سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئایا ئیمارات كانگای كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌؟

ئایا ئیمارات كانگای كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌؟

له‌دوای دامه‌زراندنی له‌ساڵی 1971 ه‌وه‌، ئیماراتی عه‌ره‌بی بووه‌ به‌وڵاتی پێشه‌نگ له‌زۆر بواره‌وه‌، ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له‌م وڵاته‌دا هاته‌ ئاراوه‌ وێنه‌ی نه‌بوو، له‌ڕووی خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیان و ئارامی و هاوسه‌نگی له‌سیاسه‌تكردندا خۆی خسته‌ ریزی زۆرێك له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌شدا هه‌نگاوی مه‌زنی هاویشت و باربۆی زۆر له‌ وڵاتانی ده‌كرد و هێدی هێدی ده‌چووه‌پێشێ. ده‌زگاكانی شێخ زاید بوونه‌ پایه‌ی به‌رزی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و به‌ئاڕاسته‌ی خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و خۆشی ژیانیان هه‌نگاوی هه‌ڵده‌هێنا، به‌ڵام له‌ ده‌یه‌ی رابردوودا شانبه‌شانی ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌، له‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌كاروباری وڵاتان و دروستكردنی ئیسلامی سیاسیدا رۆڵێکی دیاری هەبوو.

لایه‌نێكی ئه‌كتیڤ و دیارە
ئیماراتی عه‌ره‌بی له‌ شه‌ڕی یه‌مه‌ندا لایه‌نێكی ئه‌كتیڤ و دیاره‌ و له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌و ئه‌و خوێنڕشتنه‌ی له‌و وڵاته‌دا ده‌كرێت، به‌هه‌موو توانایه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ جه‌مسه‌رێكی گه‌رم و ناكۆكی ناو شه‌ڕه‌كه‌یه‌. له‌ لیبیا به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڕێی هاندانی خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر-ه‌وه‌، تادێت به‌نزین به‌ئاگری ئه‌و شه‌ڕانه‌دا ده‌كات. له‌ سودانیش خۆپیشانده‌ران به‌به‌رده‌وامی به‌ڕووی سوپا و عه‌سكه‌ری وڵاته‌كه‌یاندا ده‌ته‌قنه‌وه‌ و ئیماراتیش ئه‌و سوپایه‌ پڕ چه‌ك ده‌كا و به‌گژ ئه‌و هاووڵاتییه‌ مافخوراوانه‌یاندا ده‌بات، ئه‌مانه‌ و جگه‌ له‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ زۆر وڵاتی تری عه‌ره‌بی وه‌ك سوریا و عیراق و هاوكاریكردنی چه‌ند گروپێكی میلیشیایی و توندڕه‌و له‌ناوچه‌كه‌دا.

ئه‌و وڵاته‌ بۆ وای لێهات؟
چاودێرانی سیاسی له‌وانه‌ «راینه‌ر هێرمان» رۆژنامه‌نووس و چاودێری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی» فرانكفۆرته‌ ئه‌لگێماینه‌ زایتۆنگ»ی ئه‌ڵمانی، پێیوایه‌ كه‌ سێ فاكته‌ری سه‌ره‌كیی بوونه‌ هۆی گۆڕان له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیماراتدا، له‌ پێشه‌وه‌یاندا داگیركردنی كوێت بوو له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌، له‌دوای ئه‌و رووداوه‌وه‌ ئیمارات كه‌وته‌ خۆپڕچه‌ك كردن و به‌شداریكردن له‌ گه‌مه‌ی سیاسی وڵاتان و له‌گه‌ڵ هاتنی ده‌سه‌ڵاتی «محمه‌دی كوڕی زاید»یش كه‌ كه‌سێكی سه‌ربازییه‌ بایه‌خێكی زۆری به‌سوپا و پڕكردنی جبه‌خانه‌كانی دا و خۆی كردووه‌ به‌پاشكۆی عه‌ره‌بستانی سعودی، تا به‌یه‌كه‌وه‌ ببنه‌ پاسه‌وانی ناوچه‌ی كه‌نداو و حه‌سحه‌س به‌سه‌ر وڵاتانه‌وه‌،تاكو وایلێهات ئه‌و دووانه‌ بوونه‌ زاڵـترین ده‌سه‌ڵات له‌جیهانی عه‌ره‌بیدا، شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌ره‌قه‌تیان نه‌هات و نه‌یانهێشت كه‌س له‌پێستی خۆیدا بجوڵێته‌وه‌، ئه‌و دوو وڵاته‌ سامانێكی زۆری خه‌ڵك و نیشتمانه‌كه‌یان به‌چه‌ك دا و ئێستا بوونه‌ته‌ گه‌وره‌ترین كڕیاری چه‌كی ئه‌مریكی و فه‌ره‌نسی و به‌ریتانی و ئه‌ڵمانی و گه‌وره‌ترین وڵاتی چه‌كدار به‌ تازه‌ترین ته‌كنۆلۆژیای مۆدێرن.

ده‌توانێت چی بكات؟
مه‌به‌ستی ئیمارات له‌ ئاژاوه‌ی ناو وڵاتان، هه‌ریه‌كه‌ و به‌جۆرێك و مه‌به‌ستێكه‌، بۆ نموونه‌، له‌ یه‌مه‌ن مه‌به‌ستێتی شكست به‌ حوسییه‌كانی سه‌ربه‌ ئێران بهێنێ و هه‌ژموونی خۆی په‌ره‌پێبدات،به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. له‌ ئابڵوقه‌ی سه‌ر وڵاتی قه‌ته‌ریش ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵات ته‌مبێ بكا و ببێته‌ ریش سپییان، هه‌مدیسان نه‌یتوانیوه‌ ئامانجی خۆی بپێكێ و ئه‌و وڵاته‌ نغرۆ بكات. له‌ وڵاتی میسریش له‌ڕێی ناردنی ئه‌و هه‌موو ملیار دۆلاره‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی فه‌تاح سیسی تا ده‌سه‌ڵاتی خۆی پێ پته‌وتر بكات، به‌ڵام پلانه‌كه‌ی هێشتا نه‌چۆته‌ قۆناغی پێگه‌یشتن و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌ی میسرییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و برسێتی نه‌هێڵێت.

سه‌رچاوه‌: Frankfurter allgemeine zeitung

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پاراستنی ژینگه‌ بۆته‌ خه‌مێكی جیهانی

لە دوو رۆژی رابردوودا هاووڵاتیانی زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان، له‌ ...