سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » دوو ژنە سیاسەتمەداری ئەڵمانی پۆستی باڵایان پێسپێردرا

دوو ژنە سیاسەتمەداری ئەڵمانی پۆستی باڵایان پێسپێردرا

خاتوو »ئۆرسۆلا فۆن دێرلاین» وەزیری بەرگری ئەڵمانیاو سیاسەتمەداری پارتی دیموکراتی کریستیان»پارتەکەی مێرکل» کە لە چەند رۆژی رابردوودا کاندیدکرابوو بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، لەکۆی 747 دەنگی پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەوروپا بە 383 دەنگی سۆسیالیست‌و لیبراڵەکان سەرکەوتنی بەدەست هێناو بوو بە یەکەمین ژن کە ئەم پۆستە بباتەوە. ئەو ژنە سیاسەتمەدارە هاوڕێی مێرکلەو بەئاڕاستەی مانەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە پتەوی‌و بەهەمان سیاسەتی مێرکل‌و هاوکارەکانی لەناو پارتەکەی، خەبات دەکات.
یەکەمین جارە

ئەو پۆستە بە ژن بدرێت
لە وتارێکیدا لەبارەگای پەرلەمانەکە لە ستراسبۆرگ، دوای بردنەوەی پۆستەکە، ئەجێندای بەرنامەی کاری خۆی ئاشکراکرد کە دادپەروەری‌و پاراستنی ژینگەو ریفۆرمی ئابووری‌و بەڕێوەبردن لەخۆدەگرێت. باسی ئەوەشی کرد کە باوکی کۆچکردووشی هەر لەناو کۆمسیۆنی ئەوروپادا دەسەڵاتدارار بووەو بەئاڕاستەی ئاشتی‌و ئارامی‌و یەکڕیزی‌و پتەوی یەکێتیی ئەوروپا کاریکردووە، ئەویش هەمان رێچکەی باوکی دەگرێتەبەر.
بەم جۆرە ئەو ژنە ئەڵمانە لە ناو لیستی کاندیدەکانی ئەو پۆستە هەڵبژێردراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو بوو بە شوێنگرەوەی »جان کلود»و یەکەمین ژن کە ئەو پۆستەی پێبسپێردرێت.

دووەمین ژن پۆستی پێبسپێردرێت
هەمان کات بۆ جێگرەوەی ئەو ژنە، خاتوو «ئەنگرید کرەپ کارینباوەر» دۆستی نزیکی مێرکل‌و کەسایەتی دیاری ناو پارتی دیموکراتی کریستیان پۆستی وەزیری بەرگری ئەڵمانیای پێسپێردرا بوو، دووەمین ژنە سیاسەتمەداری ئەڵمانییە کە ئەم پۆستەی پێبسپێردرێت. وەزیری بەرگری نوێی ئەڵمانیا لەکۆشکی سەرۆکایەتیی بیلفۆ، بەئامادەبونی «ئەنگێلا مێرکل» لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەڵمانیاوە دۆسێی متمانەی پێبەخشراو لەڕۆژانی داهاتوودا دەستبەکار دەبێت.

خۆی ئامادە دەکات
بڕیاری دانانی بۆ ئەم پۆستە لەناکاو بوو، چونکە بەر لە دوو هەفتە کارینباوەر لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا وەرگرتنی ئەو پۆستەی رەتکردەوەو وتی، کە ئەو وەک سیاسەتمەدارو سەرۆکی پارتەکەی دەمێنێتەوە. لەم بارەیەوە زۆرێک لە کەناڵەکانی میدیا باس لەوە دەکەن کە وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن ئەو ژنەوە، وەک خۆئامادەکردنێک وایە بۆ پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا، چونکە بڕیار وایە لەدوای تەواوبوونی خولی ئێستای ئەنگێلا مێرکل کە ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەو ژنە ئەو پۆستەی پێبسپێردرێ، چونکە هەر لە زووەوە مێرکل تەزکییەی کردووە تاکو ببێتە شوێنگرەوەی.

پۆستێکی گەورە و هەستیارە
لەم بارەیەوە گۆڤاری »دێر شپیگل» نووسیویەتی، پۆستی وەزیری بەرگری هەستیارو کەسایەتییەکی بەهێزی ئەوێت، بۆیە بۆ کارنباوەر ئەزموونێکی مەزنی سیاسی‌و ئیدارییەو تواناکانی تاقی دەکاتەوە، کە ئایا ئاستی باشی دەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستی راوێژکاری یان نا؟. هەروەها دەڵێت، وەزارەتی بەرگری یەکێکە لە وەزارەتە گرنگ‌و هەستیارەکانی ئەڵمانیاو لەساڵی 1955وە کە دامەزراوە، دەیان سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی گۆڕیوە، چونکە وەزارەتێکی پڕ کێشەیە. بەپێی زانیاریی گۆڤارەکە، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا 180 هەزار سەربازو بودجەیەکی زەبەلاحی 44 ملیار یۆرۆی لەبەردەستدایە، بۆیە کارێکی هەستیارو بەهێزو هەمان کاتیش مەترسیدارە، چونکە ئەگەر شکست بهێنێت، ئەوا بۆ داهاتووی مەترسیدار دەبێ‌و پارتەکەی لە کاندیدکردنی بۆ شوێنگرەوەی مێرکل پەشیمان دەبنەوە.

تواناکانی خۆی نمایش دەکات
هەروەها بەڕێوەبەری کەناڵی «ز.دی.ئێف» کە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کارینباوەر ئەنجامداوە، وتی: ئەو ژنە بارێکی قورسی خستۆتە سەرشانی خۆی‌و بەرپرسیارێتی گەورەی لە ئەستۆدایە، بەڵام لەپێناوی بەهێزکردنی خۆی‌و بڕینی قۆناغێکی نوێ لەژیانی سیاسی، دەیەوێ هەنگاوێک بچێتە پێشەوەو زیاتر بناسرێت، تاکو وەک وەزیری بەرگری بتوانێ لەناو پەرلەماندا قسە بکات‌و مافی ئەوەشی هەبێت لەسیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا کاریگەریی هەبێت‌و لەناو کەشی سیاسی‌و ئیداری وڵاتەکەیدا پێگەیەکی باشتری بۆ بڕەخسێ‌و باشتر بتوانێت خۆی نمایش بکات، تاوەکو لە داهاتوودا پۆستی مێرکل مسۆگەر بکات.

سەرچاوە: کەناڵەکانی میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قەیرانی گەروی هورمز تا دێ ئاڵۆزتر دەبێت

بە ئاڵۆزبوونی كێشە سیاسییەكانی نێوان وڵاتان و بردنی ئەو كێشانە ...