕۆڵی گرنگی هەیە لەکاتی کارکردن و سینارستی باشی درامیشمان نیە، گەر تەماشای درامایەکی ئێرانی بکەی دەبینی ئینسێرتەکانیشیان بەحیواڕەوەن، جگە لەوەش ناتوانی چاو لەسەر ئەکتەرەکان هەڵگری بەهۆی زۆربونی قسەکردن بەپەلەیی وتنه‌وه‌ی‌ حیواره‌كان، ئەمەش وادەکات تۆ بینەر بی .
نەک ئەوەندەش بۆشایی زۆر هەبێت لەنێو کارەکەتدا بینەر بیر لەهەڵەی هونەری و تەکنیک و ئەکتی ئەکتەرەکان بکاتەوە، کەزۆرێک لەبینەران ئێستا لەسایتە جۆراو جۆرەکان قسەی نەشیاو بەئەکتەرو دەرهێنەرەکان دەڵێن، ئەمەش جێگای داخە کەبینەر نازانێ چ ماندوبونێک لەپشتی ئەم کارە هونەریانەوە هەیە و لەماڵەوە بەکەیفی خۆی خوێندنەوە بۆ کارەکان دەکات.
ئەو هەڵانەی باسمان کرد ناکاتە ئەوەی کە دراماکان خراپن، نەخێڕ باشن لەوەی دەرهێنەرێکی قوڕبەسەر کە چەند ساڵ جارێ بۆی هەڵدەکەوێ کارێک بکات و ساردبۆتەوە لەبێکاری، ناحەقی مەگرن کە لەبیریشی چوبێتەوە ئەکتەرێکی نان و زگی ئەم وڵاتە بەچەند ساڵ ڕۆڵێکی دەدرێتێ تواناو تاقەتی لەبەرکردنی سیناریۆکەی نامێنێ، لەبەر ئەوەی مێشکی بەهەزار كیشه‌ی‌ کۆمەڵایەتی قاڵه و توانای بینینی فیلمێکیشی نیە .
جا چۆن بتوانرێ کارێک بکرێ کەهاوشانی درامای بیانیەکان بێ کە بەساڵ، ئەو ستافە بیانیە لەنوێ بونەوەدان، وڵات و کەرتی تایبەت و گەشتوگوزار بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی کارە هونەریەکانی وڵاتەکانیانن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە جێگای دەستخۆشیە درامای کوردی هەرهیچ نەبێ باشترە لەوەی کەناڵەکان خۆیان بەدۆبلاژەوە خەریک کەن، چونکە هونەرمەندانی خۆشمان کەساڵانێک بەگڕوتینەوە کاریان دەکردوو ئێستاش کارەکانیان لەبیروهزری هەموماندا ماوەتەوە، وەک ژاڵە و مەم و زین و لانەوازان و تەمسیلیەکانی عەلێ فەنی و هتد … کەچی ئێستا بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەی کەڕوویدا لەم ساڵانەی دوایدا و بارودۆخێکی دارایی خراپ ڕووی لەهەرێمی کوردستان کردوو چەن ساڵێک هونەرمەندان جگە لەوەی کاری هونەری ئیفلیج بووه‌ نەیان توانیوه بژێوی بۆ ماڵ و مناڵەکانیشیان دابین بكه‌ن.
ئەوەی هونەر لەجەستەو ڕوحیدا ڕەگی داکوتابێت ناتوانێت پەنا بەرێتە بەر کارێکی تر، به‌ڵام بەهۆی کەمی بودجەوه‌ کارکردنی ئەکتەران و دەرهێنەران و بەشەکانی تری هونەر سستی و لاوازی به‌خۆوه‌ بینیه‌وه‌و زۆرێك هونه‌مه‌ند لەشوێنی خۆیاندا ماونەتەوەو نەیانتوانی خۆیان ئەبدەیت کەنەوە، ئەمەش بەداخەوە گورزێکی توندی لەدروستکردنی دراماو سینەماو هەموو بەشەکانی تری هونەر داوه‌ لەکوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هیچ بیانوویەك نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركوك

لە كۆبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، خوێندنەوەی دووەم ...