سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م

نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ره‌فتارەوە تا روخسار

– 4 –

مه‌سه‌له‌ی نوێبوونه‌وه‌ و یه‌كێتی ریشه‌یه‌كی مێژووییان هه‌یه‌ و دوانه‌ی دراوێكن، كه‌ ئه‌ویش سه‌ركه‌وتن و به‌دیهێنانی ئامانجه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان بوون به‌درێژایی ته‌مه‌نی حزبی له‌ناو هێڵه‌ گشتییه‌كانی كوردایه‌تیدا، كه‌ له‌به‌شی پێشتردا وردتر تیشكمان خسته‌ سه‌رئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، به‌ڵام پرسیاری جه‌وهه‌ری له‌م نێوه‌نده‌دا گرێدراوی ئه‌و لۆژیكه‌یه‌ كه‌ داخۆ حزبێك به‌م شێواز و شه‌قڵه‌ كارلێكی له‌گه‌ڵ چه‌مكی نوێبووونه‌وه‌ و پره‌نسیپه‌كانی كردبێت و به‌داهێنانه‌كانی توانیبێتی به‌رده‌وامی به‌ پڕۆژه‌ نیشتمانییه‌كانی و خه‌باته‌ كوردستانییه‌كه‌ی بدات ، ده‌بێت ئێستا كه‌ له‌نێوان پاشه‌كشه‌ی جه‌ماوه‌ر و گرقتی هه‌ستانه‌وه‌ی ناوخۆیدا دێت و ده‌چێت توانای نوێبوونه‌وه‌ی خانه‌ و شانه‌كانی حزب و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌یه‌ وه‌ك هێزی یه‌كه‌مین له‌سه‌ر شانۆی سیاسی هه‌رێم و عیراق؟
ئایا یه‌كێتی توانای گه‌نجبوونه‌وه‌ی رووخساره‌ ده‌ره‌كی و ده‌موچاوه‌ حزبیه‌كانی هه‌یه‌؟ ئایا هه‌ناوی یه‌كێتی نه‌خۆشه‌ و پێویستی به‌ نه‌شته‌رگه‌ریی و گۆڕینی به‌شێك له‌ ئۆرگانه‌كانی هه‌یه‌؟ مێشكی توانای بیركردنه‌وه‌ی نه‌ماوه‌ و ناتوانێت به‌عه‌قڵی سه‌رده‌مه‌كه‌ و داخوازییه‌كانی نه‌وی نوێ و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بیربكاته‌وه‌؟ كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ گرنگن بۆ نوێبوونه‌وه‌ و دواتر ته‌كان ده‌داته‌ جه‌سته‌ی حزبه‌كه‌و به‌گوڕو تینێكی نوێوه‌ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌، یان ئایا هه‌ردووكیان یان هه‌رسێكیان پێویستن؟ واتا هه‌م عه‌قڵییه‌تی رێكخراوه‌یی و سیاسی، هه‌م رووخسار و ده‌موچاو گۆڕین و هه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی ناوه‌وه‌ش؟
به‌مانایه‌كی دیكه‌، ئه‌م حزبه‌ كه‌ سه‌روكاریی له‌گه‌ڵ دونیای گۆڕاوی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ و له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئازادیی و به‌رهه‌مه‌كانی حوكمڕانیی خۆماڵیی كوردیدا به‌شی شێری به‌رده‌كه‌وێت و ده‌یه‌وێت نوێببێته‌وه‌، پرسه‌كه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ماكیاجكردنی رووكه‌شانه‌ی داموده‌زگاكانی یان نوێبوونه‌وه‌یه‌ك بێت كه‌ قووڵ ریشه‌كانی به‌ سیستمی كاركردن و شێوازی كارلێكردن له‌گه‌ڵ تاكی كورد و روونتر له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ردا هه‌بێت؟
كه‌ره‌سته‌كانی نوێبوونه‌وه‌ كامانه‌ن؟ ئه‌و ئامرازانه‌ چین كه‌ له‌ڕێگه‌یانه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌توانین هێڵه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پرۆسێسی نوێبوونه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ناو ماڵ و گه‌ڕه‌ك و شار و ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ ناخ و ویژدانی مرۆڤی كوردا ده‌بێت؟
له‌م نێوه‌نده‌دا، پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ پرسی نوێبوونه‌وه‌ هه‌ر له‌دوای ده‌ركه‌وتنی كێشه‌ ناوخۆییه‌ رێكخراوه‌ییه‌كان و چه‌كه‌ره‌كردنی گرفته‌ ده‌روون حزبییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ 10 ساڵی رابردوودا قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كراوه‌ و سه‌دان وتار و گفتوگۆ و ده‌یان كتێب و نامیلكه‌ی له‌باره‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و چه‌ندین كۆڕ و سیمیناری له‌سه‌ر گیراوه‌ و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانی سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌ یه‌كێتیی له‌ مامۆستایانی زانكۆ و نووسه‌ران و رۆشنبیران له‌ په‌رۆشییانه‌وه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌یان ورووژاندوه‌ و تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیان له‌سه‌ر ده‌ربڕیووه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو زیاده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بڵێین زورترین كاتی كۆبوونه‌وه‌ حزبییه‌كان و ئۆرگانه‌ جیاوازه‌كان بۆ پرۆسه‌ی نوێبووونه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌ و به‌شێكی به‌رچاو له‌ نووسینه‌كانی كادران ده‌رهاویشته‌ی خه‌مێكی قووڵ بووه‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا، ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌توانراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی له‌ژیانی سیاسیی ئه‌م حزبه‌دا هه‌ستی پێ بكرێت، نوێبوونه‌وه‌یه‌ و كاریگه‌رییه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی ئه‌مه‌ش له‌ ساده‌ترین مه‌غزایدا له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌ی جه‌ماوه‌ریی یه‌كێتیی ده‌ركه‌وتووه‌.
بۆئه‌وه‌ی دیدێكی عه‌قڵانی له‌سه‌ر پرسی نوێبوونه‌وه‌ و فاكته‌ره‌ شاراوه‌كانی پشتگوێخستنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئاوه‌ڵابكه‌ین، پێویسته‌ له‌نێوان بوونی خواستێكی ده‌سته‌جه‌معی ناوخۆیی و جێبه‌جێنه‌كردنی له‌ئاستی به‌رجه‌سته‌كراودا، ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین كه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و ئاراسته‌ جیاوازه‌كان و تێڕوانینه‌ ناچونیه‌كه‌كان بۆ خودی نوێبوونه‌ و میكانیزمه‌كانی هه‌روه‌ها كه‌ناڵه‌كانی ته‌وزیفكردنی له‌ ئۆرگانه‌كان و كه‌سه‌كاندا كه‌ هه‌رلایه‌ك و هه‌ركه‌سێك له‌ روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ كردووه‌و دواجار ئه‌وه‌ی وه‌ك ته‌م ره‌ویوه‌ته‌وه‌ و هیچی لێ هه‌ڵنه‌كڕێنراوه‌، نوێبوونه‌وه‌ بووه‌.
به‌شه‌كه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا به‌تایبه‌تی له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عیراق و رووخاندنی رژێمی به‌عسه‌وه‌، كه‌ هاوكاتی ده‌ركه‌وتنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی و بڵاوكردنه‌وه‌ی یاداشت و ئیمزا بووه‌ بۆسه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه‌ و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ده‌ره‌وه‌ی حزب و سه‌ره‌نجام بارێكی نه‌خوازراوی له‌ ده‌روونی كادرو له‌ناو جومگه‌ گرنگه‌كانی یه‌كێتی دروستكردو له‌بری خۆسازدان بۆ قۆناغێكی نوێی ژیانی سیاسی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری، هێدی هێدی جیاوازییه‌كان كڵپه‌ی سه‌ند و نه‌یارو ناحه‌زانیش كه‌ ژماره‌یان كه‌م نه‌بوون و به‌هۆی رابردووی پڕله‌ تێكۆشانی یه‌كێتییه‌وه‌ بۆ مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ریه‌كه‌ و به‌شێوازێك بۆ هه‌لێكی له‌وشێوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕان، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌یان ئاڵۆزكرد و سه‌ره‌نجام له‌بری ئه‌وه‌ی نوێبوونه‌وه‌ بكرێته‌ كاڵای به‌قه‌د باڵای حزب، لێكترازان و جیابوونه‌وه‌ شوێنی گرته‌وه‌.
سه‌رباری راستییه‌كانی سه‌ره‌وه‌، حاڵی حازر یه‌كێتی بڕیاری به‌ستنی چواره‌مین كۆنگره‌ی خۆی داوه‌و مه‌حكومه‌ به‌ نوێبوونه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ له‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی كه‌ له‌ئاستی جه‌ماوه‌ریدا تێیكه‌وتووه‌، كۆنگره‌ش وه‌ك باڵاترین وێستگه‌ی پێداچوونه‌وه‌ و گۆڕانكاری بۆئه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی خۆی له‌ نوێبونه‌وه‌یه‌كی زانستی و عه‌قڵانی و واقعیدا ره‌نگبداته‌وه‌، پێویسته‌ له‌سێ‌ ئاستی جیادا نوێبوونه‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌وانیش نوێبوونه‌وه‌ له‌ مێشك (عه‌قڵ)، نوێبوونه‌وه‌ له‌ ئۆرگان (سیستم)، نوێبوونه‌وه‌ له‌ ده‌موچاو (كاراكته‌ر) پێكده‌هێنن و له‌به‌شه‌كانی داهاتوودا ئاماژه‌ به‌هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ ده‌كه‌ین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*