سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » كۆتایی بەهار و پایزی عەرەبی بەرەو زستان

كۆتایی بەهار و پایزی عەرەبی بەرەو زستان

ئاشكرایە كە قۆناغی یەكەمی بەهاری عەرەبی لەساڵی 2011وە دەستیپێكرد بە سەرهەڵدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی گەلانی عەرەب لە وەرزی بەهاری ئەو ساڵەدا و یەكەم وڵاتیش لە تونس-ی سەوزەوە جەماوەر راپەڕی و رق و قینی نیو سەدەی بەرامبەر دەسەڵاتە تاكڕە و چەوسێنەر و پاوانخواز و قۆرخكار و گەندەڵەكەیدا رشت و توانیی لە ماوەیەكی كەمدا دەسەڵاتە لەرزۆك و ترساوەكەی زەین ئەلعابدین بن عەلی بڕوخێنێت و وڵات بەدەری بكات.
ئیدی وەكو پولی یاری دۆمینە هەریەكە لە رژێمە خۆسەپێنەكانی میسر و لیبیا ‌و یەمەن و سوریاشی بەدوادا هات و هەمووانیان بەرەو زبڵدانی مێژوو تووڕهەڵدران و لەجێگەیاندا لە هەریەكە لە میسر‌و تونس ‌و لیبیا ‌و یەمەن بەپێی سروشتی كۆمەڵگەكانیان سیستمێكی حوكمڕانی نوێیان سەپاند یان چەسپاند، كە بەداخەوە لە زۆرێكیاندا هێشتاش كۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی نەهاتووە و ئەو وڵات و كۆمەڵگانە هێشتا بەدەست ململانێی ناڕەوای ئاینی و مەزهەبی و ئیتنیەكانەوە دەناڵێنن و هێندەی تر بەرەو دواكەوتن و هەژاری و كاولكاریی زیاتر رۆیشتوون، وەك لە لیبیا و سوریا و یەمەندا روودەدەن و هەرچی میسریشە بەشێوەیەكی بەناو دیموكراسیانە عەسكەر دەسەڵاتی لە ئیخوانەكان سەندەوە و جارێكی تریش لەسەر هەمان رێتمی شۆڕشی 1952 دەسەڵاتیان گرتەوە دەست و ئەوەی كە تەنها مایەی خۆشحاڵی جەماوەر و بزووتنەوە دیموكراسییەكانە ئەوەیە كە لەتونسدا تاڕادەیەك چەسپیووە و تاڕادەیەكی باش پێشكەوتن و ئارامی و گەشەكردن و بوژاندنەوە و گۆڕانكاریی بەخۆوە بینیووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەشێوەیەكی گشتی ئەو بەهاری عەرەبیەی كە گەلانی ناوچەكە دەیانخواست نەهاتە دی و بەری نەگرت و بەتەواوەتی سەوز نەبوو و هەرزووش بەرەو وشكبوون و پووكانەوە و پایزبوون چوو.
هەموو گەلانی ناوچەكە و دنیاشی بێئومێد كرد لە چێكردنی گۆڕانكاریی گەورە و فراوان لەسەر زەمینەی واقع و لە هەڵسوكەوت و گوتار و كرداری تاك و كۆمەڵگە و دەسەڵاتدارەكانی ناوچەكە و ئەو وڵاتانەدا.
