سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونەوەی یەکێتی لە رەفتارەوە تا روخسارپەڕە 25

نوێبوونەوەی یەکێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

بەشی پانزەیەم و کۆتایی
كۆنگرەی نوێبوونەوە و گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز

لەدوای تەقینەوەی كێشە دەروون حزبییەكان و جیابوونەوەی گۆڕان، ئیتر شتێك نەما بەناوی هاوسەنگیی هێز لە كوردستان و چەمکی زۆنی سەوز و زۆنی زەرد لەعەمەلدا شتێكی جیاوازیی بەخۆیەوە بینی. چونكە پارتی بە سیاسەتی پەرتكردنی هێز و توانای یەكێتیی هێندەی تر هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی زۆنی سەوزی داو لەناو كایەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا كە خۆی لە حكومەت و وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان دەبینێتەوە، سیاسەتی پەراوێزخستن و دواخستنی كاروباری رۆژانە و لاوازكردنی ئەدای یەكێتییەكانی ناو حكومەتی دەدا بەچەشنێك كە حكومەتەكە دەستەمۆی خۆی كردبوو، یەكێتیش بەهۆی تیكەڵكردنەوەی هەردوو ئیدارەكە كە چەمکی بەرژەوەندیی كورد زاڵە لەكاركردنیدا، ببووە كرێچییەكی بێپارەی ناو حكومەت لە هەولێر و كادرانی یەكێتیش میوانی رەزاگران، سادەترین نموونە بۆ ئەمە ئەو سەردانانەی سەرۆكی ئێستای پارتی و سەرۆك هەرێمی ئەوكات بوو كە لەگەڵ كوڕ و برازا ئەندامەكانی تری ناو بنەماڵەکەی دەیكرد بۆ كۆشكی سپی و دونیای دەرەوە و لەولاشەوە یەكێتییەكان و گۆڕانەكان زەقەی چاویان دەهات.
لەم سیاسەتەدا پارتی بەبەردێك دوو نیشانەی دەشكاند، یەكێكیان ئەوەی پیشانی خەڵكی دەدا كە بڕوانن لەسایەی حوكمی یەكێتیی و خۆخۆریی گۆڕان ببینن سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان لەكوێ و هەولێر و دهۆك لەكوێ؟
لەزانستی پزیشكی و بایۆلۆجیدا پرۆسەیەك هەیە پێی دەوترێت كەمە دابەش بوون، كە لەم پڕۆسەیەدا هەر خانەیەكی كرۆمۆسۆم بۆ دووان و هەریەك لەم دووانە بۆ چوار و هەریەك لەم چوارە بۆ چواریتر واتە بۆ شانزە دابەش دەبن.
لەدوای ساڵی 2005 كە لەو ساڵەدا و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، یەكێتیی بە تەنها 23 هەزار دەنگ زیاتری بەدەستهێنا لە پارتی و 13 حزبی تر كە بەرەیەكیان دروستكردبوو بەناوی هاوپەیمانیی دیموكراسی. بەڵام دوای ئەمە یەكێتیی و جەماوەرەكەی دابەشی دوو بوون بە جیابوونەوەی گۆڕان و دواتریش كە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا كۆچی ژیانئاوایی كرد، گۆڕان و جەماوەرەكەی دابەشی دوو بوون لەگەڵ نەوەی نوێ و دوای چاوتروكانێك دەنگدەری نەوەی نوێ و فراكسیۆنەكانیان لە عیراق و كوردستان چەندجارێك زیاتر پەرت و دابەش بوون.
لەم دیدەوە، ئەم كەمە دابەشبوونە سیاسییەی كە بەرۆكی یەكێتیی و جەماوەرەكەی گرتووە، دواجار بە تێكچوونی هاوسەنگی هێز و دواكەوتنی زۆنی سەوز و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی ئەم ناوچەیە شكاوەتەوە، كە ئێستا زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ كۆكردنەوەی جەماوەرەكە لە دەوری یەكێتی و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز كە باشترین دەرفەت بۆ ئەمە كۆنگرەی نوێبوونەوە و فۆرماتكردنەوەی یەكێتییە بە عەقڵ و بەرنامەی نوێ و بەدەموچاو و روخسار و كاراكتەری نوێ.

 103 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*