سەرەکی » مانشێت » عیراق و ئێران روفاتی قوربانیانئ جەنگ دەگۆڕنەوە

خاچی سوور سەرپەرشتی دەكات

عیراق و ئێران روفاتی قوربانیانئ جەنگ دەگۆڕنەوە

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور رایگەیاندووە، عیراق و ئێران روفاتی ئەو سەربازانە ئاڵوگۆڕپێدەكەن كە لە جەنگی ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوو كوژرابوون.
لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی كە سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكات لە بەیاننامەیەكدا لە 1ی تەمموزی 2019 رایگەیاندبوو”عیراق و ئێران روفاتی ئەو سەربازانەیان گۆڕیوە كە لە جەنگی نێوان هەردوو وڵاتدا كوژرابوون، بە جۆرێك عیراق 54 روفاتی لە لایەنی ئێرانی وەرگرتەوە و عیراقیش ڕوفاتی 26 سەربازی رادەستی ئێران كرد».
بەپێی بەیاننامەكە”ئاڵوگۆڕپێكردنی ڕوفاتەكان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی هەردوو وڵات و نوێنەرانی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور لە مەرزی سوماری سەر سنور لە ناحیەی مەندەلی، بەڕێوەچووە”.
مەرزی شەلامچە لە ساڵی 1996دا یەكەم ئاڵوگۆڕی روفاتی ئەو سەربازانەی تێدا بەڕێوەچوو كە لە جەنگی عیراق-ئێران (1980-1988) كوژرابوون، لەو دەمەشەوە تائێستا 33 پرۆسەی ئاڵوگۆڕی تەرمەكان بەئەنجام گەیشتوون، بە جۆرێك كە 13 پرۆسەیان لە دوای ساڵی 2003 بەڕێوەچوون، لەو نێوەندەشدا كۆی گشتی ئەو ڕوفاتانەی لەلایەن عیراقەوە وەرگیراون، 2302 سەرباز بوون، لە هەمان كاتدا ئێران 1807 روفاتی سەربازانی وڵاتەكەی لەلایەن عیراقەوە رادەستكراوە كە زۆربەیان لە قەزای فاو دۆزراونەتەوە.
لە مانگی تەمموزی 2018 تیمەكانی گەڕان بەشوێن بێسەرشوێنەكانی جەنگی عیراق- ئێران رایگەیاندبوو، پرۆسەكانی گەڕان بەشوێن روفاتی كوژراوەكانی سوپای ئێرانی لەنێو خاكی عیراقدا بەردەوامە.
لەو دەمەدا ئاژانسی (ئێرنا)ی كۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری عەمید سەید محەمەد باقرزادە، فەرماندەی تیمەكەوە بڵاویكردبۆوە»پرۆسەكانی گەڕان بەشوێن روفاتی شەهیدەكانی بەرگری پیرۆز لەنێو خاكی عیراقدا خێرادەكرێت».
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانیە»دانوستانەكان كە لە هەولێر بەڕێوەچوون، بەرهەمداربوون و بە ئامادەبوونی یاریدەدەری وەزیری بەرگری عیراق ئیمزا لەسەر رێكەوتنی خێراكردنی پرۆسەكانی گەڕان بەشوێن روفاتی شەهیدانی بەرگری پیرۆز لەنێو خاكی عیراقدا كراوە».
باقرزادە دەڵێت»بەپێی ئەو رێكەوتنە، پشتگیری و پشتیوانی لە تیمەكانی گەڕان دەكرێت بە زانیاریی و ئامێر و كەرەستەكان، چوارچێوەی سنوری كاری گەڕانەكەش بەشوێن روفاتی شەهیداندان لە كوردستان و ناوچەی حاجی هۆمەران و پێنجوێن و ماوەت دەبێت، وێڕای چڕكردنەوەی پرۆسەكان لە ناوچەكانی ناوەڕاستی عیراق لە مەندەلی و زورباتیە و باشووری عیراق».
باقرزادە، دانوستانەكان لەگەڵ بەرپرسانی عیراق بە ئەرێنی دانابوو، و رایگەیاندبوو»بۆ تەواوكردن و بەهێزكردنی چالاكییەكانیان، بڕیاردراوە پشت بە فەرماندەیی حەشدی شەعبی ببەسترێت بۆ یارمەتیدانیان لە ناوچەكانی كوردستان».
لای خۆیەوە هەر لەو دەمەدا یاریدەدەری وەزیری بەرگری عیراق رایگەیاندبوو»دوای كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لە كوردستان، جێبەجێكردنی رێكەوتنەكان دەبینین، ئەمەش لەڕێی ئاڵوگۆڕی روفاتی شەهیدەكان هەردوو لایەنی عیراقی و ئێرانی»، ئاماژەی بە هاتنەناوەوەی كەرەستە و ئامێرەكانیش كردبوو لە كۆماری ئیسلامییەوە بۆ عیراق، لەپێناو برەودان بە پرۆسەكانی گەڕان.
پێشتر بەرپرسێك لە مەرزی موزریەی سەر بە پارێزگای دیالە لەسەر سنورەكانی ئێران، رایگەیاندبوو»مەراسیمی ئاڵوگۆڕی روفاتی قوربانیانی جەنگی ساڵانی هەشتای نێوان عیراق و ئێران، بەشێوەیەكی رەسمی لەڕێی مەرزی مونزریەوە لە خانەقینی باكووری دیالە و لەسەر سنوری نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت».
بە گوتەی بەرپرسە عیراقیەكە»وابڕیارە دەیان روفاتی قوربانیانی ئێرانی كە لەنێو خاكی عیراقدا دۆزراونەتەوە، رادەستی ئێران بكرێنەوە، لەبەرانبەردا عیراق نزیكەی سەد روفاتی قوربانیانی جەنگ كە لەنێو خاكی ئێراندا دۆزراونەتەوە، وەردەگرێتەوە».
جەنگی عیراق- ئێران كە لە ساڵی 1980دا دەستیپێكرد و لە دوای هەشت ساڵ لە مانگی ئابی 1988 بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان راوەستا، سەدان هەزار قوربانی لە هەردوولا لێكەوتەوە، لەو دەمەدا عیراق جەنگەكەی بە ناوی «قادسیەی دووەم» و ئێرانیش بە «بەرگری پیرۆز» ناودەبرد.
سنوری بەرەكانی جەنگ لە باكووری خۆرهەڵاتی عیراق، تا باشووری خۆرهەڵاتی وڵاتەكە و بۆسەر شەتولعەرەب درێژەی بووبۆوە، ئەمەش وێڕای قوربانی مرۆیی، زیانی زەبەلاحی بە ئابوری هەردوو وڵات گەیاند و بووە مایەی ئەوەی هەردوو وڵات لە دوای جەنگەوە دووچاری مایەپوچییەكی بێ‌ پێشینە ببنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*