سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » نامەیەك بۆ دایكم

نامەیەك بۆ دایكم

گەلاوێژ

دایكە گیان چەند ڕۆژێك بوو هەوڵم ئەدا كەشتێكت بۆ بنووسم گوایە لە چەند لاپەڕەو دێڕێكا باست بكەم بە هۆی تێپەڕبوونی چل ڕۆژ دووریت و دووركەوتنت لێم. بەڵام كەقەڵەمم ئەگرت بە دەستمەوەوخەیاڵ ئەیهێنام و هەست و بیر ئەیانبردم. نەمزانی باست چۆن دەستپێبكەم و چۆن چۆنی قسەت بۆ ریزبكەم. چەند شەوو ڕۆژ بوو قەڵەم ودەفتەرم لە ژێر سەرمەوە دانابوو. لەبەردەمم دانابوو، ئەگەر بۆم كراو توانیم نیوە شەویش بێت دەست بدەمە قەڵەم وبكەومە نووسینی، بەڵام هەرچەندم ئەكرد بیرو خەیاڵ و هەستم زۆر زۆر بچوك و بێ توانا بوون بەرامبەرت. بەرامبەر گەورەیی كردارو ڕەوشت و خوی بەرزت. ئەو دایكە خۆشەویستە كەم وێنەیە. بەرامبەر ئەو ژنە فیداكارو مەردو دڵسۆزە. بەرامبەر ئەو هونەرە جوان و رێك و پێكە. ڕووخۆش ودەم بە پێكەنینە ئازاو ورەبەرزكەرە. خاوەنی ئەو دڵە گەورەو فراوانە كە حەزی ئەكرد ئەگەر بۆی بكرایە هەرچی خۆشەویست و ئاشناو ناسیاوی هەبوو بیخستایەتە ناو ئەو دڵە بەرین و بێ سنورەیەوە. بەتایبەت پێشمەرگەی كوردستان. پێشمەرگەی كوردستان كەلە لای ئەو و بە پێی هەست و بۆ چوونی ئەو مەلائیكەت و خۆشەویست و هیواو ئاواتی ئێستەو دوا ڕۆژبوون و حەزی ئەكرد ئەگەر بیتوانایە پاروەكەی دەمی خۆی لەگەڵ خۆشی هە موو دونیای بدایە بە پێشمەرگە. هەر ناوی پێشمەرگە ناوێكی موقەدەس بوو لەلای.
هەر بۆیەش وەسیەتی كردبوو كە پێشمەرگە تەرمەكەی هەڵگرن و ئەوان بیبەن بۆ ئەو شوێنەی كەخۆی هەڵیبژاردبوو، كەنەك بیبەن بۆ گردی سەلیم بەگ لەلای زاوای نەمری برایم ئەحمەد كەهەرە خۆشەویستی بوو، نەیبەن بۆ سیتەك بۆ لای برا خەباتكەرە دێرینە كەی هەمزە عەبدوڵڵا. حەزی كرد كەبیبەنە ناو فەقیرەكان و لەو قەراغ شەقامە و لە ناو هەراو قڕەی ئەو خەڵكە خۆشەویستانەی ئەو ناوچەیە.
هۆی ئەم هە موو خۆشەویستیەی پێشمەگەش ئەوەبوو كەزۆر لە گەڵیان شاخ و داخ و چیاو دوڵ و بنارو ڕێی پێوانی كردبوو، كاتی شۆڕشی ئەیلول ساڵی شەست و یەك و شەست و دوو، دەستی پێكردبوو ئەویش كەوتبوە نامەبردن و نامە هێنان و چونە شاخ و داخ. كاتی ڕاكردن و مناڵ و نەوە خۆشەویستەكانی پاراستن و دەربازكردنیان لە مەترسی و جەنگی حكومەتە بەدناوەكانی ئەوسای بەغدا.
دایكە گیان زۆر دەربەدەر بوویت بە هۆی خاڵی سەربەرزمەوە هەمزە عەبدوڵڵای نەمر. زۆر لەسحرای عفك و لەدیوانیەو قورنەو بەسرە ژیای، كاتێ حكومەت دوری خستبونەوە لە ساڵانی چلەكاندا دوایش كە خاڵە هەمزەم لە دێهات و لە ژێر زەمینەكاندا خەریكی دامەزراندنی پارتی بوو، تۆ هەمیشە بەڕێوە بووی بۆی. چەندین جار لە ژێر عەبا كەتا تایپ و كاغەزو ئەو جۆرە شتانەت بۆ ئەگواستەوە لەم بەر بۆ ئەو بەرو لەم شار بۆ ئەو شار دوایش بەهۆی زاوا نەمرەكەتەوە برایم ئەحمەد دیسان لەسەر هەمان ڕێباز بوویت و ئەو كارانەت بۆ ئەویش ئەكرد.