ئێستاش وەك قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆسە ناڕەزایی و تەقینەوەی رق و قینەی جەماوەری ناوچەكە و چەند وڵاتێكی تر،خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەر سەریان هەڵداوەتەوە لە هەریەكە لە وڵاتانی سودان و عیراق و لوبنان و ئێران و جەزائیر كە لەقۆناغی یەكەمدا ئەم وڵاتانە پارێزراوبوون و لەدوورەوە تەماشاكەری ئەو دیمەنە خوێناوی و كارەساتبارانەی ئەو وڵاتانە بوون و دەسەڵاتدارەكانیشیان وەكو ئەوەی كە ئەمان زۆر لەوان باشتربن، هیچ هەوڵێكی چاكسازیی و گۆڕانكارییان لە سلوك و مامەڵە و بەرنامە و تێڕوانینی خۆیاندا نەكرد و نەكەوتنە خۆ بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و بێكاریی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە گەلەكانیان و بنبڕكردنی هەژاری لە كۆمەڵگەكانیاندا و هەریەكەیان سەرقاڵی خۆ دەوڵەمەندكردن و خۆسەپاندنی زیاتر و دزینی سەروەت و سامانی وڵات بوون وەك ئەوانەی پێش خۆیان. هەربۆیەش هەرزوو جەماوەری سودان راپەڕین و توانیان حوكمڕانی 30 ساڵەی عومەر بەشیر بڕوخێنن و لە بەندیخانەی توندبكەن و دژی حوكمی عەسكەرتاریەتیش بووەستنەوە و ئێستا تاڕادەیەك ئامانجەكانیان پێكاوە.
هەرچی جەزائیرییەكانیشە، توانیان عەبدولعەزیز بۆتەفلیقەی سەرۆكە نەخۆش و پەكەوتووەكەیان ناچار بەوازهێنان بكەن لە دەسەڵات و ئێستا سەرگەرمی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێن.
لوبنانی بووكی وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهۆی بێكاریی و جەنگی بەردەوام و گەندەڵیی و دەستوێوەردانی دەرەكی و سیستمی حوكمڕانی پشكپشكێنەی مەزهەبی و ئاینییەوە بەرەو داڕمان چووە و بەناچاری هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە رژاونەتە سەر شەقامەكان و داوای گۆڕانكاریی ریشەی و خۆشگوزەرانی دەكەن و تائێستاش بەردەوامە.
لە عیراقیش بەهەمان هۆكاری گەندەڵی و ململانێی حزبی و مەزهەبی و ئاینی و بێكاریی و هەژاری خۆپیشاندانەكان بەردەوامدان.
بەم شێوەیە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەیان ساڵە گیردۆدە بووە بەدەست نائارامیی سیاسی و ئابووریی و ئەمنی و كۆمەڵایەتییەوە، هەمووانیشیان بەهۆی تاكڕەویی و خۆسەپێنی و قۆرخكاری و ململانێ‌ ناڕەواكانی حزب و سەركردە و وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانەوە، كە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی خۆیان و وڵات و كۆمەڵگەكانیان گیردۆەی نەهامەتییەكی نەبڕاوە كردووە. هەربۆیەش ناوچەكە و تەنانەت جیهانیش بەرەو ئایندەیەكی ناڕوون و ناڕۆشن هەنگاو دەنێن لەسایەی تیرۆر و تیرۆریستاندا لەلایەك و بەهۆی ململانێ‌ ناڕەواكانی وڵاتانی ناوچەكە لەنێوان خۆیان و لەگەڵ زلهێزەكانیشدا لەلایەكی ترەوە، بۆیە هیچ چاوەڕوانییەك بۆ ئایندەیەكی گەش و رۆشن بۆ ئەم ناوچەیە ناكرێت سەرەڕای بوونی سەروەت و سامانی سروشتی زۆر و زەوەند، چونكە عەقڵییەت و بەرنامە و بیركردنەوەی دەسەڵاتداران نەگۆڕاوە و پێشناچێت بگۆڕدرێت و تەنها لە بەرژەوەندیی خۆیان و حزب و بنەماڵە و ئایین و نەتەوە و مەزهەبەكانی خۆیاندا كاردەكەن، نەك بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و رێزگرتن لە ئازادییەكان و مافی تەواوی نەتەوە و ئایین و مەزهەبەكان و بگرە هەمیشە لایەنگری خۆسەپاندن و زوڵم و چەوساندنەوەن، نەك كاری پێكەوەیی و پێشكەوتن و داهێنان و خۆشگوزەرانی.
