سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » گه‌شتیارانی كورد و رووداوه‌كه‌ی ترابزۆن..!

گه‌شتیارانی كورد و رووداوه‌كه‌ی ترابزۆن..!

هێرشكردنه‌ سه‌ر چه‌ند گه‌شتیارێكی كورد له‌ توركیا، به‌ دیاریكراویش له‌شاری ترابزۆن(Trabzon)، له‌ گه‌وهه‌ردا، كه‌م‌و زۆر، په‌یوه‌ندیی به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌شی له‌بیانوویه‌كی وه‌هادا كورتی بكاته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر له‌ رووداوه‌كه‌ نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵكو ناڕاسته‌وخۆش پاساو بۆ فه‌لاقه‌كردن‌و ئه‌زێتدانی هاوزمانه‌كانی خۆی ئه‌هێنێته‌وه‌ به‌ ده‌ستی كۆمه‌ڵێك گه‌نجی ده‌مارگیری تورك!
ئه‌و ره‌فتاره‌، پێش هه‌ر شتێك، ده‌ربڕی فۆرمێكی ترسناكی ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ Racism به‌رامبه‌ر به‌ كورد كه‌ له‌مڕۆو دوێنێدا سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه‌. ئه‌م راسیزمه‌ ده‌مێكه‌، له‌ناو مێژوودا، بۆته‌ به‌شێك له‌پرۆسه‌ی پێگه‌یاندنی سیاسی له‌ توركیادا. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تی نوێی ئه‌م وڵاته‌وه‌ (1923ز) ده‌ستیپێكردووه‌و به‌شێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌ییش به‌ڕێوه‌براوه‌. له‌مڕۆشدا، ده‌بینین هه‌ریه‌كه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت‌و ده‌زگاكانی، ماسمیدیاو ئامرازه‌كانی، به‌شێكی زۆری دانیشتووان‌و هاووڵاتیانی، به‌ ئاشكراو بێ ترس‌و سڵه‌مینه‌وه‌- ئه‌گه‌ر وه‌ك مۆراڵێكی نه‌ته‌وه‌ییش نه‌یبینن!- گوزارشتی لێده‌كه‌ن، هه‌ر خۆشیان، وه‌ك شانازییه‌ك، له‌نموونه‌ی رووداوه‌كه‌ی ترابزۆندا، وێنه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا په‌خش‌و بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌!، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه‌ سه‌ر به‌ پارتی فه‌رمانڕه‌وا AKP و پارتی كاری ناسیۆنالیستی تورك MHPن.
جگه‌ له‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا بوو كه‌ چه‌ندین ریپۆرتاژو به‌دواداچوونی ته‌له‌فزیۆنیمان بینی‌و تیایدا له‌سه‌ر زمانی گه‌شتیارانی خۆمانه‌وه‌ به‌ مامه‌ڵه‌ی خراپی فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیا ئاشنابووین له‌گه‌ڵ گه‌شتیارانی كورددا. مامه‌ڵه‌كانیش به‌ راده‌یه‌ك گێچه‌ڵ پێكه‌ر بوون به‌ هه‌ر كوردێك كه‌ بۆ گه‌شت‌و ته‌نانه‌ت نه‌خۆشیش چووبێتنه‌ توركیا كه‌ زانیاریی پێویستیان له‌باره‌وه‌ بگاته‌ ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمیش!.
هه‌فته‌ی رابردوو، سه‌رۆكی حكومه‌ت، له‌ بۆشاییه‌وه‌ بانگێشتی كونسڵی توركیای له‌ هه‌ولێر نه‌كرد. ئه‌و به‌ راشكاوی ناڕه‌زایی هه‌رێمی له‌به‌رامبه‌ر سووكایه‌تی‌و ئه‌زێتدانی گه‌شتیارانی كورد له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی توركیادا، پێ راگه‌یاند. هه‌ڵكشانی ئه‌و ره‌مه‌كه‌ ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ش له‌م ماوه‌یه‌دا، پێش هه‌ر لایه‌ك، ده‌وڵه‌ت‌و پارته‌ نه‌ژادپه‌رسته‌كان‌و میدیای توركیا لێی به‌رپرسه‌، كه‌ به‌شێكیان، به‌ ئاشكرا، بوونه‌ته‌ میدیای دێواندنی كورد!، به‌ راده‌یه‌كیش هه‌ستیارن له‌گه‌ڵ هه‌ر گرژییه‌كی نێوان ده‌وڵه‌تی توركیاو گه‌لی كورددا، له‌هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا بێت، ده‌ستبه‌جێ ده‌كه‌ونه‌ پیشه‌سازیی بڵاوكردنه‌وه‌ی جۆرێك له ‌»كوردۆفۆبیا» له‌ناو وڵاتداو رای گشتیی توركیا له‌به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورددا به‌لاڕێدا ده‌به‌ن‌و تۆوی رق‌و كینه‌و دوژمنایه‌تی له‌نێوان تورك‌و كورددا، ده‌چێنن!.
