سەرەکی » وەرزش » ئایا وه‌رزشكردن به‌ته‌نیا سوود به‌خشه‌ یان به‌كۆمه‌ڵ؟

ئایا وه‌رزشكردن به‌ته‌نیا سوود به‌خشه‌ یان به‌كۆمه‌ڵ؟

لێكۆڵه‌ره‌ پسپۆڕه‌كانی بواری لێكۆڵینه‌وه‌كانی ته‌ندروستی وه‌رزشیی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیان كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا وه‌رزش به‌كۆمه‌ڵ بكرێت باشتر و سود به‌خشتره‌ یان به‌ته‌نیا.
زانكۆی (نیو ئینگله‌ند) له‌ ئوستورالیا لێكۆڵینه‌وه‌یەكی له‌و رووه‌وه‌ كردووه‌و ئه‌وانه‌شی كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یان له‌سه‌ر كراوه‌ خوێندكارانی زانكۆی ناوبراو بوون.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا 69 خوێندكاری ئه‌و زانكۆیه‌ به‌شدارییان كرد، سه‌رجه‌میشیان به‌سه‌ر سێ گروپدا دابه‌شكران:
*گروپی یه‌كه‌م: توانای جه‌سته‌یی كه‌ هه‌فته‌ی جارێك یاریی و مه‌شقی خۆیان به‌ كۆمه‌ڵ ده‌كرد.
*گروپی دووه‌م: باشتر كردنی ته‌ندروستی.
*گروپی سێیه‌م: له‌و خوێندكارانه‌ پێكهاتبوون كه‌ به‌ته‌نیا وه‌رزشی رۆیشتن و پایسكل سوارییان ده‌كرد.
گروپی سێیه‌م ئه‌وانه‌ی رۆیشتن و پایسكلسوارییه‌كه‌یان ده‌كرد مه‌شقی به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی و راكردنیشیان به‌ ته‌نیا و له‌گه‌ڵ گروپه‌كه‌شدا ده‌كرد.
دواتر داوا له‌ خوێندكاره‌ خۆبه‌خشه‌كانی هه‌رسێ گروپ كرا راپۆرتی خۆیان بنوسن له‌ڕوی ماندوو بوون و بارودۆخی هوشیاری بیرو هۆش و جه‌سته‌ی خۆیانه‌وه‌و ‌به‌راوردی بکه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا.
له‌كۆتایی ئه‌و كاره‌دا ده‌ركه‌وت گروپی یه‌كه‌م (توانای جه‌سته‌یی) له‌ چاو هه‌ردوو گروپه‌كه‌ی تردا له‌ڕوی بیرو هۆشه‌وه‌ خاڵه‌كانیان زیادی كردبوو، ئه‌وه‌ش به‌رێژه‌ی 12:6% و له‌ڕوی توانای جه‌سته‌ییشه‌وه‌ به‌ڕێژه‌ی 24.8% توانای جه‌سته‌ییان زیادی كردووه‌.
هه‌رچی گروپی دووه‌م و ته‌ندروستی بوو هیچ گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ روی نه‌دابوو.
له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی ته‌ركیزی كرابووه‌ سه‌ر ئه‌وەبوو ئایا ئه‌و مه‌شق و راهێنانه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و خوێندكارانه‌ كردویانه‌ به‌كۆمه‌ڵ سودی زیاتر بوو یان كاتێك خوێندكاره‌كه‌ به‌ته‌نیا كردوویانه‌، له‌به‌رامبه‌ردا هیچ گرنگییه‌ك به‌ باشتر بوون یان خراپ بوونی باری بیرو هۆشی خوێندكارو باشتر بوون یان خراپتر بوونی توانای جه‌سته‌یی خوێندكاره‌كه‌ نه‌درابوو.
ئه‌نجامه‌ گرنگه‌كه‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رخست وه‌رزش له‌گه‌ڵ هاوڕێكانداو له‌كه‌شێكی خۆشی پڕ ئاسوده‌یی و پێكه‌نین و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر میوزیك و گۆرانیشی تێكه‌ڵاو بكرێت سودی زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی به‌ته‌نیا كه‌سه‌كه‌ بیكات.
که‌ ئه‌نجامی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ‌ئاشكرا كرا، روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ش بۆوه‌، بۆ نموونه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێگیرا 69 كه‌س كه‌مه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌وجۆره‌، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌م جۆره‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌رێنی و به‌وشێوه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ له‌سه‌ر خوێندكار ده‌كرێت به‌تایبه‌تیش خوێندكاری كۆڵێجی پزیشكی كه‌به‌ كۆڵێجی شەکەتی و دڵه‌ڕاوكێ ناسراوه‌.
هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ش كراوه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ده‌ریخستووه‌ که‌ وه‌رزشی به‌كۆمه‌ڵ باشتره‌ له‌ وه‌رزشی به‌ته‌نیا، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م و دوا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌و جۆره‌ نییه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌که‌ له‌ کۆی سه‌دان لێکۆڵینه‌وه‌ی تر،‌ چونکه‌ هه‌میشه‌ بوونی كه‌سانی تر له‌ده‌ور و پشتت زیاتر سود به‌ توانای جه‌سته‌یی و ته‌نانه‌ت بیرو هۆشیش ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌وه‌تا ئه‌ندریاس بێرگدانل له‌ زانكۆی كۆنكۆردای كه‌نه‌دی له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت: وه‌رزش و مه‌شقی به‌كۆمه‌ڵ جگه ‌له‌ سوده‌ زۆره‌كانی هه‌لێكی زۆر باشیشه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ته‌نانه‌ت كه‌سانی نوێش بناسن، چونكه‌ وه‌رزش و مه‌شقی به‌ته‌نیا بێزارت ده‌كات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*