سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی بیستەهەم

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

نەوەی ئێمە چانسێکی گەورەی هەبوو کە لە سەردەمێکدا ژیاین، هونەرمەندە مەزنەکان لە ئەوجی سەرکەوتن و خۆشنودیدابوون و هەندێکیشیان تازە چرۆیان دەکردو بە تەوسەوە بۆ ژیان و نیشتمان مەست دەبوون. کە حەسەن زیرەك کۆچیدوایی کرد بەندە دوو ساڵان بووم، لەوێوەڕا بیژمێرین و بیانخەینەوە بەرچاومان، هەرچی هونەرمەندی ناسراو هەبوو سەرەتا؛ یان لە رادیۆ گوێمان لە دەنگی بووە یان لە تەلەفزیۆن بینیمانن و پێیان ئاشنابووین، یانەکینێ راستەوخۆ لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا بەریەککەوتووین. بۆ سەردەمی ئێمە هونەر و هونەرمەندان لە دوو بەرەو گۆڕەپان ئەسپی خۆیان تاودەدا. بەرەی شاخ، بەرەی میریی، ئەوانەی شاخ دیاربوون بۆ چ ئامانجێك تێدەکۆشان، لەناو ئەوانەی بندەستی میریش هەبوون خۆراگرو خودان خەونی خاکی و جوامێرانە ژیان و ناپاکیان لە خاك و خەڵکی خۆیاندا نەکردو سەربەرزانە مانەوە، بگرە هەندێکیان گیانی خۆیشیان لەرێی کوردایەتیی و هونەرو ئەدەبدا کردە قوربانی» قادر کابان ، دڵشاد مەریوانی و ئەردەوان زاخۆیی»و هیتریش.. تێشیاندا هەیە تا نووسینی ئەم بابەتە گۆڕیشی نیە؟!.ئەشێ هیتریش هەبووبن لێ مخابن لەم کاتەدا ناویانم بیرناکەوێتەوە.

لەگەڵ هونەرمەندە مەزنەکان
تازە پەڕتۆکی سید فێڵد « السیناریو»بڵاوکربۆوە کە لە وەرگێڕانی سامی عەبدولحەمیدی هونەرمەندو وەرگێڕ بوو، بەخۆم و پەڕتۆکەکەوە خۆم کرد بە نووسینگەی ئەلخەمیسی بەرامبەری ئێستای بازاڕی داون تاونی هەولێرکە هونەرمەندی رەوانشاد حاجی مەکی»عەلیەفەندی»لێی دادەنیشت و بە رێکەوت هونەرمەند ئەحمەد ساڵاریش لەوێبوو. ئەوان قسەو باسی خۆیان دەکردوو، بەندەش بەشەرمەوە پەڕتۆکەکەم لەناو زەرفەکەوە هێنایە دەرەوەو بە مامۆستا ئەحمەد سالارم ووت؛ ئەمەت بینیوە؟ چاویلکەکەی خستە سەر چاوان و جوان سەیری کرد، ووتی؛ ئەمەو لە کوێ بوو، ئینجا وتیشی؛ ئەمە زۆر تازەشە!. وتم؛ با پێشکەشت بێت مامۆستا. نا نا نابێت خۆم دوایی پەیای ئەکەم. ئاشنایەتیم لەگەڵ ئەو دوو هونەرمەندە زۆر سادەبوو، حەزم ئەکرد ئەوانە بناسم، بەتایبەتی هەردووکیان لە فیلمی «نێرگز بووکی کوردستان»دا کارەکتەری سەرەکی بوون. فیلمەکەش تازە دەنگیدابۆوەو لەناو خەڵك و کۆڕو کۆبوونەوەی هونەری و جەماوەری و میدیای ئەوسا باس دەکراو تاکە فیلمیش بوو لەتەواوی سەردەمەکانی حوکمڕانی عیراق بە زمانی کوردی و بە پارەو ئەکتەرو دەرهێنەری کوردیی دروست بکرێت. تاکە فیلمی فیکشنی درێژیشە کە لە کۆتاییەکانی دەستەڵاتدارێتی سەددام لە کوردستان ١٩٩٠-١٩٩١ دروست بکرێت و دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە سینەماکانی باشوری کوردستان پیشانبدرێت.
مەبەستی بەندە لەو دانیشتنەدا ئەوەبوو دەمویست بەم دوو هونەرمەندە بڵێم؛ منیش حەزم لە بواری هونەرەو لەچەند شانۆگەریەکیشدا وەك ئەکتەر رۆڵم بینیوە، لە راستیدا ئەوسا زۆر بە نووسینەکانی سالار سەرسام بووین، بەردەوام دوای پەڕتۆك و بەرهەمەکانیەوەبووین. دیدارەکەی ئەو رۆژەمان کورت و دواین یەکتربینینیش بوو؟!.

