سەرەکی » راپۆرت » بووکە بە بارانێ چییە و کەی دەکرێت؟

بووکە بە بارانێ چییە و کەی دەکرێت؟

(بوکـە بە بارانـێ) یەکێکە لەو نەریتە کۆن و ڕەسەنانەی میللەتی کورد، کە مێژووەکەی بۆ سەدەکانی بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ ئەم نەریتە لای کورد ماوەتەوەو پاراستوویەتی. ئەم نەریتە وابووە هەر ساڵێک کە باران نەبارێت یان کاتێ پەڵە بەسەربچێت و ترسی وشکە ساڵی هەبێت. منداڵان و مێردمنداڵانی کـوڕان و کچـانی کورد لە گوندەکان و شارۆچکەکان و لە هەندێ لە گەڕەکەکانی شاردا، لە ناوەڕاستی وەرزی پایـز، یا لە سەرەتای بەهاردا، بووکە بە بارانێ دەکەن.
جاران و بە تایبەت لە گوندەکان، منداڵان و گەورەکان پێکەوە (بوکە بە بارانێ)یان دەکرد، کە پەیکەری مرۆڤێکیان لە پەڕۆ دروست دەکردو دەچوونە بەردەم ماڵان و داوای شەکرو چاییان دەکردو ماڵەکانیش ئاویان دەکرد بەسەر ئەو منداڵانەدا بەو هیوایەی کە پاکی و بەرائەتی منداڵان باران ببارێت کە زیاتر دەکەوتە ئەو کاتانەوە کە ساڵ وشکە ساڵی بوو.
بێگومان باران بارینیش دەبێتە مایەی بوژانەوەیەی زەوی و زۆربونی بەروبوم، مـژدەی خۆشی و شادییە، ئاو زۆر دەبێت و دەغڵ و دان پاراودەبن، لەوەڕ و گژوگیا زۆر دەبن. باران دەبێت هۆی زۆربونی بەروبومی ناوخۆیی و داهاتی جوتیارانیش زۆر دەبێت. بە پێچەوانەیشەوە زۆر ساڵ بە هۆی کەم بارین و وشکە ساڵییەوە ئاو کەم دەکات و دەغڵ و دان نەڕواوە یان کەم بووەو ئاوی چەم و جۆبارەکانیش وشکیان کردووە.
ئەم نەریتە بۆیە ناوی لێنراوە (بووکە بە بارانێ) چونکە بووک هێمای جوانی و قەدەمخێری و پیرۆزییە. زۆر جاریش وا ڕێککەوتووە کە لە کاتی بووک گواستنەوەدا، لە پایز یا لە بەهاردا، باران باریوە. خەڵکەکەش وتوویان بووکێکی پێ بە خێرە کە مەبەست لە بوکە بە بارانێ ئەوەبووە. چۆنییەتی دروستکردنیشی بووکە بە بارانێ، منداڵان بە هاوکاری گەورەکان، لە دارێکی درێژ یان لە قامیش (بووکەڵەیەک) دورست دەکەن، جلی کچانەی کوردی رەنگاوڕەنگی لەبەردەکەن و بووک ئاسایی زۆر جـوان دەیڕازێننەوە.
ئەو بەستە و گۆرانییە فۆلکلۆرییانەی کە منداڵان لە دوای بووکەڵەکە بە بارانێکەوە، بە کۆمەڵی و بە ئاوازەوە دەیڵێنەوە. بە زۆری تایبەتن بە بارانەوە، بریتین لە نـزا و پاڕانەوە لە خوا بۆ ئەوەی باران بۆ فەقیر و بۆ هەژاران ببارێنێت. ئەمانە چەند نموونەیەکن لەو گۆرانییانەی کە منداڵان بە ئاواز و بە یاری و گۆرانییەوە دەیڵێنەوە

بووکە بە بارانێ
ئاوی بن دەغڵانێ
سەعاتی جارانێ
*******
هەیاران و مەیاران
یاخوا داکاتە باران
بۆ فەقیر و هەژاران

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*