سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » لیبیا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟

لیبیا بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟

ئێمە لە رێگەی معەمەر قەزافییەوە ناوی لیبیامان بیستووە، چونکە قەزافی تاکە سەرکردەی عەرەب و جیهانیش بوو، کە پشتگیری خەباتی رەوای گەلی کوردستانی کردووە. دەتوانین ئەمە بە سەرەتایەک دابنێین بۆ ناسینی ئێمە بۆ یەکێک لە دەوڵەتە عەرەبیی و ئەفریقییەکان، کە لە ئێستادا بۆتە مۆڵگەیەکی گەورە بۆ چەتەکانی داعش و هاوشێوەکانی، جگە لەوەش ئەم وڵاتە بۆتە مۆڵگەیەکی باش بۆ گرووپە مافییەکان، تاوەکو بازرگانی بە کۆچبەرانی ئەفریقییەوە بکەن.
هەمیشە لیبیا مایەی گرنگی پێدانم بووەو بە پێی پێویست چاودێری رووداوەکانی ئەم وڵاتە دەکەم، بەتایبەتی لە پاش رووخانی رژێمی قەزافی. لێرەدا هەوڵ دەدەم لە رێگەی چەند دێرێکەوە، کەمێک زانیاری و بەرچاوروونی لەبارەی رەوشی ئێستای ئەم وڵاتەوە بە خوێنەران بددەم، هەرچەندە بۆ قسەکردن لەسەر رەوشی لیبیا پێویستیمان بە کات و لاپەڕەو وشەی زیاتر دەبێت.

وڵاتێکی گەورەو دەوڵەمەندی عەرەبی و ئەفریقی
لیبیا یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی کیشوەری ئەفریقی ، رووبەرێکی گەورەی زەوی بۆ خۆی داگیرکردووە و دەگاتە نزیکەی 1.759.540 کم چوارگۆشە، ئەمەش رووبەرێکی گەورەی زەوییە، لە هەمووشی گرنگتر ئەم وڵاتە دەکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و کەنارێکی دەریایی ئێجگار گەورەی هەیە، هەرئەمەش وایکردووە لە دێر زەمانەوە هێزە داگیرکەرە بیانییەکان لە یۆنانی کۆنەوە بۆ رۆمەکان و عەرەب وعوسمانییەکان پاشانیش لە سەدەکانی دواییدا ئیتالیا داگیریکرد و لە جەنگی جیهانی دووەمیشدا لیبیا بووە مەیدانێکی گەورەی جەنگی زلهێزەکانی ئەو کات.

ژمارەیەکی کەمی دانیشتوان
یەکێک لە کێشە گەورەکانی لیبیا کەمی ژمارەی دانیشتوانەکەیەتی، لیبیا بە حوکمی بوونی بیابانێکی گەورە، وایکردووە کە ژمارەیەکی کەم خەڵكی تێیدا نیشتەجێبین، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی ئەم وڵاتە مەزنە بووە، لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە، نزیکەی 6.513.00 ، ئەمەش ژمارەیەکی ئێجگار کەمە بۆ ئەم هەموو رووبەرە زەوییە. لە لایەکی ترەوە بەشێكی زۆری دانیشتوانی لیبیا لە باکووری وڵات و لە کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست دەژین و شارە گەورەکانی هەمووی دەکەوێتە باکوورەوە، بەشێکی زۆری خاکەکەشی دەتوانین بڵێین چۆڵەوانییە، ئەمەش لە دێرزەمانەوە کێشەی گەورەی ئەم وڵاتە بووە.

سەرۆکێکی سەرکێش
لە کۆتاییەکانی ساڵی 1969 ئەفسەرێکی لیبی بەدەویی بەناوی « معەمەر قەزافی» ، کودەتایەکی سپی بەسەر مەلیک ئیدریس سەنوسی دا دەکات و کۆتایی بە حوکمی مەلەکی دەهێنێت، لێرەشەوە ئەم وڵاتە باوەش بۆ قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە. قەزافی لەساڵانی یەکەمیدا کەوتبووە ژێرکاریگەری کاریزمای سەرۆکی میسری جەمال عەبدولناسر، کە ئەوکاتە رابەرێتی بزووتنبەوەی «عروبەچێتی» لە گێتی عەرەبیدا دەکرد، لە سەرەتاکاندا باوەڕێکی گەورەی بە فکری « عروبەچێتی» هەبوو، بەڵام لە پاش مردنی ناسر و شکستهێنانی کۆمەڵێک هەوڵی یەکگرتنەوە لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەکان، دواجار لە کۆتایی سەدەی رابردوودا، وازی لە فکری عروبەچێتی هێنا وگەڕایەوە بۆ ناو کیشوەری ئەفریقا و خۆشیکردە « مەلیکی هەموو مەلیکەکانی ئەفریقا» پاشان بە چەپ و راست کەوتە هاوکاریکردن و یارمەتیدانی گەلانی ئەفریقا، ئەمەش تاڕادەیەک سومعەیەکی باشی بۆ قەزافی و لیبیا پەیداکرد.

