سەرەکی » وتار » پشتیوان جه‌مال » له‌ ئه‌گه‌ری هه‌مواركردنی ده‌ستووردا

كـۆبـه‌نـدی هـه‌فـته‌

له‌ ئه‌گه‌ری هه‌مواركردنی ده‌ستووردا

ماوه‌ی مانگێك ده‌بێت خۆپیشاندان له‌ عیراق به‌رده‌وامه‌، رۆژ له‌ دوای رۆژ شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ شه‌قامی عیراقی فراوانتر ده‌بن، له‌گه‌ڵ فراوانبووندا سه‌قفی داواكارییه‌كانیان به‌رزتر ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌جۆرێ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا، داواكاری بۆ مافه‌ سه‌ره‌تایی‌ و دژی گه‌نده‌ڵی‌ و نه‌بوونی هه‌لی كاربوو، ئێستا كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی داوای گۆڕینی سه‌رله‌به‌ری سیسته‌می سیاسی‌ و گۆڕینی ده‌ستووری عیراقی ده‌كه‌ن. نكوڵی له‌ داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران ناكرێت له‌ پێناوی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری‌ و ماف‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستكاریكردنی ئه‌و ده‌ستووره‌یه‌ كه‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی تێدا جێكراوه‌ته‌وه‌، گه‌ر زۆرینه‌ی ئه‌و بڕگه‌ و ماددانه‌شی جێبه‌جێ نه‌كرابن، ئه‌وا له‌ دیباجه‌ی ئه‌م ده‌ستووره‌ عیراقییه‌دا جێكراونه‌ته‌وه ‌و هه‌ن، به‌ڵام ئێستا كه‌ كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی شه‌قامی عیراقی هه‌ڵساوه‌ و یه‌كێ له‌ داواكارییه‌كانیان بۆته‌ گۆڕینی ده‌ستوورێك كه‌ تیایدا به‌رژه‌وه‌ندی كورد ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، پێویسته‌ هێزه‌ كوردستانییه‌كانی هه‌رێم ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك جاریش بێت، گه‌وره‌تر له‌ حزب بیربكه‌نه‌وه‌ و بیر له‌ یه‌ك وتاری و یه‌ك بڕیاری بكه‌نه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستكاریكردنی ده‌ستوور.
له‌ ساڵی 2005 دا راپرسی له‌سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ستوور كراوه‌، 15 ملیۆن ده‌نگده‌ر له‌ ته‌واوی عیراق به‌شدارییان له‌ راپرسییه‌كه‌دا كرد و 78 %ی به‌شداربووان به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان به‌ ره‌شنووسی ده‌ستووره‌كه‌ دا و ئه‌م ده‌ستووره‌ی ئێستای عیراقی لێكه‌وته‌وه‌. له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستووره‌دا، به‌هێزترین لایه‌ن له‌ عیراقدا لایه‌نی شیعه‌ بوو، كە توانیویانه‌ به‌جۆرێك بینووسنه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی شیعه‌دا بێت. بۆ نموونه‌، هه‌رچی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ له‌ عیراق، له‌ ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیراندا كۆبۆته‌وه‌، زانیویانه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ئه‌نجامی زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ وه‌ده‌ست ده‌خرێت، به‌هه‌ر جۆرێك بێت هه‌ر رێژه‌ی شیعه‌ له‌ عیراقدا زیاتره‌ له‌لایه‌نه‌كانی تر، لایه‌نی دووه‌م كه‌ كورده‌، تاڕاده‌یه‌كی باش ئه‌م ده‌ستووره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی بووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌توانین بڵێین: كه‌سایه‌تیی سه‌رۆك مام جه‌لال بووه‌ كه‌ توانیویه‌تی ده‌ستێكی باڵای هه‌بێ له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عیراقی‌ و چه‌سپاندنی ئه‌و بڕگه‌ و ماددانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستانن. ئه‌وه‌ی كه‌ خۆی به‌زه‌ره‌رمه‌ند بینیوه‌، ته‌نها لایه‌نی سوننی عیراق بووه‌. ئێستاش ئه‌گه‌ر ده‌ستووره‌كه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ زۆره‌ شیعه‌كان داوای سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیی بكه‌ن، چونكه‌ لایان روونه‌ له‌ هه‌ڵبژارنه‌كاندا زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌ده‌ست ده‌هێنن‌ و سه‌رۆك كۆمار هه‌ر له‌ ئه‌وان ده‌بێت، واته‌ بۆ شیعه‌كان ده‌ستوور هه‌موار بكرێته‌وه‌ یاخود نا، هیچ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی عیراقدا كه‌م ناكاته‌وه‌.
حكومه‌تی عیراق له‌وانه‌یه‌ نه‌توانێ یاخود رێگه‌ی نه‌درێت به‌هۆكاری جه‌نگ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی تێپه‌ڕێنێ‌ و ئه‌زموونی دانپێدانراوی هه‌رێمی كوردستان له‌باربه‌رێ، به‌ڵام به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور، ئه‌و ئامانجه‌ی به‌فێڵی دیموكراسی به‌ده‌ست ده‌هێنێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هه‌مواركردنی ده‌ستووری ئێستای عیراق كارێكی ئاسان نییه‌، به‌ڵام كورد ده‌بێت ئه‌گه‌ری هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌شی به‌ گرنگ وه‌ربگرێت‌ و خۆشی بۆ ئه‌گه‌ری هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئاماده‌ بكات‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووره‌كه‌دا، عه‌ره‌به‌ سوننه‌ و شیعه‌كانی عیراق رێك بكه‌ون بۆ سه‌پاندنی هه‌مواركردنی ئه‌و ماددانه‌ی ده‌ستووره‌كه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا بن‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورددا نه‌بن‌ و ماف‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمیان تێدا كه‌م بكه‌نه‌وه‌. دووریش نییه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌ و شیعه‌كانی عیراق كاریگه‌ریی بخه‌نه‌ سه‌ر كورد و پێكهاته‌كانی تری دانیشتووانی تری كوردستان، بۆئه‌وه‌ی نه‌هێڵن هه‌رێم بتوانێت ده‌نگده‌رانی دوو له‌سه‌ر سێی سێ پارێزگای هه‌رێم یان زیاتر مسۆگه‌ر بكات بۆ ره‌تكردنی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووره‌كه‌، ئه‌گه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمدا نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستووره‌، له‌م بارودۆخه‌ی ئێستاشدا كه‌ عیراقی پێدا تێده‌په‌ڕێت هه‌موار نه‌كرێت، ئه‌وا له‌ داهاتوودا هه‌ر هه‌موار ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ كورد، یه‌كگرتووییه‌ هه‌م له‌عیراق هه‌م له‌ناوخۆدا، به‌ڵام نه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا و چه‌ند ساڵه‌ كه‌ ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزب كاركراوه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ گه‌وره‌تر له‌ حزب بیر بكرێته‌وه‌، پێویسته‌ ده‌رفه‌ت نه‌درێ به‌و هه‌لپه‌رستانه‌ی له‌ پشتی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ له‌ بۆسه‌دان بۆ هه‌مواری ده‌ستوور و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان‌ و زیانگه‌یاندن به‌به‌رژه‌وه‌ندیی ستاتۆی هه‌رێم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*