سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » كه‌ خووی (چاره‌نییه‌!) لای زۆرینه‌ ئه‌بێته‌ قه‌ناعه‌ت

روانینی دوێنێ‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ

كه‌ خووی (چاره‌نییه‌!) لای زۆرینه‌ ئه‌بێته‌ قه‌ناعه‌ت

بیروڕاو روانینمان هه‌رچۆنێ‌ بێ‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و گۆڕینه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ی به‌سه‌ر عیراقدا هات دوای 9 ی نیسانی 2003، سته‌مه‌ ئینكاری ئه‌وه‌بكرێ‌ كه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كه‌متر له‌ ساڵێ، دۆست و دوژمن هه‌ستیان به‌وه‌ نه‌كردبێ‌، جۆری دامه‌زراندنی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی (ده‌سته‌ڵات) نیشانه‌ی نیه‌تی دامه‌زراندنه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی پێوه‌ دیار نییه‌ كه‌ له‌خۆیداو لای دووربینه‌كان و شاره‌زایان له‌واقعی (هه‌ره‌سی عیراقی دوایی‌ گه‌مارۆی‌ نزیكه‌ی‌ ده‌ساڵ و دوای حوكمی تاقه‌كه‌سی زیاتر له‌سی ساڵ) پێویستی به‌ وریایی‌ نائاسایی‌ ئه‌كرد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی‌ كه‌ ركیفی حوكم بگرێته‌ ده‌ست، به‌ڵام ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ره‌ڕای ئه‌و درۆ عه‌له‌نییه‌ی له‌گه‌ڵ عیراق و گه‌له‌كه‌ی كردی‌ به‌وه‌ی په‌لاماره‌كه‌ی بۆ روخاندنی‌ رژێم له‌ژێر دروشمی‌ (رزگاركردنی عیراق) دا بوو، كه‌چی‌ دوایی‌ خودی‌ خۆی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ ئایاری 2003 دا موافه‌قه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌رگرت راسته‌خۆ، خۆی ئیداره‌ی‌ حوكمی عیراق بكات (1)و یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا دوای ئه‌و بڕیاره‌ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی‌ حوكمرانی‌ بوو‘ كه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زرانیدا تۆی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ له‌عیراقی دوای 2003 وه‌ چاند كه‌ ئیستا عیراقییه‌كان باجه‌كه‌ی ئه‌ده‌ن چونكه‌ (… بێگومان ئه‌مه‌ واقعه‌ و ته‌نیا هه‌ڵقولاوی‌ ئینتمای‌ نه‌ته‌وه‌یی نووسه‌ر نییه‌، رابه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی‌ نیشتمانی‌ كوردستانی‌ لێ‌ ده‌ركه‌) ژماره‌ی هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌وكه‌سایه‌تیانه‌ی سه‌ره‌گوریسی‌ به‌رپرسیاریان درایه‌ده‌ست، نه‌ خاوه‌نی‌ میژووی سیاسی خه‌باتی مه‌یدانی راسته‌وخۆبوون و نه‌ وه‌ك تێكۆشه‌ری دیاری‌ مه‌یدانی تیكۆشان و ململانێیه‌كی‌ وابوون دژی‌ رژێم لای‌ زووربه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری گه‌لی‌ عیراق ئاسەوارێكی وایان به‌جێهشتبێ ببێته‌ بنه‌ڕه‌تی‌ هیواپێبوونیان كه‌چونه‌ پایه‌ی‌ به‌رپرسیاری خه‌ڵك چاوه‌ڕێی‌ بیناكاریان لێبكات و ئه‌و ژماره‌ به‌رچاوه‌ش ناشعورییان گه‌یشته‌ راده‌یه‌ك كه‌ به‌ر پرسیاریی‌ حوكمیان گرته‌ ده‌ست ئاماده‌نه‌بوون ئاسانترین بڕگه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ جێبه‌جێبكه‌ن كه‌ خۆیان دایانناوه‌ (ماده‌ی‌ 18 – چواره‌م) كه‌ قه‌ده‌غه‌یكردوه‌ كه‌سێكی‌ هه‌ڵگری‌ پێناسه‌ی‌ وڵاتێكی‌ دی‌ غه‌یری‌ عیراق بێ‌ و به‌رپرسیاری‌ سیادی‌ پێبدرێ‌ (2)، له‌ورۆژه‌وه‌، له‌ عیراق، گه‌نده‌ڵی‌ چه‌كه‌رە ئه‌كات و خه‌ڵك برسی ئه‌بێت و دووبه‌ره‌كی‌ قوڵئه‌بێته‌وه‌ تا راده‌ی ئه‌وه‌ی‌ گه‌یشته‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بێزاری خه‌ڵك، ئه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ مانگێكه‌ ئه‌و زۆربه‌یه‌ی‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی خۆیان به‌وه‌ هه‌ڵئه‌كێشن نوێنه‌رایه‌تیان ئه‌كه‌ن و ئه‌یانه‌وێ‌ به‌(ده‌ستكه‌وت و بیناكاری‌) قه‌ره‌بووی‌ ئه‌و رۆژه‌ ره‌شانه‌یان بۆ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ رۆژانی‌ حوكمی‌ دیكتاتۆر چه‌شتیان.

