سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » مەلا یاسین:بە تێگەیشتنی میسرییەکان حزبە ئیسلامیەکان‌…

لە دوای کۆنگرە سەرکردایەتی دەبێت جەماوەری یەکێتی بەگشتی ئاشت بکاتەوە

مەلا یاسین:بە تێگەیشتنی میسرییەکان حزبە ئیسلامیەکان‌…

مەلا یاسین:  بە تێگەیشتنی میسرییەکان حزبە ئیسلامیەکان‌ و بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەو قورساییەیان نییە کە بتوانن بڕیار لە داهاتووی کورد بدەن

بەداخەوە قیادەی سیاسی ئێمە ئەوەندەی بەهۆی کێشەکانی ناوخۆوە سەرقاڵن، رەنگ بێت ئاگامان لەوە نەمێنێت کە لەدەرەوە چی دەگوزەرێ‌و چۆن باسمان دەکرێت، لە بەر ئەوە زۆر گرنگە هەموو ئەو برادەرانەی کە دەڕۆنە دەرەوەو دێنەوە ئێوە وەک رۆژنامەی کوردستانی نوێ چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەن‌و بزانین کە چ باسە؟.
مەلا یاسین نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەقاهیرەی پایتەختی میسر، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی رۆژنامەی کوردستانی نوێدا، پەیوەست بەدەرەنجامەکانی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و کاردانەوە ئیقلیمی‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەکان دەدوێت، جگە لەمە باس لەکێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان‌و هەڵەی سیاسیی سەکردایەتی کوردەکات‌و پێیوایە تا نەوەیەکی نوێ لەساحەی سیاسیی نەیەتە پێشەوە، ئەستمە بەو سەرکردایەتییە سیاسییە بتوانین چارەسەری کێشەی کوردو بەرەو پێشەوە بردنی مەسەلەی کورد بکەین. جگە لەمە ئاماژە بە کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات‌و پێیوایە دەبێت سەرکردایەتی یەکێتی واز لە تەخوینکردن‌و تەکفیکردنی یەکتر بهێن‌و بەزووترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت.

دیداری: کوردستانی نوێ

*با لەوەوە دەست پێدەکەین، کە قاهیرە وەک ناوەندێکی گرنگی سیاسەتی عەرەبی کە لەخراپترین دۆخیشدا هەمیشە دەوری گرنگی خۆی گێڕاوە، لەهەمان کاتدا بەجۆرێک لەجۆرەکان پەیوەندی هەبووە لەگەڵ کوردو مەسەلەی کورد، پرسیارەکە ئەوەیە قاهیرە چۆن سەیری ئەم پاشەکشەیەی کورد بەتایبەت لەدوای پڕۆسەی ریفراندۆم دەکات؟
مەلا یاسین: میسر، وڵاتێکە چ لەناوخۆی وڵاتانی عەرەبی‌و چ لەسەر ئاستی وڵاتانی دنیادا رۆڵ‌و گرنگی خۆی هەیە، بۆ وەڵامی پرسیارەکە میسر تا سەر ئێسقان دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو و پێیانوابوو کە کارێکی باشمان نەکردووە، من لەسەرەتاوە هەموو ئەو برادەرانەی ئەوێ کە دەمبینین، دەیان وت کە کردن‌و نەکردنی ریفراندۆم وەکو یەک وایە، لێت ناشارمەوە کاتێک قیادەی سیاسی کوردو بەتایبەت کاک مەسعود بارزانی، باسی ئەوەیان کرد کە ئێمەو بەغدا دوو وڵاتی دراوسێ بین‌و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە باسی دەکرد گوایە حساب بۆ کەس ناکەین، ئەمە میسری خستە بارێکی تر، بەجۆرێک کە هاتن تەفسیری وشەی ریفراندۆمیان کردو وتیان ریفراندۆم بەمانا موجەرەدەکەی شتێکی سروشتییە، بەڵام ئەوەی ئێوە ناوتان ناوە ریفراندۆم(استفتا‌و من اجلل استقلال) وتیان ئەوە بۆ عەرەب هێڵی سورە، ئەمەش بۆ میسر رەئی ئوممەی عەرەبییە هێڵێکی سورترە، رەنگ بێت ئاگاشتان لێ بێت کە هەم عەممار حەکیم‌و هەم وەزیری دەرەوەو قیاداتی دیکەی شیعیش لەعیراق کە هاتنە میسر رۆڵێکی زۆر جدیان بینی بەرامبەر بە ئێمەو هەتا گەیشتە قۆناغی موزایەقە بۆ ئێمە وەک نوێنەری یەکێتی‌و پارتی، بۆیە زۆر دژی بوون‌و هەر بەهەوڵی میسریش جامیعەی عەرەبی کۆبوویەوەو نامەیەکیان بۆ کاک مەسعود هێناو وەکو تکا تکایان لێکرد کە واز لەریفراندۆم بێنێ، بەڵام پێم وابێ کاک مەسعود بە جۆرێک وەڵامی دانەوە کە زۆر کاریگەری خراپی هەبوو لە سەر میسرو بەکەم ئەهمیەت سەیرکردنی، ئەمە کاری بەوە گەیاند کە بۆ کەسێکی وەکو من نەدەکرا لەمیدیای میسری دەربکەوم‌و قسە لەسەر مەسەلەی ریفراندۆم بکەم. بەشێویەکی گشتی میسر بێڕادە دژی ریفراندۆم بوو و ئێستاش هەر دژیەتی.