دەسەڵاتدارانی ناوچەكە لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا ئێستا و ئایندەی گەلانی ناوچەكە و وڵاتەكانی خۆیان كردۆتە قوربانی و بەتەنگ گیان و خوێن و فرمێسكی هاووڵاتییەكانی خۆیانەوە نین.
جێگەی سەرنجە كە لە هەردوو قۆناغی راپەڕینی گەلانی ناوچەكەدا تەنها لەو وڵاتانەدا سەریان هەڵداوە كە سیستمی حوكمڕانییەكانیان كۆمارین و بەناو عەلمانی یان ئاینیین یان مەزهەبین یان نەتەوەیی تەسكن، نەك لەو وڵاتانەی كە سیستمی پاشایەتی تیایاندا باڵادەستە، بۆیە دەكرێت بپرسین ئایا سیستمی حوكمڕانی پاشایەتی باشترە لە كۆماری؟ ئایا سیستمی پاشایەتی دادگەرترن وەك لە كۆمارییەكان؟ یان ئەوانیش بەهەمان شێوەی كۆماریەكانن، بەڵام گەلانی ئەو وڵاتانە هێشتا لەبەر زۆر هۆكاری ئاینی و پیرۆزیی بنەماڵە فەرمانڕەواكانیان بوێریی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان نییە؟ یاخود بینیویانە كە ئەنجامی بەهار و پایزی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە تەنها نابوتی و رەش و تاریكتر بوون نەك رۆشن، بۆیە بەقەدەری خۆیان رازیین و بێدەنگی و ملكەچیان هەڵبژاردووە؟
بۆیە وادیارە نە خۆپیشاندانەكانی جەماوەری وڵاتانی ناوچەكە ئامانجەكانیان پێكاوە و نە گۆڕانكاریی و چاكسازییەكانیش لەسەر دەستی دەسەڵاتدارنی نوێدا هاتوونەتەدی، بەڵكو دۆخەكان هەر وەكو پێشتر ماونەتەوە و هیچ پێشكەوتنێكیان بەخۆوە نەبینیووە ئەگەر خراپتر نەبووبن ‌و بگرە هەندێكیان ئەوەی كە هەشیانبوو لە دەستیانداوە. بۆیە دەبێت ئەو راستییە لەبیر نەكەین كە پڕۆسەی گۆڕانكاریی سەخت و دژوار كەسی خۆی گەرەكە و زەمان و زەمینەی گونجاویشی پێویستە بۆ چێكردن و زۆر ساناو ئاسان نایەتەدی، هەربۆیە گۆڕانكاریی و چاكسازیی لەلایەك بەنیەتی راستگۆ و لەلایەكی تریشەوە بە هێمنی و پشوودرێژی و بەكارو بەرنامە و پلانی زانستی و واقیعی دەبێت كە بگونجێت لەگەڵ دۆخی سیاسیی و ئابووریی و ئەمنی و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەكاندا نەك لە دەرەوەی سنوورەكانەوە بسەپێنرێت بە مەرامی جیاواز كە لەبەرژەوەندیی گەلان و كۆمەڵگەكانی ناوچەكە خۆیاندا نەبێت.
بەمەش دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە نەبەهاری عەرەبی و نە پایزەكەشیان وەك هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە چاوەڕوانیان دەكرد سەری نەگرت و بەرهەمی خوازراویان لێنەكەوتەوە و تەنها وەك دارێكی زڕی بێبەر ماونەتەوە ،بەڵكو بەهار و پایزی عەرەبی بووە وەرزی زستانێكی سەخت و بەستەڵەك و چەقبەستووی نەفرەتی كە پێدەچێت بە كۆتاییەكی تاریك و تون و كارەساتبار بۆ گەلانی ناوچەكە و وڵاتەكانیان كۆتاییان پێبێت.

print

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*