خورجە

كاوێس ئاغا

1
لە نێو ئەو بارو دۆخە هەستیارو پڕ هەڵچوونەدا كە هەیە هەفتەی پێشوو ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌ میوانداری كاك مەجید خۆشناوی كردبوو بۆ ئەوەی باسی لاوك و كاوێس ئاغامان بۆ بكات جگە لەوەش كتێبێكی بە نرخی لەو بارەیەوە كردە دیاری، راستی ئەوە نیشنانەی زندوێتیە كە لە هەر دۆخێكدا مرۆڤ دەسبەرداری ئەدەب و هونەرو جوانی نەبێت، كورد لەو بارەیەوە نەتەوەیەكی زندوە، لەگەرمەی شكست و تێكشكانا دەستبەرداری ئەدەب و هونەرو گۆرانی و شیعر نەبووە،بۆ ئەمە رەنگە نمونەی بەرزی وەك شەهید مەلا عەلی شاعیر بەس بێت كە ئەو شكست بە شكست ئەهێنێت و دوای بڕیاری لە سێدارە دانیش دەستە پاچەو كەوی نابێت.
كاوێس ئاغا هونەرمەندێكی هۆشیارو دەنگخۆش بووە، ئەو لە پەنا وتنی لاوكدا باسی جوامێری و قارەمانەتی سومبلەكانی نەتەوەكەی دەكات و شانازیان پێوە دەكات، چەندین داستانی تێكەڵ بە ئەفسانەكردووەوبە دەنگە تایبەتەكەی چڕیویەتی.

2
گەلی برا ئەوڕۆ غەزایە
هاوارێ‌ مە دەبەر زاتێ‌ خودایە
دارو بارێ‌ چیای پار وێكدایە
عەسكەرێ‌ دوژمن دەقڕانێدایە

لەم رۆژانەدا كە كتێبەكەی كاك مەجید خۆشناوم دەخوێندەوە، گەیشتمە ئەو باوەڕەی پێویستە لێكۆڵینەوەی ورد لە بارەی ئەو داستان و چیرۆكانەوە بكرێت كە كاوێز ئاغا بە دەنگی خۆی چڕیونی، ئەمە هەر بۆ ئەو نا بۆ هەموو لاوك بێژو حەیرابێژەكانیش هەر وەسایە، كم دەقی چیرۆكی حەسەنی والیكێم خوێندەوە، راستە تێكەڵ بە ئەفسانە كراوە، بەڵام چیرۆكێكی سەرنج راكێش و خۆشە، ئەوە جگە لەوەی باس لە دۆخ و هەندێك داب و نەریتی كوردەواری دەكات .
هەڵبەت هەمان دۆخ بۆ لاوكەكانی دیكەش هەر راستە.

3
لاوكی شێخ مەحمود یەكێك لە لاوكە هەرە جوانەكانی كاوێس ئاغایە، لەوێدا باسی شێخ مەحمود و شەڕی دەربەند و كەریم بەگی فەتاح بەگ دەكات، باسی كەوتنە داوی مەلیك و هاتنی ئینگلیز بۆ سلێمانی، لە كۆتای لاوكەكەدا دەڵێت « بەڵێ‌ فائیدە نیە هاوار دكەم هاوارا توركان گەلەك دورەو بڵاوە كورد خائینۆ « راستیەكەی كاوێس ئاغا لە لاوكی دیكەدا باسی ستەم و زەبرو زەنگی تورك دەكات، لێ‌ رەنگە ئەمەی لە روانگەی ئاینیەوە وتبێت بیرمە هەر جار باوكم گوێی لەو لاوكە دەگرت دەیگوت خۆزگە ئەوەی نەوتبا، راستیەكەشی ئەوەیە كە ناكرێت خۆمان لەو راستیە تاڵە نەبان كەین .
مەلا گچكە عەبدوڵا موفتی بۆ كاوێس ئاغا دەڵێت :
لە ناو دۆڵ و شاخ و نزار
لە لوتكەی هەزار بە هەزار
لە گوڵزارو دیمەنی جوان
لە گۆرانی و شمشاڵی شوان
پۆلێ‌ مەل و كەوو شالوور
دەم بە ئاواز بە بێ‌ سنوور
ئەبون بە كۆرس لەم ناوە
وەڵامی تۆیان ئەداوە

 356 جار بینراوە