مه‌ترسی ترین دیارده‌ له‌به‌رده‌م راپه‌ڕین و توڕه‌ بوونه‌كه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ عیراقدا‌، په‌نابردنی گه‌نده‌ڵه‌كانه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی‌ بێ وره‌ییه‌ به‌ناونیشانی (بێ‌ فائده‌ یه‌ …!!)، وه‌ك بڵێی‌ ئه‌وانه‌ هه‌ستیان به‌وه‌كردبوو، كه‌ گه‌نده‌ڵیان گه‌یاندۆته‌ راده‌یه‌ك سته‌مه‌ خه‌ڵك له‌وه‌زیاتر به‌رگه‌ی‌ برسیه‌تی‌ و بێكاری بگرێ‌ و به‌رامبه‌ری بێده‌نگ بێ‌، بۆیه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان، نه‌هه‌نگه‌ زله‌كانی‌ حوكم له‌ به‌غدا یه‌ك به‌دوای یه‌كدا له‌ میدیاكانه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی‌ خۆگۆڕینیان ده‌ستپێكرد به‌راگه‌یاندنی‌ هه‌ڵگرتنی‌ دروشمی‌ جه‌نگین به‌رووی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و تاڵانكردنی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ وڵات و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ (حكومه‌ته‌كه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ خۆیان) به‌وه‌ی‌ ئه‌بن به‌ (به‌رهه‌ڵستكار له‌ په‌ڕله‌مان) و به‌رپرسیاران راپێچی‌ لێپرسینه‌وه‌ ئه‌كه‌ن، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان به‌جۆرێ‌ ده‌ستپێكرد خه‌ریكبوو هه‌ڵمه‌ته‌ چه‌واشه‌كاره‌كه‌یان سه‌ربگرێ‌ و دیارده‌ی‌ ئه‌وه‌ بڵاوببێته‌وه‌ (باشه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان دژی‌ گه‌نده‌ڵییه‌، به‌رپرسیاره‌ زله‌كانی‌ حیزبه‌كان ئیعلانی‌ شه‌ڕدژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ رائه‌گه‌یه‌نن؟ ئاهه‌نگی‌ دوایی‌ هاتنی‌ شه‌ری داعش گێڕرا، ئه‌ی‌ بۆ بێكاری‌ زیاد ئه‌بێ‌ و خه‌ڵك له‌ده‌وڵه‌مه‌ندترین ولات له‌برسا ئه‌مرێ‌؟ ئه‌مه‌ مه‌ترسی دارترین نه‌خشه‌ی‌ له‌باربردنی‌ هه‌ستانه‌وه‌و راپه‌ڕینی‌ كڵۆڵ و برسیه‌كانی‌ عیراقه‌ تا له‌ قه‌ناعه‌ت هێنان به‌ (چاره‌نییه‌) نزیكتر ببنه‌وه‌، دووربینه‌كانیشیان ئه‌وه‌ ئه‌زانن ئه‌گه‌ر ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ نه‌چه‌سپێ‌ ئه‌وه‌ تۆمه‌تی‌ (نۆكه‌رایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا و جاسوسی ئیسرائیل) و تۆمه‌ته‌ قێزنه‌ونه‌كه‌ی‌ (به‌عس) حازره‌و بۆ بنه‌بڕكردنی‌ ئه‌مه‌یش ماده‌ی‌ (4 ئیڕهاب) له‌به‌رده‌سته‌ …!!

خه‌ڵكی‌ عیراق له‌ میژه‌وه‌ له‌ رووكردنی‌ حكومه‌ته‌كان بۆ فه‌رزكردنی‌ فیكری‌ وره‌به‌ردانی‌ (چاره‌نییه‌) شاره‌زایه‌و، له‌وه‌ ئه‌چێ‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی‌ ئیستا راپه‌ڕیوه‌ چاوی‌ به‌رامبه‌ری‌ كراوه‌یه‌ و تیاندا هه‌یه‌ ئه‌زانن یان یه‌ته‌ بیریان، هه‌ر ئه‌و فیكره‌ سڕكه‌ره‌ بوو له‌ سی ساڵی‌ به‌ر له‌ 2003 وڵاتی‌ تووشی ئه‌م نه‌هامه‌تیه‌كرد ده‌رگاری‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی‌ بڕیاری‌ ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌ به‌ئاسانی‌ بێت و عیراق داگیربكات و چاره‌نووسی ئه‌م وڵات و گه‌له‌ بداته‌ ده‌ست گه‌نده‌ڵه‌كان (عیراق بكه‌نه‌ نموونه‌ی‌ دیموكراتی‌) له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌راست وكه‌چی‌ بووبه‌ نموونه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ جیهاندا، به‌رله‌ 2003 دیارده‌ی‌ چاره‌نییه‌ خه‌ڵكی‌ تۆقاند و رژێمیش له‌ له‌خۆبایبوونیه‌وه‌ خۆشحاڵ بوو به‌و (چاره‌نییه‌) كه‌یف خۆشبوو … له‌سه‌ر ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ژانی‌ ته‌شه‌نه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ گه‌یشتۆته‌ سه‌ر ئیسقانیان، خۆڕاگربن و به‌هیوابن ئه‌توانن گه‌نده‌ڵه‌كان ناچاربكه‌ن كه‌چار ئه‌وه‌یه‌ بڕۆن و ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستیان داوه‌تێ‌ هه‌له‌ با نه‌یه‌ڵن خووی‌ (چارنییه‌) زیندوببێته‌وه‌ …

•دوا وێستگه‌ :
پرئازارترین دیارده‌ ئه‌ترسم به‌سه‌رما زاڵبێ‌ ئه‌وه‌یه‌ خووی رازی بوون به‌ناچاری‌ له‌رێی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌رموو نیان و زه‌رده‌خه‌نه‌ی‌ خه‌ڵه‌تینه‌ره‌وه‌ به‌سه‌رما زاڵبێ‌ / میخائیل لیرمنتوف
(1) رابه‌ری نه‌مر (مام جلال) تاكه‌ رابه‌ربوو به‌رامبه‌ر به‌ رازیبوونی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌وهه‌نگاوه‌ی‌ كه‌ وه‌رگرتنی‌ موافقه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش بوو وه‌ك داگیركه‌ر به‌رپرسیاری‌ حوكمی‌ عیراق بێ‌ له‌راگه‌یاندنێكی‌ رۆژنامه‌نووسیدا ناڕه‌زایی‌ توندی‌ ده‌ربڕی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا و لای‌ وابوو كه‌ دوای‌ روخانی‌ رژێم ده‌بوو عیراقییه‌كان به‌ر پرسیاری‌ راسته‌خۆبن له‌ دانانی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ بیناكردنه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان .
(2) ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ دوای 2003 له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق گه‌ڕانه‌وه‌ چۆڵی‌ مه‌یدانی‌ عیراقیان له‌ سیاسی و پیاوانی‌ به‌توانا و چاوتێریان له‌ رابه‌ریكردنی‌ ده‌وڵه‌تدا له‌ ناو عیراق به‌هه‌لزانی‌ كه‌ رژێم زۆربه‌یانی‌ له‌مه‌یداندا له‌ناوبرد ئه‌وانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌هاتن خۆیان له‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا نزیك كرده‌وه‌و ئه‌ویش متمانه‌ی‌ پێكردن .

 390 جار بینراوە