سەرەکی » زانست » سیاسەتی ئاو و ئاسایشی ئاو

سیاسەتی ئاو و ئاسایشی ئاو

د. مه‌دیحه‌ سۆفی*

( بەشى سێیەم)

جگە لەوەی ژیان بەبێ ئاو بەردەوام نابێ؛ پێشکەوتن و داهێنان و هەنگاوی نوێی تەکنەلۆژیا و هەموو ئەو ڕێوشوێنە زانستیانەی بۆ گەشەسەندن و پەرەسەندنی مرۆڤایەتی دەگیرێنەبەر، بە بێ بوونی ئاو ئەنجام نادرێن، بۆیە هەر کاتێك کێشەی ئاو دروست دەبێت، کێشە و گرفت و ڕێگری بۆ تەواوی بوارەکانی دیکەی ژیان دروست دەبێ. بەردەستبوونی بڕی ئاوی پێویست بۆ پێداویستی ژیان لە هەموو بوارەکاندا، پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات کە پێی دەوترێت گەشەی سۆسیۆئیکۆنۆمیی، هەر کاتێك ئەو بڕە ئاوە پێویستەی، چ بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە یا وشکەساڵی یا هەر هۆکارێکی سیاسیەوە، بەشی پێداویستی خەڵکی نەکرد و کورتی هێنا، واتە جومگەکانی دیکەی بەڕێوەبردن، زانست، داهێنان، بەرهەم، پیشەسازی و هەموو بوارەکانی دیکەش سڕ دەبن.
مالین فالکینمارك کە شارەزا و پسپۆرێکی بواری هایدرۆلیکە، پێناسەی بوونی قەیرانی ئاو لە وڵاتێکدا بەجۆرێك دەکات کە ئەگەر پشکی هەر هاوڵاتیەك لە هەر وڵاتێكدا زیاتر لە 1700 مەتر سێجا بێ لە ساڵێکدا دەتوانێ بەبێ گرفت پێداویستیەکانی ژیانی جێبەجێ بکات، گەر ئەو پشکە لە نێوان 1000 و 1700 مەتر سێجا ئاو بێ بۆ هەر هاوڵاتیەك، لەو حاڵەتەدا لەلایەن شارەزاکانەوە بە تەنگژەی ئاو ناودەنرێت، لە 1000 مەتر سێجا کەمتر دەچێتە بواری قەرانی ئاوەوە.
بەکارهێنانی ئاو لە بوارە جیاوازەکاندا، بە پێی پێشکەوتنی هەر وڵاتێك و ئاستی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و شێوازی نوێی ئامێر و ئاستی ژیاری ئەو وڵاتە دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی تێکڕای بەکارهێنانی ئاو بە ڕێژەی %70 ی بۆ بواری کشتوکاڵ، بڕی %20 ی بۆ بواری پیشەسازی و بڕی %10 ی بۆ بواری ماڵداریە، بڕی بەکارهێنانی ئاو لەو بوارانەدا دەکەوێتە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاکەی، بۆ نمونە وڵاتە پیشەسازیەکانی وەکو ئەمریکا و هەندێ وڵاتی ئەوروپا بڕی ئاوی بەکارهاتوو بۆ بواری پیشەسازی دەگاتە %50 ، تەنانەت ڕێژەی ئەو ئاوەی بۆ بواری پیشەسازی لە ڕۆژئاوای ئەوروپا بەکاردەهێنرێت دەگاتە %70 .
لە ڕوانگەی کەمی ئاو و بوونی قەیرانی ئاو لە زۆربەی وڵاتەکاندا، ئەو دەنگۆیە هاتە کایەوە کە شەڕی داهاتووی جیهان دەبێتە شەڕی جیهانی ئاو، وەلێ ئەو توێژینەوە زانستیانەی لە بیست ساڵی ڕابوردوودا، لە مەڕ کێشە و قەیرانی ئاو، ئەنجام دران کە ئایا قەیرنی ئاو، جیهان بەرەو شەڕ یا ڕێکەوتن و هاوکاری، دەبات، ئەو دەرئەنجامەی خستە ئاراوە کە کێشە و قەیرانی ئاو، ئەگەری زۆر کەمە جیهان بەرەو شەڕی چەکداری و پێکدادان ببات.
