سەرەکی » زانست » بەنداوی بێخمە سەرچاوەیەك بوو بۆ بوژانەوەپەڕە 2

بەنداوی بێخمە سەرچاوەیەك بوو بۆ بوژانەوە

 د.مەدیحە سۆفی*

( بەشى یەکەم)

لەگەڵ سەرهەڵدانی زانست و پەرەسەندنی نانۆتەکنەلۆژیا و پێداویستی ژیاندا سێ فاکتەری گرنگ ڕۆڵی سەرەکیان بینی لە دنەدانی بەرەوپێشچوونی جیهان، ئەوانەش بریتی بوون لە :-
بەکارهێنانی کەشتی و گەیاندن بە فرۆکە و ئینتەرنێت. دیارە بوونی دەریا لۆژیکی بوونی کەشتی دەسەلمێنێ، بۆیە دەریاکان لە ڕیزبەندی بازرگانی و گوازتنەوە و گەیاندندا ڕووبەرێکی گرنگ و بەهەند وەرگیراون و لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا قەوارەی خۆی هەیە بۆ ماف و پێودانگی بەکارهێنان و پیسکردن و مەرج و ڕێوشوێنی جیهانی خۆی هەیە بۆ بەکارهێنان، واتە ئاو وەکو سامانێکی سەوز و سروشتی و وەکو هۆکاری گوازتنەوە و پێشکەوتن و داهێنان و وەبەرهەمهێنان دەکەوێتە ڕیزبەندی یەکەمی سیاسەتی ئابووری و وەکو مەرجی پێشکەوتن و شارستانیەت و ئاوەدانکردنەوە ئەژمار دەکرێ.
لە بەشەکانی پێشوودا، باس لەسەر وزە و ڕۆڵی وزە لەسەر ئابووری وئاراستەکردن و دیاریکردنی سیاسەت لە جیهاندا، کرا، دیارە (ئاو) یش یەکێکە لەو سامانە سروشتیانەی سەرگۆی زەوی کە بەسەرچاوەی سروشتی دوبارە دەژمێررێت، واتە سەرچاوەیەکی لەبن نەهاتوو و ڕێژە نەگۆڕە و بە سوڕی هایدرۆلیکی لە سروشدا دوبارە دەبێتەوە و لەهەمانکاتدا سەرچاوەیەکی ژینگەدۆستی بەدەستهێنانی وزەی کارەباشە وتایبەتمەندی ئەم سەرچاوەی وزەیەش لەوەدایە کە ژینگەپارێزە وهیچ گازێکی زیانبەخش دەرناداتە نێو هەواوە کە ببێتە هۆی گەرمبوونەوەی گۆی زەوی، بەپێچەوانەی غاز ونەوت وخەڵوزەوە، بۆیە ئاو چ بۆ ژینگە و چ بۆ زیندووکردنەوەی مرۆڤایەتی بە هەموو بوارەکانیەوە لە گەشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ودابینکردنی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی نیشتیمانی و تەندروستی وهاتوچۆ و گوازتنەوە و وپەروەردە و زۆربەی بوارەکانی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت.


