سەرەکی » هەواڵ » مەلا بەختیار: هیچ پاساوێك بۆ نەبەستنی كۆنگرە نەماوە

پڕۆژەیەكی بۆ دۆخی ناوخۆیی یەكێتی و چاكسازیی راگەیاند

مەلا بەختیار: هیچ پاساوێك بۆ نەبەستنی كۆنگرە نەماوە

دوێنێ لە سلێمانی، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا پڕۆژەیەكی بۆ دۆخی ناوخۆیی یەكێتی و چاكسازیی راگەیاند.
ئامانجی پڕۆژەكە رێكخستنەوەی پەیكەری حزب و شێوازی كاری رێكخستن و سەركردایەتی و رابەرایەتی یەكێتی و شێوازی سیاسەت و ستراتیژو سازكردنی كۆنگرەیە.
مەلا بەختیار لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەیدا، رایگەیاند: ئێستا بڕیاری بەستنی كۆنگرە لەدەستی ئەنجومەنی ناوەنددایە و هیچ پاساوێكیش بۆ نەبەستنی كۆنگرە نەماوە. وتیشی: نابێت كۆنگرەی داهاتوو، كۆنگرەیەكی تەوافوقی و پشك پشكێنەو لیست و تەكەتول بێت، راشیگەیاند: سەرۆك مام جەلال، هەرگیز لە هیچ كۆنگرەیەكدا، لایەنگری لیستی تەوافقی نەبووە.
لەدرێژەی قسەکانیدا رەخنەی لە سیاسەتی كوردستانی و عیراقی و گشتیی یەكێتی و شێوازی هەڵبژاردنی كاندید بۆ پۆستە حكومییەكان گرت.
لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا، مەلا بەختیار (گەڵاڵەی‌ ئەركەكانی قۆناغ)ی خوێندەوە كە تێیدا چەند خاڵێك لەبارەی (ئەركەكانی حوكمڕانی، ئەركە كۆمەڵایەتییەكان، ئەركەكانی یەكێتی، ئەركی بەستنی كۆنگرە) خراوەتەڕوو.
بەشێك لە خاڵەكانی لە ئەركەكانی حوكمڕانی: (نووسینی دەستوری مەدەنی هەمیشەیی گەلپەسەند، چەسپاندنی سیستەمی هاوچەرخ بكرێتە سیستەمی پەرلەمانی-دیموكراسی، دادپەروەری بكرێتە بنچینەی یاساو پەرەپێدانی مەدەنیەت‌و ئازادی‌و سەربەستیەكانی ژن، ریشەكێشكردنی گەندەڵی‌و لێپێچینەوەی یاسایی لە گەندەڵكار‌و سزادانیان).
بەشێك لە خاڵەكانی ئەركەكانی یەكێتی (گێڕانەوەی ژیانی حزبایەتی‌و پەروەردەی سۆسیال-دیموكرات‌و دژایەتی هەلپەرستی‌و چاودێری چۆنیەتی جێبەجێكردنی بەرنامەو بڕیاری یەكێتی لە حكومەت‌و لەناو خەڵكدا، پابەندبون بە پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتی لە لوتكەی ئۆرگانەكانەوە، بۆ پۆلەكان، دانانی رێسای سزا و پاداشت، بۆ كادرو ئەندامانی چالاك‌و كەمتەرخەم، كاراكردنی راگەیاندن، بەپێی رۆژگاری سۆسیال میدیاو شۆڕشی پەیوەندییەكان، بەستنی كۆنگرەی رێكخراوە دیموكراتییەكان‌و سەربەخۆیی كاری (رێكخراو-سەندیكا) لەچوارچێوەی ستراتیژی یەكێتی-دیموكراسیداو كۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرەیی).
بەشێك لە خاڵەكانی ئەركی بەستنی كۆنگرە (6 ساڵ لە وادەی بەستنی كۆنگرە تێپەڕیوە. پاساوی دواخستن نەما. دەسەڵاتی بەستنیشی لای ئەنجومەنی ناوەندە، گرنگیی وادەی بەستنی كۆنگرەو جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ناوەند، لەمەودوا، ئۆرگانەكان، دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی مێژووییەوە، كۆنگرە، دووربخرێتەوە لەهەموو جۆرە رێكەوتن‌و بڕیارێكی نادیموكراسی مەترسیدار، هەڵبژاردنی دیموكراسیانەی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە، دوور لە تەكەتول).
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا تەواوی پڕۆژەكە، بەسەر ئامادەبووندا دابەشكرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێزلێنان لە خاتوو فەهیمە ئەمین دایكی شەش شەهید و خوشكی دوو برای شەهید

شوان كەریم دوێنێ، لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ...