سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گومان لە خۆپیشاندانەکانی عێراق

لەناو روداوەکاندا

گومان لە خۆپیشاندانەکانی عێراق

ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە، لەبەرئەوەی کراسی دەیان خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ئینقلابی بە پیسی دڕیووە! ئیدی هەرچی خۆپیشاندانێکی خۆڕسکانەیش لەناو واقیعی قەیرانەکانەوە سەرهەڵبدات، پێمانوایە دەستێکی پیس و گێرەشێوێنی لەپشتەو بەو کراسەیدا دەسڕێت ناوی خۆپیشاندانە.
لەڕاستیدا هیچ تەماشاکارێک چی تەماشاکار بەچاوی سەرو چی تەماشاکار بەچاوی عەقڵ، ناهەقی نییە گومانی لە هەموو خۆپیشاندانێک لە عێراقدا هەبێت کە دەستی دەرەکی تێدابێت و بیجوڵێنێت. چونکە پرسی چاککردنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و ئابووری ….هتد لە عێراق؛ پرسێکی هێندە گەورەیە بەخۆپیشاندانی خۆڕسکانە تەپاوتلێی پێناکرێت لە خراپەوە بۆ باش.
چەند خاڵێک گومان دەخاتەسەر خۆپیشاندانەکان کە ئەم خۆپیشاندانانەش خۆڕسک نین و دیسانەوە ویستێک هەیە بۆ تێکدانی دۆخی عێراق:
یەکەم/ گۆڕینی هوتافی خۆپیشاندەران لە چاکسازییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، پەیامێکە پێماندەڵێت هێزی پشت ئەم خۆپیشاندانانە ئامادەکاری بۆ دۆخێکیتر لە عێراق دەکات. دواتر لەئێستادا خۆپیشاندەرانیش دەڵێن: سەرۆکوەزیرانی دوای عەبدولمەهدیش شکست دێنێت. ئەم پەیامەش گەورەترین مەترسییە بۆ داهاتووی عێراق.
دووەم/ مەسەلەی لایەنە سیاسییەکان و نزیکیان لەخۆپیشاندەرانەوە. مەعقولییەتی تێدانییە هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێش هەموویان (موقتەدا سەدر) ، بە دروشم پشتیوانی چاکسازین، بەڵام لەئێستادا هەر یەکێک لەو لایەنانە ئامادەنین بچنە ڕیزی خۆپیشاندەران و هێزی داواکاری ئەو خۆپیشاندەرانە بەهێزتر بکەن. لەکاتێکدا پێشتر (موقتەدا سەدر) ساڵێکی دانابوو بۆ چاکسازی و حکومەت.
سێیەم/ ژمارە و هێزی خۆپیشاندەران بەبەراورد بەو هاوڵاتیانەی لەسەر داوای (موقتەدا سەدر) دەهاتنەسەر شەقامەکان، گەلێک کەمترە و گومان لەوە دەکرێت ئەگەر کێشەکە نەبوونی چاکسازییە بۆ هەموو هاوڵاتیان لەتەواوی پارێزگاکانەوە نایەنەسەر شەقام و داوای ئەو مافە سەرەتاییانەی خۆیان بکەن؟ بەڵام دەستێک گەشتۆتە عێراق و لەماڵی شیعەکانەوە دەردەکەوێت.
چوارەم/ ئەگەر لە هەموو ئەو پارێزگا و شارانە بڕوانین کە خۆپیشاندانیان تێدایە لەسەر ئاستی عێراق، ئەوا بەزۆری پارێزگاکانی باشووری عێراقە کە شیعەن. ئەی بۆچی ئەو پارێزگایانە خۆپیشاندان ناکەن کە سوننەن و لەژێر دەستی داعش دەرهێنراون و دۆخی ژیانیان زۆر لەناوچە کوردی و شیعییەکان خراپترە؟
پێنجەم/ سوتاندنی هەندێک دامودەزگا لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە لەو پارێزگایانەی کە خۆپیشاندانی تێدا دەکرێت و بێدەنگی لەهەندێک دامودەزگایتر «کە لەواقیعدا نابێت هیچیان زەرەریان پێبگات»
شەشەم/ پەیامی خۆپیشاندەران بۆ چاکسازییەکانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو (عادل عەبدولمەهدی). خۆپیشاندەران دەیانوت ئێمە چاوەڕێی چاکسازییەکانی سەرۆک وەزیران ناکەین و خۆمان کۆدەکەینەوەو لە ماوەی داهاتوودا بەفراوانترو بەهێزتر دێینەوە. واتە وەڵامەکەی عەبدولمەهدی ئەگەرچی لە 17 بڕیاردا کۆکرابووەوەو گرنگ بوو بۆ ئەوکات، بەڵام خۆپیشاندەران بڕیاریاندا وەک چۆن گوێیان بەو چاکسازیانە نەدا، ئەوا گوێ بەو داوایانەیش نەدەن کە دەڵێن خۆپیشاندەران بچنەوە ماڵەوە.
نۆیەم/ لەپێشوودا دەوترا ڕەنگە ئەم خۆپیشاندانانە، دواین کارت بێت دژی عادل عەبدولمەهدی بۆ جێهێشتنی دەسەڵات کە چەندانجار لەبەرامبەر نەیارەکانیدا ڕایگەیاندووە دەسەڵات جێناهێڵێت و لەپۆستەکەیدا دەمێنێتەوە. بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئەی کەواتە خۆپیشاندەران دەیانەوێت بەرەو کوێ بچن و چیتر لەهەگبەکەیاندایە؟
هەشتەم/ لەڕاستیدا هەریەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکاش جۆرێک لەبێدەنگیان هەڵبژاردووەو هیچ پەیامێکی ڕوونیان نییە بۆ حکومەت و دەسەڵات لەعێراق جگە لەهەندێک بەیاننامە کە داوادەکات گیانی خۆپیشاندەران بپارێزرێت.
نۆیەم/ هەموو هەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ چاکسازی ڕەد دەکرێتەوە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، ئەمەش وەک ئەوەی پێمان بڵێت دەبێت کاروانی ئەم شۆڕشە بگاتە جێگای خۆی. لەناو ئەو ڕوداوانەدا هێزێک دروست نەبووە ئەم دەنگە ناڕەزاییانە دامرکێنێتەوە لەکاتێکدا پێشتر ناکۆکی لەم ناکۆکییانە لە عێراق دا هەبووە و لە ڕێگەی دانیشتن و دیبلۆماسیەتەوە چارەسەر کراون.
خۆپیشاندانەکانی عێراق لەوە دەرچووە ئێستا پێی بگوترێت خۆڕسک و سروشتی، بە پێچەوانەوە ئەم خۆپیشاندانانە لە ئێستادا پەیامی گێرەشێوێنی و مەبەستداری لێ هەڵدەگۆزرێت. هەر چوڵەیەکی خۆپێشاندەرانیش پڕە لە گومان و دڕدۆنکی.

*ئەم گۆشەیە شەممە: ئازاد ئیبراهیم، سێ شەممە: هێمن کەریم، پێنج شەممە: ستران عەبدوڵڵا دەینوسێت

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*