له‌لایه‌كی تر، ئێمه‌ هه‌موو ئاگادارین كه‌ ساڵ نییه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپاو به‌ تایبه‌تیش ئه‌ڵمانیا، خه‌ڵكانی نه‌ژادپه‌رستی تورك له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌رانی كورددا به‌شه‌ڕ نه‌یه‌ن‌و په‌لاماری كورده‌كان نه‌ده‌ن. هه‌ر پارو پێرار بوو له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هانۆڤه‌ر، له‌شاره‌كانی به‌رلین، شتوتگاردو كه‌رتی تریش، چه‌ندینجار په‌لاماری كورده‌كانی ئه‌وێ دراوه‌. ئه‌وان كاریان گه‌یاندۆته‌ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت له‌ تاراوگه‌و غه‌ریبیشدا مافی خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زایی به‌ كورده‌كان ره‌وا نه‌بینن‌و لێیان بشێوێن‌و گێچه‌ڵ‌و سووكایه‌تییان پێ بكه‌ن.
ئه‌و په‌رچه‌كرداره‌ تونده‌ش كه‌ كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو له‌شاری ترابزۆن-ی توركیدا به‌رامبه‌ر به‌و گه‌شتیاره‌ كوردانه‌ كرا كه‌ دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن، درێژكراوه‌ی هه‌مان مێنتاڵێتیی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌یه‌و هیچی دی. له‌و رووداوه‌دا، گه‌نجه‌ توركه‌ هه‌ڵچوو و ده‌مارگیره‌كان، هه‌ر به‌ته‌نها ملپێچ‌و ئاڵاكانیان له‌ گه‌شتیارانی كورد نه‌سه‌ندووه‌و نه‌خستۆته‌ ژێر پێ، به‌ڵكو سووكایه‌تییان پێكردوون‌و به‌ كۆمه‌ڵیش په‌لاماریان داون‌و لێشیان داون. ئێمه‌ كاتێك كه‌ ده‌ڵێین ده‌وڵه‌تی توركیاش له‌م ره‌فتاره‌ به‌رپرسیاره‌، مامه‌ڵه‌ی خودی والی شاری (ترابزۆن) خۆیمان بۆ ده‌بێته‌ به‌ڵگه‌و شایه‌تی!.
ئه‌و به‌رپرسه‌ حكومییه‌ باڵایه‌ی شاره‌كه‌، له‌جیاتی لێپرسینه‌وه‌ له‌ گه‌نجه‌ په‌لامارده‌ره‌كان، له‌بری رێزگرتن له‌ میوانانی گه‌شتیار كه‌ روویان كردۆته‌ وڵاته‌كه‌یان‌و هاتنیان ده‌بێته‌ سیمایه‌كی جوان‌و پێشكه‌وتوو بۆ توركیاو خێرو به‌ره‌كه‌تیش بۆ ئابووری وڵاته‌كه‌یان، هاتبوو گه‌شتیاره‌ كورده‌كانی ده‌ستگیر كردبوو!، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، به‌ڵكو به‌ندی كردبوون‌و دواتریش دیپۆرت، بێگومان ئه‌مه‌ش پێویستیی به‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن هه‌بوو. راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌ وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم‌و لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان‌و ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان‌و پشتگیریی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش له‌ سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت له‌و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌دا، سه‌ره‌تایه‌كی باش‌و دڵخۆشكه‌ر بوو له‌ڕووی كاردانه‌وه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ تیایاندا هاووڵاتیانی هه‌رێم ده‌كرێنه‌ ئامانج‌و زیانیان پێده‌گات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*