سەرەکی » وەرزش » ئه‌مڕۆ سێ پاڵێوراوه‌كه‌ دیارییده‌كرێن

ئه‌مڕۆ سێ پاڵێوراوه‌كه‌ دیارییده‌كرێن

خه‌ڵاتێكی تری ساڵ كه‌ به‌باشترین یاریزانی جیهان ده‌درێت خه‌ڵاتی باڵۆن دۆره‌ و ساڵانه‌ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ده‌یبه‌خشێت.
به‌پێی به‌رنامه‌ی دانراو بۆ ئه‌م خه‌ڵاته‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21/10/2019 گۆڤاره‌كه‌ له‌پێگه‌ی ره‌سمی خۆی ناوی یاریزانه‌ پاڵێوراوه‌كان بۆ باشترین یاریزانی كوڕ و كچ و باشترین گۆڵچی ئاشکرا ده‌كات.
دواتر پرۆسه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان و ده‌نگدان ده‌ستپێده‌كات، هه‌ربه‌پێی به‌رنامه‌ی دانراو بۆ ئه‌مساڵی باڵۆن دۆری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، بە مه‌راسیمێكی شایسته‌ له‌ هۆڵی شانۆی شاتلیه‌ له‌ پاریس خه‌ڵاته‌كان دابه‌شده‌كرێن، دیدیه‌ درۆگبای كۆتدیڤواری و یاریزانی پێشووی یانه‌ی چێڵسی باڵیۆزی ئه‌مساڵی خه‌ڵاته‌كه‌یه‌و به‌رنامه‌كه‌ش به‌مشێوه‌یه‌یه‌:
*رۆژی 21/10/2019 ناوی سه‌رجه‌م پاڵێوراوه‌كان ئاشكرا ده‌كرێن.
*رۆژی 2/12/2019 ناوی براوه‌كانی خه‌ڵاته‌كه‌ ئاشكرا ده‌كرێن.
سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی خه‌ڵاته‌كان ده‌به‌نه‌وه‌، جگه‌ له‌ له‌باشترین یاریزانی جیهانی ئه‌مساڵ، خه‌ڵاتی لیڤ یاشین بۆ باشرین گۆڵچیش زیاد كراوه‌، به‌مه‌ش سه‌رجه‌م خه‌ڵاته‌كانی باڵۆن دۆر به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بن:
* خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی(كوڕ).
* خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی(كچ).
*خه‌ڵاتی كوپا بۆ باشترین یاریزانی تازه‌ ده‌ركه‌وتوو.
*خه‌ڵاتی باشترین گۆڵچی.
مێژوویه‌كی كورتی باڵۆن دۆر
باڵۆن دۆر مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌، له‌ ساڵی 1956 – ه‌وه‌ به‌یاریزانان ده‌درێت، باڵۆن دۆر به‌ چه‌ند قۆناغ و چه‌ند ناوێكی جیا جیادا تێپه‌ڕیوه‌.
ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌ساڵی 1956 – ه‌وه‌ دابه‌شده‌كرێت، سه‌ره‌تا ناوی (خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی ئه‌وروپا) بووه‌، یه‌كه‌م یاریزانیش كه‌ بۆته‌ براوه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌ ستانلی ماتیۆسی ئینگلیزی بووه‌ كه‌ ئه‌و ساڵه‌ بۆ یانه‌ی بلاكبۆڵی ئینگلیزی یاریی كردووه‌.
خه‌ڵاته‌كه‌ به‌و ناوه‌و به‌و سیستمه‌ی خۆی به‌رده‌وام بووه‌ تا ساڵی 1995، له‌م ساڵه‌وه‌ سیستمی جۆری به‌خشینه‌كه‌ی گۆڕانكاری تیادا كراو ته‌رخان كرا بۆ باشترین یاریزانی یانه‌كانی ئه‌وروپا، واته‌ مه‌رج نییه‌ یاریزانه‌كه‌ ئه‌وروپی بێت، ده‌شێت یاریزانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا بێت، به‌ڵام مه‌رجه‌ یاریی بۆ یانه‌یه‌كی ئه‌وروپا بكات، یه‌كه‌م یاریزانیش كه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ی به‌و سیستمه‌ نوێیه‌ برده‌وه‌ جۆرج ویا-ی لیبیری و یاریزانی یانه‌ی ئه‌ی سی میلانی ئیتاڵی بوو، به‌م سیستم و به‌رنامه‌ نوێیه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ ساڵانه‌ دابه‌شده‌كرا تا ساڵی 2009، له‌ ساڵی 2010 وه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان-فیفا تێكه‌ڵاو بوون و به‌باڵۆن دۆر ناوزه‌د كراو ساڵانه‌ به‌باشترین یاریزانی جیهانی ده‌درا.
دواتر جارێكی تر و ساڵی 2016 ئه‌م دوو خه‌ڵاته‌ تێكه‌ڵ كراوه‌ (باڵۆن دۆر)( باشترین یاریزانی تۆپی پێی جهانی) له‌یه‌كتر جیا بوونه‌وه‌و باڵۆن دۆری گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ بۆ باشترین یاریزانی جیهانی سه‌ربه‌خۆی خۆی وه‌رگرته‌وه‌.
باڵۆن دۆری سێ ساڵی رابردووه‌ كه‌له‌ فیفا جیا بۆوه‌، دراوه‌ به‌م یاریزانانه‌:
*2016 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2017 كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
*2018 لۆكا مۆدریج.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*