سەرەکی » ئابووری » بومەلەرزە زیانی دەیان ملیۆن دیـنار لە چەمچەماڵ دەدات

بومەلەرزە زیانی دەیان ملیۆن دیـنار لە چەمچەماڵ دەدات

دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابرددودا بومەلەرزەیەكی بەهێز سەرانسەری هەرێمی كوردستانی گرتەوە، سەرباری برینداربوون و گیانلەدەستدان، زیانێكی زۆری ماددی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی روخانی دەیان خانوو و باڵەخانی هاوڵاتیان و حكومەت، لە سنووری قەزای چەمچەماڵیش زیانی زۆری گەیاندە چەند بینایەكی حكومی و خانووی نیشتەجێبووی هاووڵاتیان.

لە چاوەڕوانی رووخانی خانووەكانیان
وەك هاووڵاتییەكی زیانلێكەوتوو ئاماژەی پێدا، بەهۆی بومەلەرزەكەوە زیانی زۆری بەركەوتووە، بەجۆرێك خانووەكەی تێكداوە و پێویستە نۆژەنبكرێتەوە، بەڵام پارەی چاككردنەوەی بەدەستەوە نییەو دەشڵێت:»ترسی داڕوخانی خانووەكەم هەیە».
سەمیرە عەلی، دانیشتووی گەرەكی راپەڕینی قەزای چەمچەماڵ بۆ كوردستانی نوێی روونكردەوە: بومەلەرزەكە بەجۆرێك زیانی پێگەیاندوین كە درزی خستۆتە ناو تەواوی ژوورەكانی خانووەكەیان كە لە بەشێكی خانووەكەشمدا دڵۆپە دەكات، چونكە كۆنكرێتی خانووەكەی جوڵاندووە و درزی تێدا درووستبووە، بۆیە ئێستا توانای چاككردنەوەیم نییەو هەمیشە لەترسی ئەوەدام خانووەكە بڕوخێت بەسەرماندا.
ئەو هاووڵاتییە داواكاربوو لیژنەی قەرەبووی زیانەكان بێت سەردانی بكات و لەڕیزی ئەو كەسانەدا تۆمار بكرێت كە قەرەبوو دەكرێنەوە، چونكە تا ئێستا هیچ كەس و لایەن و لیژنەیەك سەردانی نەكردوون بۆ مەبەستی قەرەبوو كردنەوە.

چارەسەری بەپەلە بدۆزرێتەوە
لەلایەكی تریشەوە، بومەلەرزەكە لەسنووری قەزاكە، زیانی زۆری گەیاندووە بە چەند بینایەكی حكومی لەوانە بینای كتێبخانەی گشتی و تۆماری خانووبەرەو نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو و كشتوكاڵی چەمچەماڵ، وەك بەڕێوەبەرانی ئەو فەرمانگانە ئاماژەیان پێدا، بیناكانیان كۆنەو بومەلەرزەكە ترسی زیاتری دروستكردووە بۆ رووخان.
داواكاریش بوون هەرچی زووە چارەسەری بەپەلە بدۆزرێتەوە پێش ئەوەی كارەساتی گەورەی بەدوادا بێت و زانیاری و پێداویستیەكانیان لەناوبچێت.
لەوبارەیەوە، عیسا جەلال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی چەمەچماڵ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی بومەلەرزەكەوە زیانی زۆر بە بینای بەڕێوەبەرایەتیمان گەیشتووە، بەجۆرێك ترسی رووخان لە چەند بەشێكی گرنگی بەڕێوەبەرایەتیەكە دروست بووە. بەدووریشی نازانێت تەواوی ئامێر و كەلووپەلەكانیان لەدەستبچێت.

لیژنەیەك بۆ خەمڵاندنی زیانەكان
ئاماژەی بەوەشدا: تەواوی سەقفی بیناكە جوڵاوە و زۆرێك لەدیواری بیناكەی لەیەكتر ترازاندووە و زیانی زۆری پێگەیاندووین، بەتایبەت هۆڵەكانی كۆبوونەوە (GIS) كە چەندین ئامێری گرنگ و بەنرخی تێدایە و لەلایەن ئەندازیاری شارستانی بەڕێوەبەرایەتیمان خەمڵاندن بۆ زیانەكان كراوە كە زیاتر لە 25 ملیۆن دینارە و لایەنی پەیوەندیدارمان لێ ئاگادركردۆتەوە.
وتیشی:»چاوەڕوانی هاتنی لیژنەیەك دەكەین كە دووبارە خۆیان خەمڵاندن بكەنەوە». هەروەك ئاماژەی پێدا، ئێستا لە وەرزی بارانباریندان و داوكاربوو بەپەلە بیناكەیان بۆ چاك بكەنەوە ئەگەرنا پەراوێز بخرێن بەهۆی بارانبارینەوە تەواوی ئامێرەكان لەكاردەكەون و لەناودەچن.

عیراق بڕیاریدا پارەكە خەرج بكات

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاریدا به‌ خه‌رجكردنی بودجه‌ی تایبه‌ت به‌ زیانلێكه‌وتووانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و دیاله‌، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادیش، بڕی سێ ملیار دینار بۆ چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان ته‌رخانكراوه‌.
به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، كه‌ ئه‌مڕۆ 26ی تشرینی دووه‌می 2017 بڵاوكرایه‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاریداوه‌ به‌ خه‌رجكردنی ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ بۆ زیانلێكه‌وتووانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و دیاله‌ و په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئه‌و ناوچانه‌ ته‌رخانكراوه‌.
له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌: ئه‌و بڕیاره‌ی عه‌بادی دوای ئه‌وه‌ی دێت كه‌ تیمێكی حكومه‌تی عیراق به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌یان كردو زیانه‌ مادی و مرۆییه‌كانیان خه‌مڵاندو دواتر به‌ راپۆرتێك ئارسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقیان كرد.
هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، پێشتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بڕی سێ ملیار دیناری له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كانی عیراقه‌وه‌ بۆ چاككردنی زیانه‌كانی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و چه‌ند زیانێكی دیكه‌ ته‌رخانكرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*