بە پێی ڕاوبۆچوونی شارەزایان، ئەم سەدەیە سەدەی کێشەی ئاوە، یا سەدەی دەرکەوتنی کێشەی ئاوە لە هەندێ شوێنی جیهاندا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر ئەم پیشبینیانە بوونە پاڵنەری داهێنان وپێشکەوتنی زانستیانە لە بواری تەکنەلۆژیای ئاو و ئاوەڕۆکان، لەوانە دنەدان بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕوبارەکان بۆ گلدانەوەی ئاو و سودوەرگرتن لێی بۆ ئاودان لە وەرزی وشکەساڵی و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا و لافاو و بەبیابان بوون و پارێزگاری لە سەروماڵی هاوڵاتیان و نەفەوتانی فرەزیندەوەری ( کە لایەنێکی زۆر گرنگی پاراستنی ژینگەیە) و پاراستنی سامانی خۆراکی نێو ئاو و زۆر سودی زیاتر.
میزۆپۆتامیا ئەو ناوچەیەی دەکەوێتە نێوان هەردوو ڕوباری دیجلە و فوڕاتەوە، بە ناوچەیەکی بەپیت و بە برەوی جیهان ئەژمار کراوە و بناغەی سەردەمی سەرهەڵدانی شارستانیەت لەوێوە دەستی پێکردووە و سەرەتای بیرۆکەی دروستکردنی بەنداویش لەسەردەمی سۆمەریەکان، بۆ خۆپاراستن لە لافاو و بەردەستبوونی ئاو لە وەرزی وشکەساڵی هەر لەوێوە بووە، لە باکوری کورستان و باشوری کوردستانیش لەبەر شیاوی جوگرافیا و بوونی کەند و خەرەند و شیو، پرۆژەی دروستکردنی بەنداو لەو ناوچانەدا سەرکەوتوو بووە، ئەگەرچی هەندێ لە پرۆژەکانی زیانی کولتوری و ژینگەیی هەیە وەکو بەنداوی ئیلیسو و هەندێکیتر هۆکاری سیاسی و سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری هەیە وەکو پرۆژەی (گاپ) لە تورکیا.
لە مەڕ کەمی ئاو و کێشەی ئاوەوە لەسەر نەخشەی جیهاندا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕیزبەندی یەکەمدایە، ئەگەرچی کوردستان لەنێو ئەو نەخشەیەدایە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی تووشی کەمی ئاو بووبێ بەڵام ئیدارە و بەڕێوەبردنی ئاو و سیاسەتی ئاو لەو هەرێمەدا نەخوازراوە، بۆیە هەوڵدان بۆ تووشنەبوون بە کێشەی کەمی ئاو، یا بەرزکردنەوەی بەرەو ئاستێکی باشتر بردنی هەرێم لە ڕووی سامانی ئاوەوە دەگەڕێتەوە بۆ لەبەرچاوگرتنی چەند فاکتەرێك لەوانە :
1. بەڕێوەبردنێکی دروستی هەمەلایەنەی سامانی ئاو.
2. بەکارهێنانی تەکنیك و تەکنەلۆژیای نوێ.
3. پەیڕەوکردنی پرنسیبەکانی دبلن، کە لە میانەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ( ئاو و ژینگە ) ساڵی ١٩٩٢ لە شاری دبلن بەسترا
4. وشیارکردنەوەی سەرجەم هاوڵاتیان لەمەڕ بەکارهێنانی ئاو و ئەگەری هاتنەکایەوەی کێشەی کەمی ئاو.
بێگومان مێژووی دروستکردنی بەنداوە سەرەتاییەکان بەتایبەت لە عیڕاقدا کە بە (دۆڵی ڕافیدێن) ناسراوە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پیش زاینی و بۆ سەردەمی سۆمەری و ئەکەدی و ئاشوری، بەڵام پرۆژە گەورەکان کە پلانی گلدانەوەی ئاو و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و ئاودێری و بوژاندنەوەی کشتوکاڵی، لەسەردەمی شاهەنشاهیدا نەخشەکێشکرا ئەویش لەمیانەی دامەزراندنی ( هیئة الإعمار ) بوو، کە پەیوەست بوو ،بە ئاوەدانکردنەوە، ئەوە بوو، یەکەم بەنداو لە ساڵی ١٩٥٨ دروستکرا بەنداوی دوکان بوو، بە قەبارەی ٦،٨ ملیار مەتر سێجا لەسەر زێی بچوك.

*هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تاجێك له‌ سه‌ری‌ گمۆدا

ئازاد سەراوی حه‌مه‌ سوره‌بانی‌ له‌ ده‌ربه‌ندا گڤه‌ی‌ با بووو، له‌شه‌وه‌ ...