سەرەکی » ئاراستە » سه‌رگوزشته‌ی برایم عه‌زۆ و هاوڕێكانی

یادی 43 ساڵه‌ی به‌ غه‌در شه‌هیدكردنیان

سه‌رگوزشته‌ی برایم عه‌زۆ و هاوڕێكانی

ئاوات كۆكه‌یی

ئه‌وه‌ی روویدا له‌ ناهه‌قییه‌كیش واوه‌تر بوو، بگره‌ وشه‌ی تاوانیش هێشتا به‌باڵای ئه‌وكاره‌ساته‌دا نابڕێت، مه‌گه‌ر هه‌ر هێنده‌ی بڵێین تاوان و خیانه‌تێكی گه‌وره‌ بوو له‌ كوردو شۆڕشه‌ ساواكه‌ی كرا.
ئه‌وه‌ی 43 ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر له‌ ئه‌شكه‌وتی (باڤێ)ی ناوچه‌ی بادینان روویدا، رووداوێكی نه‌خشه‌ بۆ كێشراوی له‌ پێشنه‌بوو، تیایدا یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی نوێی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ سه‌رقاڵی پڕكردنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ری چۆڵکراوی كوردایه‌تی و جۆشدانه‌وه‌ی كوره‌ی خامۆشی خه‌بات بوون، به‌ده‌ستی خه‌ڵكانی بوده‌ڵه‌، به‌ناهه‌ق شه‌هیدكران.
هۆكاری شه‌هیدكردنه‌كه‌شیان ته‌نیا ئه‌وه‌بوو كه‌ بكوژه‌كان هیچیان له‌ باراندا نه‌بوو و نه‌یانده‌توانی بۆ یه‌ك ده‌قه‌ش به‌رامبه‌ر دوژمن خۆیان راگرن، ئه‌وان نه‌یانده‌توانی كوره‌ی سارده‌ وه‌بووی شۆڕش گه‌رمداهێننه‌وه‌، بۆیه‌ رقیان له‌هه‌ر كه‌سێكیش بوو كه‌ په‌نجه‌و مەچەکی هەڵگرتنی مه‌شخه‌ڵی هه‌بێت، دژی هه‌موو هه‌ڵوێست و هه‌نگاوێكی كوردانه‌ ده‌وه‌ستانه‌وه‌.
ئیتر دووژمنه‌كانی كوردیش له‌ ئێران و توركیان و عیراقی ئه‌وسا، باشتر له‌ جاران خۆیان خزانده‌ نێو ریزه‌كانی خەڵکانی بەکرێگیراو، هانیان ده‌دان و هاوكاریشده‌كران بۆ وه‌شاندنی گورزی زیاتر و به‌رده‌وام له‌ كاروانه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی شۆڕشه‌ ساواكه‌ی یه‌كێتی.
له‌ راستیدا ئه‌و تاوانه‌ به‌پێوانه‌ی خیانه‌تیش بپێورێ هێشتا كه‌مه‌، ده‌بێت ده‌سته‌واژه‌و گوزارشتێك هه‌بێت له‌ خیانه‌ت و تاوان قێزه‌ونتربێت ئینجا ده‌توانین پێناسه‌ی له‌ناوبردنی یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌كه‌ی شۆڕشی نوێی پێبكه‌ین.
تاوان ئه‌وه‌یه‌ له‌رووبه‌رێكی كه‌م و له‌كاتێكی كه‌مدا رووبدات و ئیدی كۆتایی پێبێت، هه‌ڵه‌و سه‌رپێچیش هه‌روا، ده‌ی خیانه‌تیش سنووری هه‌یه‌و له‌جێگه‌یه‌كدا هه‌ر ده‌بێت له‌نگه‌ر بگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌بادینان به‌رامبه‌ر یه‌كه‌م سێ مه‌فره‌زه‌كه‌ی شۆڕشی نوێ كرا، سنووری خیانه‌تیشی بڕی، چونكه‌ ئه‌و تیغه‌ له‌وێدا رانه‌وستاو له‌بڕینی گه‌ردنی هه‌ڵۆكانی كورد نه‌كه‌وت، ئه‌و تیغه‌ كول و خواره‌ تێرنه‌ده‌بوو له‌خوێن، له‌خۆڕاو به‌ناهه‌ق چین به‌چین كه‌وتنه‌ دروێنه‌ی باڵای سه‌وزی ئه‌وتێكۆشه‌رانه‌ی بۆ جۆشدانه‌وه‌ی به‌رگری و بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، ده‌چوونه‌ چیاكان، ئه‌و تیغه‌ی جه‌سته‌ی برایم عه‌زۆرو هاوڕێكانی به‌ناهه‌ق هه‌ڵدڕی، له‌وێوه‌ ده‌لاقه‌یه‌كی وای كرده‌ جه‌سته‌ی نیشتمان كه‌به‌هۆیه‌وه‌ روبارێك خوێن له‌جه‌سته‌ی كورد رۆیشت.
روویدا شه‌هید ئیبراهیم عه‌زۆ، ئه‌ستێریه‌كی دره‌وشاوه‌یه‌ له‌مێژووی شۆڕشی نوێ، ئه‌وشۆڕشه‌ی كه‌بووه‌ جێگه‌ی ئومێدی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌دوای شكستی شۆڕشه‌كه‌ی پێشومان، ئیبراهیم عه‌زۆی ئه‌فسه‌رو فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌ش به‌شێكی گرنگی له‌و ئومێد به‌خشینه‌و له‌وشانازییه‌ی شۆڕشی 1/6 بۆخۆی پچڕیوه‌، كه‌ده‌ڵێم سه‌ركرده‌ ئه‌وا هه‌ڵه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی دیاری سه‌ره‌تای كاروانه‌كه‌ی شۆڕشی نوێ بوو، یه‌كه‌م فه‌رمانده‌یه‌ی یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی سه‌ره‌تایی پارتیزانیش بوو كه‌بۆ داگیرساندنی مه‌شخه‌ڵی شۆڕشه‌كه‌، له‌گه‌ڵ هاوسه‌فه‌ره‌كانی گه‌یشتنه‌وه‌ كوردستان، ئه‌و پێشتری ئه‌فسه‌ری ده‌وڵه‌تی عیراق بووه‌، بۆیه‌ هه‌مووچه‌مێكی رێبه‌ڕێكی كردن، بۆئه‌و زۆر نییه‌و شایانیه‌تی.