لیبیا لە سایەی قەزافیدا
گەلی لیبیا لەسایەی حوکمی قەزافیدا لە رووی ئازادی سیاسیی و رۆژنامەگەری و مەدەنییەوە، هەموو مافەکانی لێزەوت کرابوو، بەڵام لە لایەکی ترەوە لە رووی سیستەمی خوێندن، تەندروستی، کشتوکاڵ، پیشەشازی، ژێرخانی ئابووریی و ئاوەدانییەوە، وڵاتەکە هەنگاوی ئێجگار گەورەی بەرەو پێشەوە نابوو، یەکێک بوو لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی ئەفریقا و گێتی عەرەبی، لە هەمووشی گرنگتر لە رووی بژێوی ژیانەوە، لیبییەکان لەسایەی قەزافیدا، باشترین پلەی ژیانیان هەبوو، هەرئەمەش وایکردبوو کە زۆر وڵات بەخیلیان پێبەرن ، بە ملیۆنان کرێکاری بیانی بەتایبەتی میسری و ئەفریقی ، لەم وڵاتدا کاریان دەکرد .
لیبییەکان لەسایەی حوکمی قەزافیدا ئەم دەستکەوتانەیان هەبوو:
1/هەموو تاکێکی لیبی خاوەنی ماڵی تایبەتی خۆی بوو .
2/ خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی هەتاوەکو تەواوکردنی زانکۆ بە خۆرایی بوو، هەربۆیە پێش حکومڕانی قەزافی تەنها 25% ی لیبییەکان خوێندەواربوون ، بەڵام لەسایەی ئەودا 87% یان خوێندەواریان هەبوو.
3/ باشترین سیستەمی تەندروستیان هەبوو، نەخۆشخانە و چارەسەری پزیشكی بە خۆرایی بوو.
4/ هەر منداڵێک لەدایک ببوایە، مانگانە 500 دۆلاری وەکو دیاری دەدرایە خێزانەکەی.
5/ بانکی هاوڵاتیان هەبوو، بە بێ سوود ، پارەی بە قەرز دەدایە هاوڵاتیان.
6/ لە هەمووشی گرنگتر ئارامی و ئاسایش بەسەر تەواوی وڵاتدا بەرقەرار بوو، رێژەی کوشتن، دزین، تاوان زۆر کەم بوو.
7/ هەر هاوڵاتییەک بیویستایە پرۆژەیەکی پیشەشازی یان کشتوکاڵی جێبەجێبکات، حکومەت زەویی بە خۆرایی دەدایە و پارەشی بە قەرز پێدەبەخشی .

لیبیای دوای قەزافی
لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، لیبیا دووەم وێستگەی بەهارە شێتەکەی گێتی عەرەبی بوو، ئەم بەهارەش بە هاوکاری دەستی دەرەکی، بارانی خۆی باراندا و بەناوی پارێزگاریکردن لەمافی مرۆڤەوە، وڵاتانی رۆژئاوا لەسەروهەمووشیانەوە ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا، دەستیانکرد بە لەناوبردنی رژێمی قەزافی و فرۆکە جەنگییەکانی ناتۆ پەلاماری لیبیایاندا، قەتەر و وڵاتانی کەنداویش دەستاینکرد، بە ناردنی پارەو چەک بۆ گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستەکان. هەرچەندە وا ماوەی هەشت ساڵە لیبیا لەناو پشێویی و نائارامیدا دەژی، کەچی هیچ دەوڵەتێکی رۆژئاوایی جگە لە فەرەنسا ، ئامادە نییە دەستی هاوکاری بۆ ئەم وڵاتە درێژ بکات.
مۆڵگەی گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستەکان
بە هۆی ئەو پشێوویی و نا ئارامیی و نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندیی و بڵاوبوونەوەی میلیشیای سەربازی، وایکردووە کە ئەم وڵاتە گەورەیە، ببێتە مۆڵگەیەکی باش بۆ گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستەکان لەسەر هەمووشیانەوە داعش و قاعیدەو ئیخوان موسلمین و هاوشێوەکانیان، هەرئەمەش بۆتە ترسێکی گەورە بۆ ئەم وڵاتە و دراوسێکانی.