* میسر کە دژ بوو، ئێستا چۆن سەیری خۆ رێکخستنەوەی دووبارەی هێزی کوردستانی لەگەڵ عیراق دەکات؟
مەلا یاسین: ئەو قۆناغە زۆر گرنگە، ئەوان ئێستا لەهەوڵدان کە پێویستە عیراقیش ئەوەندە مافی کورد بدات، سەقفی شەراکەتی کورد ئەوەندە بەرزبکاتەوە کە کورد ئیتر داوای جیابوونەوەو هەر هەوڵێکی لەو جۆرە لەبیر بکات، چونکە ئەوان کەسایەتی بیرکەرەوەی زۆریان تێدایە کە پرسیار لەوە دەکەن، کورد بۆ گەیشتە ئەو قۆناغە؟ خۆ هەموو تاوانەکە کورد نییە، بەڵام لادان لەهێڵە سوورەکە ئەوە سنوور تێپەڕاندنە، لەپاڵ ئەوەشدا ئەوەی کە کورد بۆ گەیشتە ئەو بڕوایە ئەوە بەهۆکاری عیراقی دەزانن وەکو عیراقی عەرەبی، لەبەر ئەوە زۆر پێیان باشە کە مافەکانی کورد وەک خۆی بدرێت بەبێ ئەوەی کە قسە لەگەڵ ئێمە بکەن، واتە موخاتەبەی عیراق دەکەن‌و جارێ نەگەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی کە هیچ موخاتەبەیەکیان لەگەڵ کوردا هەبێت.
* ئەمە بۆچی، ئەی پێیان وایە کەی کاتی ئەوەیە کە موخاتەبەی کورد بکەن؟
مەلا یاسین: خۆی میسر بڕوای تەواوی بە فیدڕاڵیەت نییە، هەر وەک بڕوای بەمەسەلەی ئیقلیم و پارلەمان‌و حکومەت‌و ئەو جۆرە شتانە بەتەواوەتی نییە، ئێستا ئەوان دەزانن کە حزبەکانی کوردستان کاریگەری ئەوتۆیان لەبڕیاردان لەداهاتووی کورددا نەماوە، یەکێتی خۆتان دەزانن کە لە چ بارودۆخێک دایە، پارتی بەدەست لە کارکێشانەوەی بارزانی توشی شۆکێکی گەورە هاتووە، دوو حزبە ئیسلامیەکەو بزووتنەوەی گۆڕانیش دیسانەوە بەلای میسرەوە ئەو سوقلەیان نییە کە بتوانن بڕیار لەداهاتووی کورد بدەن. کەواتە دەبێت قسە لەگەڵ بەرەکەی تر بکرێت کە حکومەتی عیراقەو پێیان بڵێت کە دەبێت باردۆخی کورد بەرەو باشتر بەرن بێ ئەوەی ئاوڕ لەکورد خۆیان بداتەوە. سەیر بکە شتەکە دوو لایەنەیە، هەم حزبە کوردییەکان ئەو سوقلەیان نییە کە هاوبەشی موخاتەب بن‌و قسەیان لەگەڵ بکەن، هەم بڕواشیان بەحکومەتی هەرێم نییە، چونکە ئەوان لەبنەڕەتدا باوەڕیان بە حکومەتی هەرێم نییە. بۆیە ئەمە وایکردووە کە میسر هەوڵەکانی لەگەڵ عیراقدا بێت بەبێ ئەوەی کە حساب بۆ کورد بکات.