بۆ پێوەری زانینی ئاستی کەمی ئاو لە هەر وڵاتێکدا، دەبێ ڕێژەی بەکارهاتنی ئاو لەگەڵ ڕێژەی نوێبوونەوەی ئاوی ئەو شوێنە بەراوردبکرێ، بۆ نمونە هەڵهێنجانی بڕی ئاوی ژێر زەوی دەبێ بەڕادەیەك بێت؛ کە تا ساڵی داهاتوو هەمان ڕێژەی ئەو ئاوە لە ژێر زەوی عەمبار بکرێتەوە و جێگەی ئەو ئاوەی هەڵهێنجراوە بگرێتەوە، گەر وا نەبێ؛ واتە لە قۆناغی کەمی ئاودایە و ڕێژەی ئاو لەو شوێنەدا کورت دەهێنێ، لە بەدواداچوونێکی ڕێکخراوی خوراك و کشتوکاڵ (فاو) دا، لە تەواوی 178 وڵاتدا 168 وڵاتی ڕێژەی بەکاربردنی ئاو و نوێبوونەوەی ئاوی عەمبارکراو یەکسان نەبوو، واتە کورتی هێنا، لەو وڵاتانە نمونەی کوێت و ئیماڕات و سعودیەی عەرەبی و لیبیا و قەتەر و یەمەن و میسر و ئوزبیکستان و تورکمینستان، تەنها 10 وڵات بڕی ئاوی دوبارە نوێبووەوەی لەگەڵ بڕی ئاوی بەکارهاتوو یەکسان یا زیاتر بوو لەوانە وڵاتی ئایسلاند.
لە سوڕی ئاو لە سروشتدا دەردەکەوێ کە ئاوی بەفروباران زیاتر بەسەر ئوقیانوسەکانەوە دەبارێت، بڕێکی ڕۆدەچێتە نێو جۆگە و ڕوبار یا بە چینەکانی زوویدا بەرەو ژێرخاك دادەچۆڕێتە خوارەوە و جێگای ئەو ئاوە دەگرێتەوە کە هەڵهێنجراوەتە سەرەوە، ساڵانە چوارسەد هەزار کیلۆمەتر سێجا ئاو بەڕێگای بەهەڵمبوونەوە لە سوڕی ئاو لە سروشتدا لە ئوقیانوسەکانەوە دەبێ بەهەڵم، %90 ی لە ڕێگای بارانەوە دوبارە دەڕژێتەوە نێو ئوقیانوسەکانەوە، تەنیا ڕێژەی%10 ی دەبارێتە سەر وشکایی، لە ئێستادا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرمی تیشکی خۆر لە ئەتمۆسفێردا و کەمی بەفروباران و کەمبوونەوەی ئاوی عەمبارکراو، جگە لە هۆکاری زۆربوونی دانیشتوان و پیسبوونی ئاو و بەفیڕۆدانی، هاوکێشەی عەمبارکردنەوەی ئاو بە تایبەتی ئاوی ژێر زەوی زۆر ناهاوسەنگە، هەندێ لە شارەگەورەکانی وەکو پەکین، بۆینس ئایرس، دەککا، لیما و مەکسیکۆ، بە تایبەت پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، ئەو ئاوەی کە چەندەها ساڵە دوبارە عەمبار نەکراوەتەوە، بۆ نمونە شارێکی وەکو مەکسیکۆ ڕۆژانە پێویستی بە زیاتر لە 3،2 ملیار لیتر ئاو دەبێت، لە ئێستادا قەیرانی ئاو لە زۆربەی بەشەکانی ئەم شارە گەورەیەدا دەرکەوتووە، شارە گەورەکان، ئەوانەی خاوەنی دانیشتوانی زۆرن، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەژێر زەبری کەمی ئاو و قەیرانی ئاودا دەناڵێنن.
نەك هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێ لە وڵاتەکانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقا، هەرێمی کالیفۆڕنیاش لە زستانی 2011- 2012 وە زیاتر لە پێنج ساڵ تا سەرەتای ساڵی 2017 دا تووشی وشکەساڵی بوو، بە جۆرێك کە ناچاری ڕیسایکلینکردنی ئاو یا خوێ شۆری ئاوی ئۆقیانوسەکان بوون، بە پێی شارەزاکان؛ ئەم جۆرە وشکەساڵییە، سەختترین وشکەساڵی بوو لە هەزار ساڵی ابوردوودا، هۆکارەکەشی کەمی باران بارین بوو لەو ناوچەیەدا، تێکڕای پلەی گەرمی لەهاوینی 2014 و 2015 دا دوو پلەی زیاتر بوو لە چاو تێکڕای ئەو پلەی گەرمیەی کە لە ساڵانی نێوان 1970 2000- دا تۆمارکراون، لە ڕاستیدا دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکی کەمی باران بارین کارێکی ئاسان نیە؛ لەبەر ئەوەی کۆمەڵێ فاکتەری جیاواز هەن کە تێهەڵکێشن، نەك هەر لە کالیفۆڕنیا بەڵکو لە ئەسیوبیا و سۆماڵیش دیاردەی ئەو وشکەساڵییە بووەتە هۆی ئاوارەیی و برسێتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی ئەو شوێنانەی تووشی قەیرانی کەمی ئاو هاتوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*