سەرەکی » راپۆرت » هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی عێراق له‌پاشایه‌تییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ

هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی عێراق له‌پاشایه‌تییه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ

ئا: رێبوار حه‌مه‌وه‌یس

هه‌رچه‌نده‌ مێژووی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ نه‌وت له‌ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌لایه‌ن شاره‌زایانی‌ ئه‌ڵمانی‌ و به‌ریتانی‌، و ته‌قینه‌وه‌ی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ نه‌وت له‌ كێلگه‌ی‌ بابه‌گوڕگوڕی‌ كه‌ركوك له‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 1927، به‌ڵام هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت چه‌ند ساڵێك دواكه‌وتوه‌، تاكو هێڵی‌ راكێشانی‌ بۆری‌ له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ سوریاو لوبنان ته‌واو بوه‌. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت، ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی‌ عێراق به‌به‌رده‌وامی‌ روویان له‌و كاڵا به‌نرخه‌كردوه‌و پشتیان له‌ كه‌رته‌كانی‌ تری‌ وه‌ك كشتوكاڵ كردوه‌.
له‌م ئینفۆگرافیه‌دا مێژووی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت و داهاته‌كه‌ی‌ له‌سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تییه‌وه‌ تاكو ئه‌مرۆ روونده‌كه‌ینه‌وه‌.
* سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌ له‌ 1930 – 1958:
هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت له‌ 50 هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌و به‌رزبۆته‌وه‌ تاكو گه‌یشتۆته‌ 120 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا
هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 2.1 دۆلار دۆلار فرۆشراوه‌و كۆی‌ داهاتی‌ ساڵانه‌ 140 ملیۆن دۆلار بوه‌، له‌كاتێكدا ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ عێراق 4.8 ملیۆن كه‌س بووه‌.
* سه‌رده‌می‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم 1958 -1963:
له‌دوای‌ كۆتایهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پاشایه‌تی‌ و راگه‌یاندنی‌ سیستمی‌ كۆماری‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم، تێكڕای‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت رووی‌ له‌ هه‌ڵكشان كردوه‌و رۆژانه‌ 760 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌كراوه‌و نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 2.92 دۆلار بوه‌.
داهاتی‌ ساڵانه‌ش 810 ملیۆن دۆلار بوه‌، له‌كاتێكدا ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ عێراق 7.5 ملیۆن كه‌س بووه‌.
* سه‌رده‌می‌ عارفه‌كان 1963-1968 :
له‌دوای‌ كوده‌تای‌ عه‌بدولسه‌لام عارف به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌ ساڵی‌ 1963 و دواتریش گرتنه‌ ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن عه‌بدولڕه‌حمان عارفی‌ برای‌، ئابوری‌ عێراق و پرۆسه‌ی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت زۆر جیاواز نه‌بوو له‌سه‌رده‌می‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم، به‌ڵام تێكڕای‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت رووی‌ له‌ هه‌ڵكشان كردوه‌و گه‌یشتۆته‌ 1.15 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.
* سه‌رده‌می‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر 1968 – 1979:
پرۆسه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت له‌سه‌رده‌می‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر دابه‌ش ده‌بێت بۆ دوو قۆناغ :
له‌ قۆناغی‌ 1968-1973:
تێكڕای‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت زیادی‌ كردوه‌و رۆژانه‌ به‌ تێكڕای‌ 1.5 ملیۆن به‌رمیل هه‌نارده‌كراوه‌، هه‌ر به‌رمیلێك به‌ 3.64 دۆلار فرۆشراوه‌ و داهاتی‌ ساڵانه‌ 2.01 ملیار دۆلار بوه‌، له‌كاتێكدا ژماره‌ی‌ دانیشتوان 10 ملیۆن كه‌س بووه‌.
