سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » له‌ناو كه‌ژاوه‌ی عه‌شقا دوا رسته‌ت پێ ئه‌ڵێم..!

دوا هه‌ناسه‌ی شیعرم

له‌ناو كه‌ژاوه‌ی عه‌شقا دوا رسته‌ت پێ ئه‌ڵێم..!

دڵشاد ئه‌حمه‌د

ماوه‌یه‌كه‌ ژیان لای من چ مانایه‌ك نابه‌خشێ، وێرانم وێران
شاره‌كه‌م وێرانه‌ بێ تۆ
گه‌ڕه‌كه‌كان ڕه‌شپۆش، جاده‌كان هه‌واری چۆڵه‌ بێ تۆ
دره‌خته‌كان ڕووته‌ڵه‌،
گه‌ڵاكانیش له‌ خه‌زانا وه‌ك شێوه‌ی تۆ،
پایز به‌ ته‌نها بوو به‌ موڵكی من، سیمای زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕانووم
چاوم مه‌لێكی ته‌ڕ بوو،
په‌نجه‌كانم وا هه‌ڵ ئه‌وه‌رێ، ڕوحی تۆرانوم
دڵم شه‌قار شه‌قار، سه‌رم سپی
ئه‌م دابڕانه‌، جه‌سته‌ی ڕزانوم
ته‌مه‌ن پرووشه‌ی به‌فره‌، هه‌ر له‌ ئاسمانا، دێت و
ئه‌توێته‌وه‌…
ئه‌و ڕۆژانه‌ی پاشای عه‌شق بووم، لێوان لێو
له‌ خۆر و مانگ و ئه‌ستێره‌كان
په‌رستگایه‌ك له‌ ڕه‌نگی تۆ،…
دونیایه‌ك به‌ تامی تۆ…
ئاوازی ته‌مه‌ن به‌ ده‌نگی تۆ…
ئه‌و كاته‌… تۆم هه‌بووی كه‌سی تر نا…
تۆم هه‌بووی هیچی تر نا…
تۆش هه‌موو دنیا بووی
تۆ ژیان بووی، ئه‌و ده‌مانه‌ ده‌ریا بووی
ئێستا، كڕنوشێكم له‌به‌رده‌می فیراقا،
دوا هه‌ناسه‌ی شیعر ئه‌یه‌م..
پاشا بووم. باران، به‌ خوا پاشا بووم،
باران هاوده‌می پاڵتۆكه‌م بوو،…
چیا، پایته‌ختی نزیك هه‌وره‌كانم بوو،
چیا كۆشك و ته‌لاری ئامێزم بوو
پرچت، ڕه‌شماڵی ڕوح و په‌نجه‌كانت هێزم بوو
ئه‌زمڕ گوڵه‌باخی هه‌ناسه‌ی ناو ته‌م تومان بوو
باڵنده‌كان،
په‌ڵه‌ هه‌وری نه‌غمه‌ خوان بوو،
دره‌ختی هه‌موو شۆسته‌ و شه‌قامه‌كان
هه‌موو وه‌رزه‌كانی ساڵ
كڕێوه‌ و شه‌سته‌ی باران
شێوه‌ی شاژنی روحی ((دڵی)) یان ئه‌ناسی
ناوی تۆیان ئه‌زانی،
نهێنی یان له‌ فه‌قیانه‌ی كراسه‌كانیان گرێ دابوو،
به‌ كه‌س كه‌سیان نه‌ئه‌وت،
سروشت بریتی بوو ته‌نها له‌ من تۆ،…
ئه‌م جیهانه‌ چۆڵ بوو، من و تۆ و ده‌ریا و باخچه‌كانی تیا بوو،
به‌س من و تۆ..
ئاخ ….. من و تۆ..
كه‌ سروه‌ی تۆ ده‌رئه‌كه‌وت ئه‌هاتی بۆ لام
كه‌ عه‌تری هه‌ناسه‌ت،
كه‌ خۆت ته‌شریفت ئه‌هێنا. نه‌مام
باڵنده‌ باران،
ئه‌ستێره‌ خه‌زان،
روح هه‌ڵوه‌ران…
جاده‌كان .. پێش من، یه‌ك یه‌ك ئه‌سوتان
* * *
فیراقی ته‌مه‌ن زۆر زوو هات، له‌گه‌ڵ گه‌ڵایا هه‌ڵوه‌ریم
فیراقی ته‌مه‌ن،..
فیراقی ژن …
فیراقی ئیشق …
ئای چۆن وه‌ك ته‌رزه‌ ته‌زیم..
ئه‌م فیراقه‌، چ پایزێ بوو،..
جوانترین خه‌نده‌ی ژنێكی لێ سه‌ندم
په‌نجه‌ی شمشاڵی ئێوارانی لێ شكاندم
په‌رستگای سوژده‌ی لێ وێران كردم
روحی هه‌ڵته‌كاندم، بینایی له‌ گلێنه‌وه‌ بردم
خه‌زان، بێ ڕه‌حم بوو،
بۆنی پرچی ئه‌و ژنه‌ی لێ حه‌رام كردم
موسیقای سه‌رلێوی ئه‌و ته‌لیسمه‌ی لێ كوژانمه‌وه‌
بێ به‌ری كردم له‌ باوه‌شی،..
له‌ سوژده‌، ئاخ، بۆ قامه‌تی گه‌شی
هه‌ردوو باڵی خۆشه‌ویستی لێ شكاندم
گوڵه‌ماچ و په‌پووله‌ ماچی ئه‌و لێوانه‌ی لێ تۆراندم