فوئاد ئەحمەدو هونەری میللی
ساڵی ١٩٩٣ بوو بە رێکەوت لەگەڵ هاوڕێیەکمدا خۆمان لە لای هونەرمەندی رەوانشاد فوئاد ئەحمەد دۆزیەوە، ئەوکات سەرپەرشتیاری هونەری میللی بوو باسی وەرگرتن و راهێنانی گەنجی تازەی دەکرد بۆ تیپی هونەری میللی، تەنانەت پێی ووتم؛ تۆ باڵات باشە بۆ نایەیت بۆ تیپی هەڵپەرکێ، مووچەتان دەبێ، سەردانی وڵاتان دەکەن، هونەرێکی جوان و خۆشە بۆ ئێوەی گەنج زۆر باشە، راستی چاوم ئابڵەق بوو. من خۆم شانۆکار بووم ئەو پیشنیارە زۆر لەناکاو بوو، بەڵام شانۆم پێ باشتربوو، راستە کە دەمویست خۆم لە ئەزموونی ژیانی لادێ رزگار بکەم و پێویستم بە کارێك هەبوو، جا ئەو کارە هەر لە بواری هونەری بوایە ئەوە هەزارجار باشتر.
دەهاتە بەرچاوم چۆن هەڵدەپەڕم و خۆم لە شاشەی تیڤی و رووپەڕی رۆژنامەو گۆڤاراندا دەبینمەوە، تەنانەت خۆم دەبینیەوە کە چاوپێکەوتنم لەگەڵدا دەکەن و گەشتی وڵاتان و ئەو خۆشیەی لەو رێگایەوە دەیبینم ، گەرچی ئەوبوارە دورە لە کاری شانۆ و حەزی زۆرم بۆ سینەما، بەڵام هەر زوو دەمویست باوەڕ بەخۆم بێنم و لە دڵی خۆمدا دەمگووت؛ یەکجاریش ئەوها لەیەك دوور نین، ئەویش هونەرە؟!.

تەنەکەیەك روون و فەردەیەك برنجی هونەریی
راستی کاتێك ئێمەی گەنج وەخۆکەوتین و خەریک بوو دەستمان لەگەڵ هونەرو ناسینی هونەرمەندان رابێت، بەسەر جۆرەها قەیراندا کەوتین و بێ کاری و نەبوونی تەنگی بە خەڵکی کوردستان هەڵچنی بوو. ئێمە بەهۆی ئاوەدانکردنی گوندی وەسان فریای ئەوە نەکەوتین وەکو خەڵکی بەشمەینەت برسێتی و قات و قڕی هەراسانمان بکات، تەنانەت بەهۆی ئاوەدانکردنی گوند و داچاندنی گەنم و بەروبوومی دیکەی کشتوکاڵی لەتواناماندا هەبوو کەسانی تریش لەو تەنگژە ئابورییە دەرباز بکەین. بەڵام ئەم دۆخە راستەوخۆ کاری کردە سەر گەشەی هونەریش. بیرمە جارێکیان کۆمەڵێك هاوڕێی هونەرمەند لەوانە: کەریم مەلا، کەریمۆك، چەندانی تریش ناویانم بیر نیە یان دڵنیا نیم لەوەی ناوی تر بێنم و لەم روداوەدا نەبووبن، هەرچۆنێك بێت، لە خولێکی شانۆییدابووین و مامۆستا «فەرهاد شەریف» وانەی شانۆیی پێ دەوتینەوە، ئیتر لەو خولەدابوو مامۆستا هەمیشە باسی بارودۆخی دەکرد کە ئیش ئەوها ناکرێت و ناڕوات بەڕێوە، زوو زوو دەیگو؛ کا رونم کا برنجم هونەر کو ئەوها دەبیتن؟!.
هەر لەو خولەدابوو ئێمەی گەنج و تازە هونەرمەند، سەرو تەنەکەیەك روون و فەردەیەك برنج و شتی ترمان وەرگرت، دڵمان خۆش بوو نەك لەبەر ئەو خواردەمەنیەی لەو بارودۆخەدا پێماندرا، بەڵکو لەماڵی خۆماندا متمانەمان زیاتر پەیدا کرد کە لەو قات و قڕیەدا ئێمە خۆراکمان پێدراوە کە بەئەستەم پەیدا دەکرا، تەنانەت برادەرێکمان هەبوو باوکی مەلا بوو، باوکی ئەویش وەکو زۆربەی باوکەکانی تر فشاری زۆری دەخستەسەر کە واز لە شانۆ و مانۆ بێنێت، بەڵام ئەو رۆژەی ئەو «ئەرزاقەی» بردبۆوە، باوکی وتبووی؛ ئەوە بەچی بکوڕم؟ ئەویش ووتبووی؛ ئەوە بەرهەمی شانۆیمانە. باوک بە گاڵتە؛ باشە کوڕم ناکرێت ئەمەش بەشداری شانۆگەریتان لەگەردا بکەین؟!.