له‌ قۆناغی‌ 1973-1979:
ئاستی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 2.12 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا، هاوكات نرخی‌ نه‌وتیش به‌رزبۆته‌وه‌و به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 12.8 دۆلاربووه‌، داهاتی‌ ساڵانه‌ش 10.08 ملیار دۆلار بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌ی‌ دانیشتوان بۆ 12 ملیۆن كه‌س به‌رزبۆته‌وه‌.
* سه‌رده‌می‌ سه‌دام حسین 1979-2003:
دوای‌ گرتنه‌ ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن سه‌دام حسین و له‌ ساڵی‌ یه‌كه‌می‌ حكومڕانیه‌كه‌یدا تێكڕای‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت بۆ یه‌كه‌مجار 3 ملیۆن به‌رمیلی‌ تێپه‌ڕاندو گه‌یشته‌ 3.2 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا، به‌تێكڕای‌ فرۆشتنی‌ هه‌ر به‌رمیلێك به‌ 31.51 دۆلار داهاتی‌ ساڵانه‌ گه‌یشتۆته‌ 36.51 ملیار دۆلار.
له‌ ماوه‌ی‌ نێوان 1980-1990 : له‌ده‌رئه‌نجامی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ جه‌نگی‌ عێراق- ئێران تێكڕای‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت رووی‌ له‌دابه‌زین كردوه‌و گه‌یشتۆته‌ 1.66 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكداو نرخی‌ هه‌ر به‌رمیلێك 25.3 دۆلار بووه‌و داهاتی‌ ساڵانه‌ش 14.5 ملیار دۆلار بووه‌.
* له‌ ساڵانی‌ 1990- 2003 :
له‌دوای‌ داگیركردنی‌ كوه‌یت و سه‌پاندنی‌ گه‌مارۆی‌ ئابوری‌ به‌سه‌ر عێراقدا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، به‌رنامه‌ی‌ نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ خۆراك له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌وه‌ جێبه‌جێكرا. تێكڕای‌ ساڵانه‌ی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو كه‌میكردو دابه‌زی‌ بۆ 980 به‌رمیل له‌ رۆژێكدا ، به‌تێكڕای‌ فرۆشتنی‌ هه‌ر به‌رمیلێك به‌ 19.2 دۆلار، داهاتی‌ ساڵانه‌ش دابه‌زی‌ بۆ 7.29 ملیار دۆلار .
* سه‌رده‌می‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ 2003- 2010 :
له‌دوای‌ رووخاندنی‌ رژێمی‌ به‌عس و كۆتایهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ 35 ساڵه‌ی‌ سه‌دام حسێن، هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت رووی‌ له‌ هه‌ڵكشان كردو گه‌یشته‌ 1.6 ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا ، به‌تێكڕای‌ فرشتنی‌ هه‌ر به‌رمیلێك به‌ 60.62 دۆلار ، داهاتی‌ ساڵانه‌ گه‌یشته‌ 37 ملیار دۆلار. به‌جۆرێك 20% بۆ پرۆژه‌كانی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و 4% بۆ قه‌ره‌بووی‌ جه‌نگ و دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كان ته‌رخانكرا. پاشماوه‌كه‌شی‌ بۆ دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كان بوو.
* هه‌نارده‌ی‌ نه‌وت له‌ 2019:
به‌پێی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵی‌ 2019 عێراق رۆژانه‌ 3.88 ملیۆن به‌رمیل رۆژانه‌ هه‌نارده‌ ده‌كات به‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، نرخی‌ هه‌ر به‌رمیلێكیش به‌ 56 دۆلار دیاریكراوه‌و داهاتی‌ ساڵانه‌شی‌ 93.741 ترلیۆن دیناره‌. له‌كاتێكدا هه‌رێمی‌ كوردستان تا ئێستا هیچ بڕه‌ نه‌وتێكی‌ له‌ رێگه‌ی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ نه‌كردوه‌.
واته‌ له‌ كۆی‌ 105 ترلیۆن دیناری‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ 93.741 ترلیۆن داهاتی‌ نه‌وت و 11.828 داهاتی‌ نانه‌وتی‌.
به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی عێراق، له‌ 2005 ه‌وه‌ تاكو 2018 داهاتی‌ نه‌وت گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی‌ 800 ملیار دۆلار.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ عیراق، هه‌موو ده‌پرسین، كه‌س وه‌ڵام ناداته‌وه‌

ئه‌یاد ئه‌لعه‌نبه‌ر تۆ بڵێی‌ ئاسۆیه‌ك، تروسكاییه‌ك مابێ؟ كاتێكی‌ دیاریكراو هه‌یه‌ ...