سەرەکی » هەواڵ » یەكێتی پشتیوانی لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات

كۆسرەت رەسوڵ:

یەكێتی پشتیوانی لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات

كۆسرەت رەسوڵ عەلی رایگەیاند: یەكێتی پشتیوانی لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات و تیمی حكومەتیشی راسپاردووە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەت بكەن و پێشڕەو بن لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و چاكسازیی لە دامەزراوەكانی حكومەتدا.
‎ئەم وتانەی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دوێنێ 31/7/2019، لە میانی پێشوازیكردنی لە سیرینا مورۆنی كونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی هات.
‎ لە دیدارەكەدا هەردوولا گفتوگۆیان كرد لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیاو رۆڵی ئیتالیا لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ سوپاسی حكومەت و گەلی ئیتالیای كرد و دووپاتیكردەوە كە پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی زیاتر هەبێ لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا.
‎پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و گفتوگۆكان بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكان تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، جێگری سكرتێری گشتی و كونسوڵی ئیتالیا بەوردی گفتوگۆی هەنگاوەكانی لێكنزیكبوونەوە و تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدایان كرد و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە هەردوولا بەنیەتێكی جددی هەنگاو بنێن بۆ چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان.
‎كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداری یەكێتی لە كابینەكە، تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوو، كۆسرەت رەسوڵ عەلی بەوردی باسی لەپلان و بەرنامەی یەكێتی بۆ حوكمڕانی كرد و رایگەیاند: تیمی یەكێتی ئەركێكی قورسیان لەسەر شانە و دەبێ پێشەنگ بن لە خزمەتكردن و چاكسازی و جێبەجێكردنی باشترین بەرنامەی خزمەتگوزاری.
‎كۆتا تەوەری دیدارەكە، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەنگاوەكانی بەیەكجاری بنەبڕكردن و لەناوبردنی بیری تیرۆر و توندڕەوی، جێگری سكرتێری گشتی سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد كە پشتیوان و پاڵپشت بوون لە هاوكاری پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان و داواشیكرد كە هەوڵی جددی بدرێ بۆ لەناوبردنی بیری توندڕەوی لەناوچەكە.

پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عیراق كرد
هەردوێنێ لە سلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە د.وێڵبرینك فەرماندەی گشتیی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عیراق و وەفدی هاوڕێی.
‎لە سەرەتای دیدارەكەدا جێگری سكرتێری گشتی سوپاسی هێزەكانی ئەڵمانیا و هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد كە هاوكار و پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە بوون لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی داعش و هاوكاری لۆجستی و سەربازییان پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و داوایكرد بەشێوەیەكی بەرفراوانتر هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ مەشقكردن بەهێزەكانی پێشمەرگە و پشتیوانی سەربازی بۆیان.
‎لای خۆیەوە فەرماندەی گشتیی هێزەكانی ئەڵمانیا لەعیراق، سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كرد كە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان، قارەمانانە بەرەنگاری تیرۆریستان بوونەوە و تێكیان شكاندن و دووپاتیكردەوە كە هاوكاری بەردەوامی هێزەكانی پێشمەرگە دەبن.
‎بەشێكی تری دیدارەكە، تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هەنگاوەكان بۆ مەشقپێكردنی زیاتر و راهێنانیان لەسەر چەكە پێشكەوتووەكان، لەم رووەوە هەردوولا گفتوگۆی ورد و جددیان كرد و هەموو هەنگاوێكی لەو شێوەیەیان بەگرنگزانی بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە.

 155 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*