ناوەندی رۆشنبیری سەردەم- سەرقەڵا
هەڵە نیم گەر بڵێم؛ «سەردەم» تاکە ناوەندێکی هونەریی و کافێ و شوێنی چالاکی هونەریی و ئەدەبی و کۆڕو کۆبوونەوەی هەمەجۆر بوو لە سەرانسەی کوردستان. لە تەواوی کوردستان کەسانی هونەرمەندو هونەردۆست هاموشۆیان دەکرد، بیانیەکان بە تامەزرۆوە لەو ناوەندەیان دەڕوانی و وێنەو یادگارییان لەگەڵدا تۆمار دەکرد، بەتایبەتیش جوانی و گەرم و گوڕی ئەو ناوەندە لەوەدابوو کە لەسەر قەڵا و لە سەنتەری شاری هەولێری دێرین بوو.
تەمەنی جوانی و گەنجی ئێمە هەردەم لەو ناوەندەدا خۆی دەبینیەوەو ئێمە لەوێوە خۆمان دۆزیەوە، رۆژانی دڵتەنگیمان هەینی بوو، چوون ئەو ناوەندە لەم رۆژەدا دادەخراو حەزمان نەدەکرد شتێك هەبێت بەناوی پشوو.
ناوەندی رۆشنبیری سەردەم کۆمەڵێک هاوڕێی ئەزیز درووستیان کرد، لەوانە کەریم سەرکەش – فۆتۆگرافەر، هەردی- سۆنیا- دەشتی بەرزەواری ئەویش فۆتۆگرافەر بوو. راستی نازانم کێی تریش بوو، بەڵام ئەو چوار هاوڕێیە بەردەوام جێگای شانازی و خۆشحاڵی ئێمەو هەزاران گەنجی تربوون کە توانیبوویان لەو ناوەندەدا سەرباری رێگری زۆر دڵی ئەوانە خۆش بکەن کە پەناگەیەکیان نەبوو بۆ هەناسەدانێکی بەدڵی خۆیان.
ناوەندی رۆشنبیری سەردەم، بەردەوام پڕ بوو لە چالاکی، ئێمە لەو ناوەندەدا شانۆگەریمان پێشکەشکرد، لەو ناوەندەدا «دەستەی رۆژنامەنووسانی ئازاد»مان دامەزراند کە بەندە یەکێك بووم لە دامەزرێنەرانی. هەر لەو ناوەندەدا من و پشتوان عەبدوڵا لەگەڵ هاوڕێیان کامەران محەمەد تاهیرو عەبدولخالق جەودەت و دەشتی عەمەر» پاشان دوو هاوڕێی تر بەناوی شاخەوان ئیدریس ودڵشاد محەمەد بووین بە حەوت کەس و «گروپی سینەمای کوردستان»مان دامەزراند.
ناوەندی رۆشنبیری سەردەم، بەردەوام لەلایەن بەشێك لە دانیشتوانی سەر قەڵا سەرکۆنە دەکرا، خۆی ئەو شوێنە لەبنەڕەتدا «شوێنی خۆشۆردن ، حەمام» بوو، شوێنێکی مێژوویی بوو هەڵبەت دەبێ سەردەمی عوسمانیەکان درووست کرابێت، شوێنەکە زۆر قەرەباڵغ بوو، بەردەوام پڕ بوو لە کچ و کوڕ، ئەمەش بە ئاسانی بۆ خەڵکی نیشتەجیی سەر قەڵا قەبووڵ نەدەکرا. لەهەمووی ناخۆشتر بۆ ئەو ناوەندە و هاموشۆکارانی، دیواری بە دیواری مزگەوتەوە بوو، بۆیە زۆرجاران مەلای مزگەوت»نازانم کێ بوو» بەر لەوەی فوو بکا بە بڵندگۆدا، پلارێکی دەگرتە دراوسێکەی کە ناوەندی رۆشنبیری سەردەم بوو؟!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەولێر، دیوانە شیعری (زمانی باڵندەم دەزانی) بڵاوكرایەوە

لەڕۆژانی رابردوودا لەبنكەی سەنتەری ئاڵا بۆ كاری رۆشنبیری لەهەولێر، كۆڕێكی ...