ئه‌گه‌ر مێژوویه‌كی راسته‌قینه‌ بنووسرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ویژدانێكی ساغ و بێگرفتی هه‌مه‌چه‌شنه‌، قه‌ڵه‌م بخاته‌ سه‌ركاغه‌زو دێڕه‌كانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد بنووسێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وسا ده‌زانیین برایم عه‌زۆ كێیه‌و له‌كوێدا هه‌نگاوی گورجی به‌كێوی پڕ ترس و بیم و هه‌ڵدێرو رژد دا، هه‌ڵناوه‌.
برایم و هاوڕێكانی له‌پێش سه‌ره‌تاشه‌وه‌ سه‌ره‌تا بوون، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی پته‌و بوون و بوونه‌ پردی په‌ڕینه‌وه‌ی رێبوارانی كاروانه‌كه‌ بۆدوای زه‌مه‌نی خۆیان، به‌توله‌رێگه‌كانی سنووری وڵاتاندا به‌ره‌و كوردستانی باشوور هه‌گبه‌ی نوێیان له‌كۆڵناو وه‌ك هێڵی هه‌وره‌ بروسكه‌ ئاسمان وزه‌مینیان پێكه‌وه‌ گرێدا، هه‌ورازو نشێوی پڕله‌عاره‌ق و خوێن و ماندوبوونیان ته‌یده‌كردوو رووه‌و مه‌نزڵی كوردایه‌تی به‌ڕێكه‌وتن، به‌ڵام كام مه‌نزڵ؟ مه‌نزڵێك پڕله‌بۆنی مه‌رگ، هێنده‌ی رووبه‌ری خاكه‌كه‌ی، هێنده‌ی ژماره‌ی گه‌ڵاو ده‌وه‌ن و تاشه‌به‌رده‌كان، به‌عس سیخوڕو سه‌ربازو تیپی چه‌كداری بڵاوكردبۆوه‌، له‌هه‌ر شوێنێك مه‌ودای بینین بوایا ئه‌وا چاوی دوژمن بریسه‌كه‌ی ده‌هات، به‌ڵام دواجار برایم و براكانی گه‌یشتنه‌ خاكی پڕ له‌هه‌ڵدێران و كردیانه‌ مه‌كۆی دلێران، ئیدی له‌وێوه‌ نه‌خشه‌ی فراوانبوونی شۆڕش و به‌ره‌نگاری كێشراو تاگه‌یشتینه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌رده‌وام بوو و به‌رده‌وامیش ده‌بێت.
شه‌هید ئیبراهیم عه‌زۆ كاتێك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئاشكرابوو، رۆژی 16/9/1975 له‌گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێكیدا چونه‌ موسڵ و دواتریش عه‌ینزاله‌، له‌وێوه‌ به‌قاچاغ چوونه‌ وڵاتی سوریاو له‌وێ خۆیان به‌هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ده‌ناسێنن و ئاماده‌كاری شۆڕشگڕانه‌ ده‌كه‌ن و نه‌خشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌كداره‌كان داده‌ڕێژن، ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و كورستان ده‌كه‌ونه‌ڕێ.
برایم عه‌زۆ فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌م ده‌سته‌ی چه‌كداری شۆڕی نوێ بوو كه‌له‌سوریاوه‌ ناردرایه‌وه‌ بۆكوردستان، ئه‌وكاته‌ كوردستان خاڵی بوو له‌پێشمه‌رگه‌، پڕبوو له‌ هۆكاره‌كانی مه‌رگ، شه‌هید نه‌جمه‌دین بیوك كایا كه‌ناسرابوو به‌(نه‌جۆ) ئه‌و پۆله‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ی گه‌یانده‌وه‌ كوردستان، نه‌قیب ئیبراهیم عه‌زۆ فه‌رمانده‌ی ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ناوچه‌ی بادینان بوو، گه‌یشتنه‌ نزیك روباری (هیزل) له‌پشتی زاخۆو له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی تر یه‌كتریانگرته‌وه‌، كه‌نه‌خشه‌ی رۆیشتن به‌ره‌و بادینان دابنێن تابه‌سه‌لامه‌تی بگه‌نه‌ شوێنی خۆیان، چونكه‌ شاره‌زایان له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ ژماره‌یان 37 كه‌س بوو، به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی ئیبراهیم عه‌زۆ كران به‌چوار مه‌فره‌زه‌وه‌.
فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی یه‌كه‌م: ئیبراهیم عه‌زۆ.
فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی دووه‌م: عزه‌ت ئیسماعیل شه‌نگاری.
فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی سێیه‌م: عومه‌ر ئیبراهیم رشید.
فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی چواره‌م: جه‌بار مه‌لا غه‌نی سندی.
ئه‌وچوار ده‌سته‌یه‌ بۆجێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان دابه‌شبوون به‌سه‌رناوچه‌كانی: زاخۆ، ئامێدی، دهۆك و كه‌وتنه‌ چالاكی سیاسی و رێخراوه‌یی پێشمه‌رگایه‌تی، فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌كان زۆربه‌یان پێشتر له‌شۆڕشی ئه‌یلولدا یان كادربوون یان پێشمه‌رگه‌بوون و شاره‌زایی ته‌واویان هه‌بوو له‌ئاشناكردنی خه‌ڵكدا.
ئه‌وپێشمه‌رگانه‌ لاوه‌ شۆڕشگێره‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بوون، هه‌موویان مه‌شقی جه‌نگییان پێكرابوو و خولی په‌روه‌رده‌كردنی كادیرانیان بینیبوو، جگه‌له‌وه‌ی له‌هه‌مووشه‌ڕه‌كانی ساڵانی 1974-1975 دا به‌شدارییانكردبوو و پێشمه‌رگه‌و كادیری سیاسی بوون له‌ناو پ.د.ك، خه‌ڵكی ناوچه‌كانی: زاخۆ، دهۆك، شێخان، عه‌ینزاله‌، ته‌لعه‌فه‌رو شه‌نگاریان تێدابوو، هه‌ندێكیان جووتیارو هه‌ندێكیشیان خوێندكاری زانكۆ بوون، به‌ڵام به‌گشتی بیروباوه‌ڕێكی پته‌ویان هه‌بوو، به‌وره‌ی جه‌نگاوه‌رانه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كانی خۆیان ده‌چوون و جه‌ماوه‌ری بادینان پێشوازی گه‌رمیان لێكردن.
ئه‌وده‌سته‌یه‌ ماوه‌كی باش له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕان و ده‌ستیانكرد به‌په‌یوه‌ندییكردن به‌دۆسته‌ نزیكه‌كانی خۆیان و مژده‌یان ده‌دا به‌خه‌ڵك كه‌وا شۆڕشی چه‌كداری ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌میشدا ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌باشی ئه‌نجامداو تۆوی رێكخستنیان چاند، باسی جۆشی دانه‌وه‌ی خه‌بات و شۆڕشی نوێیان ده‌كرد.
هه‌رله‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ زۆر هه‌وڵی شه‌هیدكردنی ئیبراهیم عه‌زۆو هاوڕێكانی درا، به‌ڵام له‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌دا خۆیا ڕاگرت و درێژه‌یان به‌ئه‌ركی گرانی سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێدا.
دواجار هه‌ر 37 پێشمه‌رگه‌كه‌، به‌ناهه‌ق شه‌هید كران، حه‌یف.
*بۆ ئەم بابەتە سوودم لە ئەرشیفی رۆژنامەی کوردستانی نوێ وەرگرتووە.

ئیبراهیم عه‌زۆ
شه‌هید ئیبراهیم عه‌زۆ ساڵی 1949 له‌شاری موسڵ له‌دایك بووه‌و ساڵی 1972 كۆلێژی هێزه‌ ئاسمانییه‌كان- به‌شی راداری ته‌واوكردووه‌، چه‌ند خولێكی مه‌شقیشی له‌یه‌كێتیی سۆڤێتی پێشوو بینیووه‌، ساڵی 1973 به‌نهێنی په‌یوه‌ندییكردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌، ساڵی 1975 له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ی.ن.ك چۆته‌ شام و له‌پاش بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ، وه‌ك یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌م پۆله‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌وته‌ ئاماده‌كاریی بۆگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌ی وڵات و فه‌رمانده‌ی 37 پێشمه‌رگه‌ی پارتیزان بوو.
به‌داخه‌وه‌، له‌رۆژی 19/10/1976 ته‌واوی مه‌فره‌زه‌كه‌ کە 37 پێشمه‌رگه‌بوون، شه‌هیدكران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*