سەرەکی » مانشێت » ״لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستوورییەكەی پارێزراو بن״

״لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستوورییەكەی پارێزراو بن״

لە كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكاندا تەئكیدكرایەوە «لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت سیستەمی فیدراڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستوورییەكەی پارێزراو بن».
دوێنێ بە ئامادەبوونی د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێم، سەرۆك و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان، لە سەرۆكایەتیی هەرێم لە هەولێر، كۆبوونەوەیەكی فراوان كرا بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی بارودۆخی عیراق و ئەگەر و پێشهاتەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.
لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە «بابەتی داواكاریی هەمواركردنەوەی دەستووری عیراق، تەوەرێكی گرنگیی كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جەختیانکردەوە كە لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت سیستەمی فیدراڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستوورییەكەی پارێزراو بن». ئاماژەبەوەشدراوە «بە یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی كار دەكەن و دەسكەوت و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەپارێزن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*