سەرەکی » راپۆرت » تارق حەرب شرۆڤەی ئەگەر و نەگەری..

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ PUKmedia

تارق حەرب شرۆڤەی ئەگەر و نەگەری..

تارق حەرب شرۆڤەی ئەگەر و نەگەری هەڵوەشاندنەوەی حكومەت دەکات

PUKmedia

تارق حەرب شارەزای یاسایی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی فیدرالی و هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەو رێوشوێنە دەستوورییانە باس دەكات كە پەیوەستن بەم پرسەوە.

هەڵوەشاندنەوەی حكومەت بەدوو رێگا
لەلێدوانێكیدا بۆ PUKmedia تارق حەرب، دەڵێت: هەڵوەشاندنەوەی حكومەت بەدوو رێگا دێتە دی، ڕێگای جێبەجێكاریی و نوێنەرایەتی، رێگا جێبەجێكارییەكە ئەوەیە كە سەرۆك وەزیران دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات، ئەمەش بەمانای دەستلەكاركێشانەوەی هەموو وەزیرەكان دێت، هەرچەندە وازهێنانی عەبدولمەهدی بەدوور دەزانێت. بەڕێگای نوێنەرایەتیش، ئەنجومەنی نوێنەران بانگهێشتی سەرۆك وەزیران دەكات و بەزۆرینەی دەنگی نوێنەران واتە زیاتر لە نیوەی ئەندامانی ئەنجومەن كە دەكاتە 165 نوێنەر لە كۆی 329 ئەندام، هەڵوەشاندنەوەی حكومەت پەسند دەكەن. ئەو كاتەی سەرۆك وەزیران دەستلەكاردەكێشێتەوە، كابینەی حكومەتەكەش بەدەست لەكاركێشراو ئەژماردەكرێت، پاشان سەرۆك كۆمار كەسێكی تر بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت كە پێویستە لەماوەی مانگێكدا دروست بكرێت، پاشان كابینەكەی دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران تاوەكو متمانەی ئەنجومەنەكە بەدەستبهێنێت.
دەربارەی هەڵبژاردنی پێشوەختیش لەعیراق، تارق حەرب، ئاماژە بەوە دەكات ئەوەش بەدوو رێگا دێتەدی، جێبەجێكردن و نوێنەرایەتی. دەشڵێت: بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەپێی ماددەی 64ی دەستوور، لەمیانەی دانیشتنێكدا ئەنجومەنی نوێنەران بەدەنگی زۆرینەی ئەندامەكانی هەڵوەشاندنەوەی خۆی رادەگەیەنێت، یان بە ڕێگای جێبەجێكاریی، سەرۆك وەزیران پێشنیار بكات بۆ سەرۆك كۆمار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆك كۆمار رەزامەندی لەسەر هەڵوەشاندنەوەكە دەدات، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكە، دەبێت هەڵبژاردن لەماوەی مانگێكدا بەڕێوەبچێت.

واسق ئەلهاشمی:هەلومەرجەكە لەعیراق زۆر قورسە
هەروەها، واسق ئەلهاشمی شرۆڤەكاری سیاسیی عیراقی، دەڵێت: ئەمجارەیان هەلومەرجەكە لەعیراق زۆر قورسە، هاشمی تایبەت بە PUKmedia رایگەیاند: لەو كاتەوەی كابینەی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی دروستكراوە پێشبینی ئەوە كرابوو كە بەردەوام نەبێت، چونكە ئەو لەنێو قەوارە هەرە گەورەكاندا پاڵێوراو نەبوو، تەنانەت پاڵێوراوی قەوارەكانی تریش نەبوو، ئێستاش هەموو قەوارەكان ئەو بە لێپرسراوی هەموو گرژی و ئاڵۆزییەكان دەزانن. ئەوەش دەخاتەڕوو كە لەسەرەتای پێكهاتنی كابینەكەی، ژمارەیەك لەقەوارەكان پشتگیریی عادل عەبدولمەهدی-یان كرد، بەڵام لەدوای ئەوەی شەقام خرۆشا، ئەوانە یەك لەدوای یەك داوا دەكەن عەبدولمەهدی وازبهێنێت، تەنانەت هەندێك قەوارە هەیە ئۆباڵی خۆپیشاندانەكان دەخەنە ئەستۆی عەبدولمەهدی بۆئەوەی ناچاری بكەن بەوازهێنان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دوا پەرەسەندنەكانی رێكەوتنی هەسەدە ‌و سوپای سوریا

پاش ئەوەی بە چاودێریی روسیا، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ‌و ...