* بێینەوە سەر ناوخۆ، میسر وەکو وڵاتێکی گەورەی عەرەبی عوقدەیەکی گەورەی نییە بەرامبەر بە فاکتەری کوردی، کە پێیوابێ کورد زەعیفە، پێتوانییە کورد بتوانێت جارێکیتر پێداچونەوەی خۆی بکات، جارێکیتر حسابی ئیقلیمی بۆ بکرێت، پێتوایە هەنگاوەکانی ئەم بەخۆداچونەوەی کورد دەبێت چیبن؟
مەلا یاسین: ئەو کاتەی ئێمە پێمانوابوو کوردستان دەبێتە دوبەیەکی ترو سەروەت‌و سامانێکی زۆری تێدایەو…تاد. ئەو کاتە میسرییەکان زۆر لەئێمە نزیک بوون‌و هەمیشە ئامۆژگاری باشیان دەکردین، تەنانەت لەهەڵبژاردنی رابردووی پارلەماندا کە ئێمە وەک یەکێتی رێژەیەکی کەم کورسیمان بەدەستهێنا کۆمەڵێک زۆر خەڵکی لێهاتوو و رۆشنبیرو تەنانەت موخابەراتی دانیشتنێکی گەورەیان بۆ سازدام‌و کۆمەڵیک ئامۆژگاریی‌و رێنماییان کردین بۆ ئەوەی کە چی بکەین‌و چی نەکەین، منیش کۆی ئەو شتانەمدا بە سەرکردایەتی ئەوکات، ئەوان زۆر بەپەرۆش بوون بۆ ئێمە کە ناڕاستەوخۆ دانیشتنیان دەکرد بۆ ئەوەی ئێمە چی بکەین تا هەڵسینەوە، لەلایەکی ترەوە لەپێش ریفراندۆمیشدا میسرییەکان ئامۆژگاری زۆرباشیان کردین بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغداد پێک بێنین بۆ ئێمە باشە، تەنانەت لەڕووی قانوونییەوە باسیان دەکرد کە وەختێک تۆ ریفراندۆم دەکەیت دەبێت لایەنێک هەبێت کە بەغداد بوو رازی بێت، ئەگەر ئەو رازی نەبێت ریفراندۆمەکە نابێت. جگە لەمەش بارودۆخی ئیقلیمی ئێمەیان لێک دەدایەوە، جارێکیان شیکارێکیان بۆ من کردو وتیان وەرە مێژووی بزووتنەوەی کوردی بخوێننەوە، هەر لەدروستبوونی دەوڵەتەکەی قازی محەمەدەوە بگرە تا شێخ مەحمودو شۆڕشی ئەیلول‌و تەنانەت دروستبوونی یەکێتی، هەمووی پشتیوانی دەرەکی لەپشتبووە. بەڵام کاتێک کە ئەوان نەمێنن ئێوە دەکەونە چ قۆناغێکەوە. ئەمەیان بۆ ئەوە هێنایەوە تا بڵێن کە فاکتەری دەرەکی کاریگەری زۆر گەورەی بە سەر سەرکەوتن‌و شکستەکانی ئێوە هەیە. لەبەر ئەوە ئەو فاکتەرە دەرەکیە بەو جۆرە نادیدە مەگرن کە بڵێن ئەوەندە حساب بۆ کەس ناکەین.

