سەرەکی » ئابووری » مەترسییەكانی بەردەم گەشەی ئابووریی جیـهان دەخرێنەڕوو

شەڕی ئابووریی دوو زلهێزەكە بەردەوامە

مەترسییەكانی بەردەم گەشەی ئابووریی جیـهان دەخرێنەڕوو

یەکەی ئابووری

وێڕای چەندین جار دانیشتن و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتە بازرگانیەكانی نێوانیان، بەڵام هێشتا ئەمریكاو چین بەهۆی ملنەدانیان بۆ داواكاری و خواستەكانی یەكتر، ئەو كێشەو گرفتانە نەك هەر چارەسەرنەكراون و بەهەڵواسراوی ماونەتەوە بەڵكو زمانی هەڕەشەكانیان دژ بەیەكتر توندتر كردۆتەوە.

لەسەر كارەكانی خۆی بەردەوام بێت
لەپاش سەپاندنی زیادەباجی بازرگانی و سزادانی كۆمپانیای (هواوی)ش لەلایەن ئەمریكاوە، هەڕەشەی نوێ‌ بۆ سەپاندنی زیادەباجی زیاتر بەسەر هاوردەی كاڵاكانی چیندا دەكرێت و حكومەتی پەكینیش بەڵێن دەدات بەهەمان شێوەی ئەو سزایانە وەڵامی ئەمریكا بداتەوە.
هاوكات لەسەر بەردەوامیی ئەو جەنگە بازرگانییە كە ماوەی زیاتر لەساڵێكە بەردەوامیی هەیە، شارەزایانی ئابووریی هۆشداریی لە كاریگەرییە خراپەكانی بۆ سەر گەشەی ئابووریی جیهان دەدەن و لەو بڕوایەشدان بڕیارە هەڵەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سیستمی بازرگانی جیهان بە تەواوەتی بەرەو لەناوچوون دەبات.
لەوبارەیەوە، رۆبێرت گلۆنی شارەزای بواری ئابووری لە زانكۆی شیكاگۆی ئەمریكا رایگەیاندوە: وێڕای ئەو فشارە زۆرانەی رووبەڕوی بۆتەوە، بەڵام پێویستە سیستمی بازرگانیی جیهان لەسەر كارەكانی خۆی بەردەوام بێت و بەپلەی یەكەمیش ئەمریكاو خودی (دۆناڵد ترەمپ)ی بەهۆكاری هەڵگیرسانی ئەو جەنگە بازرگانیە تۆمەتبار كردووە.

جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمریكا
ئاماژەی بەوەشداوە، كە ترەمپ لەو سیستمە بازرگانییە لایداوە كە ئەمریكا خۆی لەپاش قەیرانی داكشانی گەورەی ئابووریی جیهانەوە دایڕشتووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، سیستمی بازرگانیی جیهانی لەساڵی (1947)وە بە رێككەوتنی گشتی وڵاتان لەسەر بازرگانی و باجە گومرگیەكان دامەزراوەو ئێستاش كە هەریەك لە چین و ئەمریكا ناتوانن كێشەو گرفتە بازرگانییەكانی نێوانیان چارەسەربكەن، پێویستە واز لە دروستكردنی كیشەو گرفت بۆ وڵاتانی تری جیهان بهێنن.
بەگرنگیشی زانیوە كە وڵاتان خۆیان سیستمێكی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نوێ‌ لەنێوانیاندا دروستبكەن و تیایدا چەندین دامەزراوەی هەمەلایەنی وڵاتان بەشدار پێ‌ بكەن و بەوەش چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە بدۆزنەوە.
هەر لەسەر بەردەوامی جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمریكا، رێكخراوی هەماهەنگی ئابووریی جیهان هۆشداریی لە كاردانەوەكانی ئەو جەنگە داوەو رایگەیاندووە، بەهۆی هەڵكشانی بەردەوامیی ناكۆكیەكانەوە ئەو جەنگە بازرگانییە پێی ناوەتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە.

گەشەی ئابووریی جیهان پاشەكشە دەکات
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی هەماهەنگی ئابووریی جیهانی، ئەگەر بێتو تا ساڵی 2021 جەنگی بازرگانیی نێوان ئەمریكاو چین بەردەوامیی هەبێت، ئەوا كۆی بەرهەمی ناوخۆیی سەرجەم وڵاتانی جیهان بەبڕی 600 ملیار دۆلار زیانی بەر دەكەوێت.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاڵۆزییە بازرگانیەكانی نێوان ئەمریكاو چین وایكردوە ساڵی رابردوودا بەڕێژەی لەسەدا 3 پۆینت 5 گەشەی ئابووریی جیهان پاشەكشە بكات‌و پێشبینیش دەكرێت بۆ ئەمساڵ لەسەدا 3 پۆینت 2 پاشەكشەبكات.
سەپاندنی باجی گومرگی بەڕێژەی 25 % بەسەر كاڵا چینییەكان ، بەجۆرێكە 47 % هاوردەكان لە چینەوە دەگرێتەوە، بەوپێیە وڵاتە یەكگرتووەكان 250 ملیار دۆلار ڕسوماتی گومرگی بەسەر كاڵا چینییەكاندا دەسەپێنێت، ئەوە جگە لەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان فەرمانی كرد كە ڕێوشێنی تر بگیرێتەبەر بۆ سەپاندنی رسوماتی گورمگی بەسەر سەرجەم كاڵاكانی تری چین بەبەهای 300 ملیار دۆلار .
لەساڵی ٢٠١٨ بەهای هاوردەكردنی كاڵا و شمەك لە چینەوە بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گەیشتۆتە ٥٤٠ ملیار دۆلار ، بەو مانایەی رۆژانە وڵاتە یەكگرتووەكان بەبەهای ١،٥ ملیار دۆلار لەچینەوە هاوردە دەكات ، ئەوە لەكاتێكدا وڵاتە یەكگرتووەكان ساڵانە بەبەهای ١٢٠ ملیار دۆلار شمەك هەناردەی چین دەكات .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پیشەسازكارانی هەرێم روو لە پیشەسازیی خۆراك بكەن

یەکەی ئابووری بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، پێشوازیكرد ...