دایكە گیان چەندەها جار لەبەردەمی سجنی مەركەزی بەغدا كە چاوەڕێی ئەوە ئەبووین كەبمانكەنە ژوورێ تاوەكو چاومان بە باوكی هێرۆی خۆشەویستت بكەوتایە. بەو چلەی گەرمایە لەبەردەركی ئەو حەپسخانەیە هێرۆ كەچەند مانگان بوو خەوی لێ ئەكەوت لەسەر قۆڵ و شانت باوە شێنت ئەكردو بۆی ئەگریای و ئەتگوت مناڵەكە پڕووكاو ئەكەوتیتە دوعاكردن لەحكومەت و سەبەب كار. كاتێ كەحكومەتیش ئەیدا بەسەرمانا كەئەو بەسەردانانا لەبن نەئەهاتن لە نیوە شەوانا و لەبەرە بەیانانا دەرگات لێ‌ ئەكردنەوەو ئەچووی بەگژیاناو ئەتگوت پێش چوونە ژوورەوەتان ئەبێ بتان پشكنم، چونكە لەوانەیە كاغەزو شتی قەدەغە فڕێ دەنە ناو كتێب و شتی برایم و بڵێن لەوێ دۆزیمانەوە كە تێكڕا كاتی ئەو پشكنینانەش برایم ئەحمەدی خۆشەویست زیندانی بوو لە لایان یا لە بە غدا یا لە مووسڵ. كەچی ئەو حكومەتە بەدناوە ڕەگەز پەرستانە دڵیان بەوەش ئاوی نەئەخواردەوە و هەر پەیتا پەیتا ئەهاتن ماڵەكەیان ئەپشكنی.
دایكە شیرینەكەم باسی چیت بكەم و چیت نەكەم؟ باسی تۆو چاكی تۆو مەردایەتی تۆ تەواو نابێت و قەت لەبن نایەت.
سوپاس بۆ خوای گەورە و میهرەبان كە لەلات بووم ئەو ڕۆژەی وات لێ هات و تێر تێر بنی هەردوو پێتم ماچ كردو خوا هێز و توانای دامێ كەبتوانم لە لەندنەوە بگەمە لات. چونكە نەخۆش بووم و نەیان ئەهێشت سەفەر بكەم. و هەر مەراقم بوو، شەو ڕۆژ ئەمگوت ئەترسم دایكم شتێكی لێبێت و نەی بینم، بەڵام شكور منیش و ڕێسانی خوشكیشم و هەموو نەوە خۆشەویستەكانیشت گەیشتنە لات و چاویان پێیان كەوت.
دایكە شیرینەكەم قەت و هیچ كات و تاوەكو مردن ئەو ڕۆژەی وا تێكچوویت و دكتۆر شێركۆی خۆشەویست خەریكت بوو. لەو كات و حاڵە تۆ سەیرێكت كردم و هەر چاوت تێبڕیم.
ئەو سەیر كردن و چاو تێبڕینەت هەر لە بەرچاومەو شەوو ڕۆژ لە دڵ و دەروونما وا گیربوونە مەگەر كەمنیش هاتم بۆ لات ئەوسا لەبیرم بچن و لەبەرچاوم لاچن. زۆرت بیر ئەكەم جێگات زۆر دیارە. هەرچەندە لە ژوورەكەم دێمە دەرەوە تۆ ئەبینم و دێیتە بەرچاوم كە لە حەمامەكە دێیتە دەرەوە.
دەستنوێژت شتوە دەموچاوت پرچە جوانە سپیەكەت ئاوی پیا دێتە خوارێ. قۆڵت هەڵماڵیوە ئەچیتە ژوورەكەت نوێژ بكەیت. دایك قەت پیر نابێت لەلای مناڵەكانی هەروەك مناڵیش قەت گەورە نابن لەلای دایكیان. تاماوم هەر بیرت ئەكەم و هەر لە دڵممدای هەی خۆشترین و بەرزترین وشەو ناو.

كچی چاو لە دوورت، گەلاوێژ

16/10/2003 -سلێمانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

بەشی بیستەم کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە لە کتێبە ناسراوەکانی ...