سەرەکی » ئابووری » هاوردەكردنی مریشك قەدەغە دەكرێت

هاوردەكردنی مریشك قەدەغە دەكرێت

بەهۆی زیادبوونی بەروبومی ناوخۆیی لە پەلەوەردا، هاوردەكرنیان قەدەغە دەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت وەبەرهێنان لە پڕۆژە كشتوكاڵییەكاندا رووی لە زیادبوون كردووە.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراویکدا کە کۆپییەکی بۆ کوردستانی نوێ نێردراوە رایگەیاندوە: ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبوومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچوونەوە بەبڕی ئەو بەروبووم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
لە دوای كۆبوونەوەكەش، رزگار حمد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی وتی: «بەهۆی زۆربوونی پڕۆژە كشتوكاڵیەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ هەروەها بۆ پشتگیری خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەكان، بۆ مانگی یازدە هاوردەكردنی مریشك قەدەغە دەكرێت».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە رێژەی بەروبوومە هاوردەكراوەكان رەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمبوونەوەی بەكارهێنان لەوەرزەكاندا كراوە، لیژنەكە بۆ مانگی (11)ی ئەمساڵ بڕیاری دا 800 تۆن ماسی و 500 تۆن گۆشتی سور هاوردە بكرێت و هاوردەكردنی مریشك و هێلكەش قەدەغە دەكرێت.
سەبارەت بەهاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو لیژنەكە دوو پێشنیاری بۆ وەزارەت خستەڕوو بۆدیراسە كردنی:
1 – رەسید كراوە بێت بۆ ئەو كۆمپانیاو بازرگانانەی كە پسپۆڕن لەبوارەكەدا لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەكان ئاژەڵ هاوردە بكرێت.
2 – رێگە بدرێت تەنها خاوەنی پڕۆژەكانی ئاژەڵداری ئاژەڵ هاوردە بكەن بەپێی مۆڵەتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*