حه‌رام، حه‌رام
وه‌ك كه‌نیزه‌كی غه‌زاكان ئه‌ویان لێ حه‌رام كردم
حه‌رام، ئه‌وی لێ بردم..
حه‌رام له‌ ناوهێنانی
حه‌رام له‌ بینینی
حه‌رام له‌ سڵاوێ..
حه‌رام له‌ ته‌نها یه‌ك هه‌نگاوێ…
تۆ ئه‌ی زاتی په‌نهانی كه‌ مه‌خلوقی ده‌ستی تۆم
تۆ ئه‌ی زاتی په‌روه‌ردگار
كه‌ ئه‌ت زانی من عاشقم..
بۆ تووشی فیراقت كردم..
تۆ، ئیره‌یی به‌و مه‌خلووقه‌ نازداره‌ی من ئه‌به‌ی
له‌ فریشته‌كانت جوانتر
له‌ نوێژه‌كانت پاك تر..
له‌ به‌هه‌شته‌كه‌ت ناوازه‌تر..
له‌ خۆره‌كه‌ت گه‌شتر..
له‌ ئه‌ستێره‌كانت پرشنگدارتر…
له‌ قیبله‌كه‌ت ڕوناكتر..
چۆن دڵت هات، لێكمان بكه‌ی..
چۆن دڵت هان، ئه‌و قامه‌ته‌ ئازار ڕێژ و
ته‌مه‌نی ئه‌م چیرۆكه‌، ئه‌م داستانه‌، ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌
هه‌ڵوه‌رێنی،…
ئه‌و ژنه‌، هه‌ر خۆت چرای چاوه‌كانیت هه‌ڵ نه‌كرد،
ئه‌و ژنه‌ هه‌ر خۆت، هه‌رچی جوانی ئه‌م دنیایه‌ت پێشكه‌ش نه‌كرد…
ئه‌ی بۆ، فیراقت دایه‌ ده‌ستم…
ئه‌ی بۆ، هێڵی حه‌رامت له‌ده‌ور كێشتم
گوناهم كرد… گوناهت كرد،
گه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌و، گوناهێك بێ،
هه‌وزاران جار ئه‌و گوناهه‌م بۆ بنوسه‌، ڕازیم
ئه‌و گوناهه‌، تا هه‌تایه‌، ڕێچكه‌ی دڵمه‌، گوناه ئه‌كه‌م
ئه‌و گوناهه‌ بۆ ئه‌و دونیاش،
له‌گه‌ڵ مه‌رگی خۆما ئه‌به‌م
* * *
به‌یانیان قردیله‌ی سورم ئه‌دا له‌كه‌زی ئه‌و
ده‌مه‌و عه‌سران، گوڵم ئه‌دایه‌ ده‌ستی…
ئیواران، من و باران، ئه‌مانبرده‌وه‌ بۆ ناو
ئه‌ستره‌كانی شه‌و…
هه‌میشه‌ له‌خه‌ڵوه‌تی په‌رستگای ئه‌وا له‌كڕنوشا، زیكریم ئه‌كرد
ناوم ئه‌برد..
دوو روحی تواوه‌ بوین له‌ناو جه‌سته‌یه‌كا،..
سوره‌ته‌كانی سه‌رلێوی ئه‌وم، ژیانم له‌سه‌ر هه‌ڵچنی بوو…
ئێستا زانیم
چ حه‌سره‌تێكه‌ ئه‌م وون بوونه‌…
چ تێك شكانێكه‌ ئه‌م سڕبوونه‌…
چ قیامه‌تێكه‌، ئه‌م ژانی چون و نه‌چوونه‌
چ خۆكوشتنێكه‌…
ئه‌م خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی قه‌ده‌ره‌؟
چ ڕازیبونێكه‌…
به‌م ده‌ست لێك به‌ردانه‌ خه‌ته‌ره‌؟
به‌ناوی كۆتایی عه‌شقی ژنێكه‌وه‌…
به‌ناوی كۆچی ڕوحی ژنێكه‌وه‌…
به‌ناوی دوا گۆرانی و دواهه‌ناسه‌ی منێكه‌وه‌…
به‌ناوی مه‌رگی من و كۆستی ژنێكه‌وه‌..
ڕسته‌یه‌كت پێ ئه‌ڵێم، ئه‌زانم ئیتر ئه‌مرم…
به‌ناوی شیعر و نامه‌ هه‌تیو كه‌وتوه‌كانمه‌وه‌..
دواهه‌ناسه‌ی شیعرم، بانگ ئه‌كه‌مه‌وه‌ ژوورسه‌رم
بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر له‌گه‌ڵ كۆچی تۆدا بمرم
ئیتر كه‌س كه‌س نه‌ماوه‌، هه‌ناسه‌ی بۆ به‌رم،
له‌سه‌ر هه‌موو لاپه‌ڕه‌كان… شه‌قام و كۆڵان ودره‌خته‌كان،
ناوم وون بو…
تۆش، ئێستا… به‌ دووفرمێسك بۆ ڕوحی نه‌بووم
ئه‌سه‌رم نغرۆبكه‌…
وابزانه‌…. زۆر زۆر ده‌مێكه‌مردوم…
ئێستا وابزانه‌…!

پایزی 2019 سلێمانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*