سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » خاوەندارێتی نەتەوە

روونتر

خاوەندارێتی نەتەوە

نەبوونی وتارێكی یەكگرتووی نەتەوەیی، بەشێكی گرنگی پەیوەستە بەو راستییەی كە هەر لایەنێك یان جەمسەرێك بەشێوازی خۆی و بۆ ئامانجێكی زۆرجار كورت مەودا، تەفسیری نەتەوە و گرنگی و بەهێزیی بیری نەتەوەیی دەكات، خاوەندارێتیی نەتەوە ئێستا وەك ئەوە وایە كە دەوترێت حەقیقەت ئاوێنەیەكی شكاوە و هەر كەسە و پارچەكی لایە و هەمووشیان كاتێك لە ئاوێنە بچووكەكەی دەستیانەوە سەیری خۆیان دەكەن، دەڵێن حەقیقەت لای ئێمەیە، بەڵام لە راستیشدا حەقیقەت لای هەموویانە و بەكۆی گشتی پارچە شكاوەكانیشەوە دەتوانرێت حەقیقەت لە وێنەیەكی گەورەدا ببینرێت.
پارچە پارچە بوونی كوردستان و بوونی هێز و لایەنی تایبەت كە هەڵگری ناسنامەی بەشە جیاجیاكانن، پێویستی یەكدەنگیی كوردی كردووە بەواقیع، بەڵام چونكە كوردستان ئێستا لە غیابی كەسایەتییەكی بەهێزدایە كە هەمووان گوێگری بن، نەتوانراوە ئەم كۆدەنگییە بكرێتە كردەیی و زیاتر هەر بەتەنها لەچوارچێوەی وتار و دروشمی گەورەدا دەبینرێت، ئەمە لە كاتێكدایە هەمووان وەك یەك خاوەنی كوردستانن و هیچ لایەنێكیش بەتەنها ناتوانێت خەمی هەموو نیشتمان بكاتە كۆڵی، هەر لایەن و گروپێكی كوردیش ئامانجی بێت وەك گەورە و سەروەری هەمووان خۆی پیشان بدات، ناتوانێت لەو هەنگاوەیدا سەركەوتوو بێت، بەتایبەت ئێستا كە ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانكاری گەورەدایە و زۆرجاریش پەیوەندیی بارزگانی دەتوانێت قەناعەتی وڵاتانی زلهێز لە بەرامبەر یەكتریدا بگۆڕێت، دەبێ ئەو راستییە بوترێت كە هیچ كەسێك بەتەنها خاوەنی بیری نەتەوەیی نییە و هەمووانیش وەك یەك خاوەنی قوربانین لە پێناوی كوردستاندا (بە رەچاوكردنی ئەو راستییەی هەندێك لایەن لە ئەوانی دی زیاتر قوربانییان داوە)، كەواتە بۆ ئەو ئامانجە رەوایەی كە هەر لایەنە و بە شێوازێك ئاراستەی دەكات، زۆر گرنگە هەوڵی یەكخستنی بدرێت و یەك وتاری بكرێتە هەوێنی هەنگاوەكانی داهاتوو، چونكە ئەوەی ئێستا دەبینرێت دابەشبوونی خەمی نەتەوەییە بەناوی خاوەندارێتیی نیشتمانەوە. لە راستیدا خەمەكانیش لەهەر كوێ بن، دروستن، بەڵام كاری جددیان گەرەكە بۆ كۆكردنەوەیان و دواتریش یەكخستنیان. بەم جۆرە كورد ئێستا دەتوانێت پتر خاوەنی سەنگ و دەنگ و قورسایی بێت.
خەمی نەتەوە و نەخشەڕێی سەركەوتووانە بۆ داهاتووی نیشتمان ئەركی گرنگی تەنها قۆناغێك نییە و پیۆیستیی هەموو سەردەمێكە، تەنانەت دوای گەیشتنی كوردیش بە مافە رەواكانی، چۆنێتی ئیدامەدان بە مانەوە و سەروەربوونی زیاتری كوردستان دەبێت كاری لەپێشینە بێت. بەمانایەكی تر، لە هیچ قۆناغێكدا كورد نابێت لەسەر شاڕێی سەركەوتنەكانیدا پشوو بدات و كۆشش كردن لەپێناوی داهاتوو ئەركێكە پێوستی بەكاری دەستە جەمعی و بەردەوام هەیە.
رەنگە یەكێ لە گرفتە زۆر سەرەكییەكانی ئێمە لەو كاتەدا بوونی تەفسیری جیاجیا بێت بۆ پرسی نەتەوە، ئەم دابەشكارییە بەجۆرێك رۆچوو بەناو ئێمەدا، لە زۆر كاتدا لایەنێكی كوردستانی ئەگەر خاوەنی هەنگاوێكی گرنگی نەتەوەییش بێت، لەلایەن هەندێك لایەنی تری هاوزمانەوە دژایەتی دەكرێت، كە ئەمە پرسی خاوەندارێتیی نەتەوەیی خستۆتە دۆخێكەوە دەبێت جارێكی تر مانای تری پێبدرێت، چونكە هەتا ئەو كاتەی ئێمە هەمووان وەك یەك یەكتری قبوڵ نەكەین و لەخەمی یەكتردا دەستباری یەكتر نەبین و لە سەركەوتنەكاندا هۆكاری پاراستنی دەستكەوتەكان نەبین، هەرگیز ناتوانین سەركەوتووانە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین و بەناچاری دەبێت هەر لەو بازنە بچووكە داخراوەدا بخولێینەوە.
خەمی نەتەوە لە باشوور بێت یان رۆژهەڵات یان باكوور یان رۆژئاوا، دواجار هەڵگری یەك ناسنامەیە، ئەویش نەتەوەیەك هەیە و دابەشكراوە و ئێستا پێویستی بەوە هەیە وەك هەر نەتەوەیەكی تری سەربەست بژی، بۆ ئەم ئامانجەش لەهەر بەشێكی ئەم نیشتمانە بەزۆر دابڕێنراوەدا هەر لایەنێك سەركردایەتی و پێشڕەوایەتی بەشەكەی خۆی بكات كە خاوەنی سەنگ و قورساییە تیایدا، دەبێت بەرژوەندییەكانی كوردبوون لەبەرچاو بگرێت و بوونی پەیوەندیی گەرموگوڕیش لەنێوان كۆی ئەو جەمسەرە گرنگانەدا، لەدواجاریدا وێنە گەورەكەی نەتەوە تەواو دەكات، كە هیچ لایەنێك بەتەنها هەموو راستییەكانی لانییە و هەمووشیان بەیەكەوە هەموو راستییەكانی نەتەوەیەكیان لایە، كە دەبێت زوو یان درەنگ بەئامانج بگات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*