بازرگانیکردن بە کۆچەرانەوە
خاڵێکی سەرنجراکێش ناخۆشتر ئەوەیە لە ئێستادا لیبیا بۆتە مۆڵگەیەک بۆ گرووپەکانی مافیا و بازرگانیکردن بە کۆچەرانەوە، هەربۆیە زۆرێک لە رێکخراوەکانی بواری مەدەنی و مافی مرۆڤ، داوایان لە حکومەتەکان کرد، کە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکاریانە دابنرێت ، کە بەرامبەر بە کۆچەرە ئەفریقییەکان لەم وڵاتەدا دەکرێت.
لیبیا لە دراوسێیەکی باشەوە بۆ خراپ
جاران هەموو گەلانی دراوسێی لیبیا بەخیلیان بە خەڵکی لیبیا دەبرد، چونکە لە رەوشێکی زۆر باشدا دەژیان، لە هەمانکاتیشدا لیبیا بۆ هەموو دراوسێکانی پاڵپشت و هاوکارێکی باشبوو، هەربۆیە بە ملیۆنان کرێکاری ئەفریقی و میسری بەرەو ئەم وڵاتە دەچوون، هەروەها بۆ ئەوروپییەکانیش لیبیا باشبوو، ئەوانیش بازرگانی گەورەیان لەگەڵ لیبیا دەکرد، بەڵام لە ئێستادا لیبیا بۆ هەموویان بۆتە مایەی ترس و سەرئێشەیەکی گەورە، جاران تەنها قەزافی سەرودڵی دەگرتن، بەڵام سوودی گەورەی ئابوورییان لێدەبینی، بەڵام لە ئێستادا هەموو لیبیا بۆتە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی.

مەیدانی جەنگی ئیقلیمی
لە ساڵانی حوکمڕانی قەزافیدا هەموو دەوڵەتانی جیهان لە سیاسەتی تەداخولکردنی لیبیا نیگەران بوون، بەڵام لە ئێستادا هەموو دەوڵەتانی جیهان دەستیان خستۆتە ناو کاروباری لیبیاوە، لە هەمانکاتیشدا لیبیا بۆتە مەیدانێک بۆ یەکلایکردنەوەی جەنگی زلهێزە ئیقلیمی و جیهانییەکان. لە ئێستادا میسرو ئیمارات و سعودیە، پشتگیری میلیشیاکانی «خەلیفە حەفتەر» دەکەن، کە زاڵە بەسەر بەشی رۆژهەڵاتی لیبیا، گەرچی قەتەر و تورکیاش پشتگیری میلیشیاکانی «فوئاد سەراج» و هاوپەیمانەکانی دەکەن، جگەلەوەش هەریەکە لە روسیا و ئەمریکا و ئیتالیا و فەرەنساش، لەم وڵاتەدا بوونیان هەیە و لیبییەکانیش دەبێت باجی جەنگی ئەم زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە بددەن.

بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی
لیبیا خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتییە بەتایبەتی نەوت و گاز، لە پاش نەمانی رژێمی قەزافی، هەر میلیشیایە و دەستی بەسەر بیرە نەوتێکدا گرتووەو بۆخۆی دەیبات، لە لایەکی تریشەوە بەهۆی جەنگی ناوخۆوە، بەشێکی زۆری ژێرخانی پیشەشازی نەوت و گازی لیبیا لەناوچووە، گەر جاران لیبییەکان تەنها قەزافی و بنەماڵەکەیان بە دزینی سامانی وڵات تاوانبار دەکرد ، بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵێک میلیشیا، رووی قەزافیان سپی کردەوە، چونکە لە سایەی حوکمی قەزافیدا، بەشێکی کەمی ئەم سامانەیان بەردەکەوت، بەڵام لە ئێستادا هیچیان بۆ نەماوەتە بگرە ئەم سامانە لەجیاتی نیعمەت بۆتە نەگەبەتی گەورە بۆیان.

ئاسۆی نەمانی جەنگی ناوخۆ
لە ئێستادا هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ نەمانی ئەم جەنگە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە نییە، ئەوەش بە هۆی ئەوەی جەنگی ناوخۆی لیبیا بۆتە جەنگی زلهێزە ئیقلیمییەکان، هەتاوەکو ئەوانیش رێکنەکەون، زەحمەتە رێگە چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدزۆرێتەوە.

سەرچاوە:
1/ Libyens Sklavenmärkte. www.spiegel.de
2/ /wko.at/statistik/laenderprofile/lp-libyen.pdf
3/ 10 مزايا للقذافي لا يريدون الاعتراف بها. www.afrigatenews.net

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پەیوەندی عەرەبستانی سعودیـە و مەغریب بەرەو خراپی دەچێت

هەفتەی پێشوو لە تەواوی میدیای عەرەبی و تاڕادەیەک جیهانیش پانتاییەکی ...