سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » لە كودەتاوە بۆ دادگا

لە كودەتاوە بۆ دادگا

عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی سودان، لە ساڵی 1989 لەڕێی كودەتا بەسەر حكومەتە هەڵبژێردراوەكەی سادق مەهدی، دەسەڵاتی لە سوداندا گرتەدەست، بە هەمان شێوە لەڕێی كودەتایەكی ئەنجومەنی سەربازی وڵاتەكەی لە 2019دا لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.
بەشیر بۆ ماوەی سی ساڵی رەبەق حوكمڕانی سودانی كرد، بە كودەتا دەسەڵاتی گرتەدەست و هەر بە كودەتاش لەسەر كورسی سەرۆكایەتی لادرا، خوێناویترین جەنگی ئەهلی بەسەر وڵاتەكەیدا هێنا كە دواجار بە رێكەوتن لەگەڵ جۆن گرەنگ كۆتایی هات.
هەر لەسەر دەستی ئەم، باشووری وڵاتەكە جیابۆوە و دەوڵەتی سەربەخۆی سودانی باشوور لەساڵی 2011 راگەیەندرا، جیابوونەوەكە لەگەڵ ئەوەی گورزێكی سیاسی كوشندە بوو بۆ جەستەی سودان، لێدانێكی بەهێزیش بوو لە ئابوری وڵاتەكە، بەو پێیەی زۆربەی هەرەزۆری كێڵگە نەوتییەكانی سودان دەكەونە باشوور.
بەهۆی كەیسەكانی تایبەت بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی،
لە ساڵانی 2009 و 2010، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكانەوە، یاداشتی دەستگیركردن بۆ عومەر حەسەن بەشیر دەرچوو.
ئەم پیاوە تاوانی سامناكی لە دارفۆر و باشووری وڵاتەكەی ئەنجامدا، لەئێستاشدا ئەنجومەنی سەربازی سودان وەك پاراستنی شكۆی وڵاتەكە، نایەوێت بەشیر رادەستی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان بكات و پێباشە لە بری لاهای لە خەرتوم دادگایی بكرێت.
بەشیر لەڕێی كودەتاوە دەستی لە دەسەڵات گیربوو، هەر لەڕێی كودەتاوە لە كورسییەكەی دوورخرایەوە، لەئێستاشدا لەبری تاوانەكانی جەنجوجید و میلیشیاكان، لەسەر ئەو دراوە بیانیانەی لە ماڵەكەیدا دەستی بەسەرداگیرا، راپێچی بەردەم دادگا دەكرێت.
نەشئەتی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی، وای لە حەسەن بەشیر كردبوو، ئەوەی بیری لێنەكاتەوە گەیشتن بێت بەم دۆخەی ئێستا، ئەو هەرگیز پێیوانەبووە ڕۆژێك بێتەبەر لەلایەن هەڤاڵەكانی لە سوپادا لە دەسەڵات دووربخرێتەوە و لەسەر كەیسێكی لاوەكی بەرەو دادگا راپێچ بكرێت.
ئەمەی عومەر بەشیر، وانەیەكی گەورەیە بۆ مێژوو، وانەیەك بە تامی دووبارەبوونەوە و نمونەی بوغرابوونی دەسەڵاتدار و نمونەیەك كە لە هەموو رۆژگار و سەردەمێكدا ئەگەری دەركەوتنەوەی بە شیاو دادەنرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئاسایشی ئیسرائیل

بۆ پاراستنی ئاسایشی قەوارەكەی هەموو رێڕەوێك، دروست بێت یان نادروست ...