* ئایا ئەم شتانە بە نوێنەری پارتی لە قاهیرە وتراون؟
مەلا یاسین: بۆ زانیاریتان هیچ قسەیەک نییە کە بە من وترابێت‌و بەوانیشیان نەوتبێت، جگە لەمە هیچ قسەیەکیش نییە کە بە من وترابێت‌و سەرکردایەتی سیاسی کورد بەگشتی ئاگای لێ نەبووبێت‌و ئاگادارم نەکردبێتنەوە.

* لە سەر ئاستی ناوخۆ کوردستانی دوای ریفراندۆم کوردستانێکی پڕ لەکێشەیە، یەکێتی‌و پارتیش بەس خواو حکومەتەکەیان بەیەکەوە ماوە دەنا هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەماوە، هەردووکیشیان لەسەر ئاستی ناوخۆدا کێشەیان هەیە، بە حزبەکانی دیکەشەوە. با لە یەکێتییەوە دەست پێبکەین، بەباوەڕی جەنابیت دەبێت چی بکات‌و کەی هەڵدەستێتەوەو هۆکاری ئەو هەڵنەستانەوەیە چییە؟
مەلا یاسین: ئەوەی لە ناو کوردستاندا روو دەدات، یان بڵێین لە ناو سەرکردایەتی سیاسی کورددا روو دەدات، پێم وایە دوای ئەو شکستە گەورەیە شتێکی ئاساییە، ئەمە ئیرتیداداتی دوای بوومەلەرزەکەیە، هەندێک هەیە کە بێزار دەبێت هەیە دەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە هەیە دەبێت بڵێت هەڵەی من نەبووەو هی ئەو بووە، ئەمە شتێکی ئاساییە لای من بەتایبەت لەجیهانی ئیسلامیی‌و دواکەوتوودا تۆمەت بەخشینەوەو داننەنان بە شکست لەهەر بوارێکدا بێت تاوان خستنە پاڵ خەڵکی تر شتێکی ئاساییە. بۆیە بەداخەوە بۆ گەلێکی وەک ئێمە کە لەجیهانی دواکەوتوودایەو سەرکردایەتییەکەی کە شکست دەهێنێت‌و تۆمەتەکەی بەملاو بەولادا ببەخشێتەوە ئاساییە.
سەبارەت بە یەکێتییەوە بەداخەوەم کە سەرکردایەتییەکەی گەیشتۆتە ئەو قۆناغەی کە ئەو تۆمەت بداتە پاڵ ئەو، یەکێکیتر بیداتە پاڵ یەکێکی تر، با من ئەوە بڵێم، منێک چەندە دووریش بووم لەم کوردستان‌و بەسێ مانگ هەموو شتەکانی خۆم گەیاندۆتە سەرکردایەتی کوردی هێشتا بەشی خۆم تاوانم هەیە، کەسمان بێ تاوانن نین‌و هەموومان بەشدارین، بۆیە نابێت کەس تاوان بداتە پاڵ ئەوی تر، لەلایەکی ترەوە ئەوەی روویدا لە کەروکوک‌و هەندێک شوێن دەبێت بزانین ئەوە دەرەنجامە، واتە دەرەنجامی هەڵەیەکی پیشووترە لەبەر ئەوە نابێت تۆ بێیت برادەرانی خۆت تەخوین‌و تەکفیر بکەیت، چونکە ئەوە دەرەنجامی هەڵەیەکە کە رەنگ بێت من کردبێتم، ئێمە با نێین لێکۆڵینەوە لە دەرەنجەکان بکەین، بەڵکو دەبێت لێکۆڵێنەوە لە مەسەلە بنەڕەتیەکە بکەین. خۆ هیچ کەسێکمان لاریمان لەریفراندۆم‌و دەوڵەتی سەربەخۆیی نەبوو، من بەش بەحاڵی خۆم تەواوی تەمەنی خۆم لەو رێگەیە داناوە، رێی تێناچێت من بڵێم سەربەخۆیی بەکەڵکی ئێمە نایەت، بەڵام تۆ لەکاتێکدا باسی سەربەخۆیی دەکەیت لەئێستاو بەشێوەیەی کە بانگەشەیان بۆ دەکردو دەیانویست راناگەیەندرێت. هەرچی دوژمنی ئێمەیە وتیان ریفراندۆم مەکەن، دۆستەکانیش وتیان تکا دەکەین! واتە دوژمنەکانمان هەڕەشەیان لێکردین‌و دۆستەکانیش تکایان لێکردین. ئەی هەڕەشە چۆن چۆنییە کە ئەمریکا پێت بڵێت تۆ ٢٥ مانگ ریفراندۆم بکەو منیش ٢٦ مانگ وەڵامی تەلەفوونەکەت نادەمەوە، لەبەر ئەوە دەبوایە ئێمە باش لە هەموو ئەم شتانە باشتر تێبگەیشتینایەو لەجیاتی تۆمەتبارکردنی یەکتری بابێین بەخۆماندا بچینەوە. یادی بەخێر بێت مام جەلال هەمیشە دەیوت ئەوەی نایەوێت ئیعتیراف بە هەڵە بکات، نایەوێت گەشە بکات، بۆیە کە تۆ سوڕبوویت لەسەر هەڵەکەت دیارە ناتەوێت گەشە بکەیت.
* بەڵام ئەمە چۆن دەبێت ئایا رێگەکە هەر بەوە دەبێت کە هەر کەس لای خۆیەوە دان بە هەڵەکانی خۆی بنێت‌و خۆی پاک بکاتەوە، یان چۆن دەبێت بەباوەڕی تۆ؟
مەلا یاسین: ئەمە شتێکی دوو لایەنەیە، یەکەم نەخێر مەسەلەکەی هەر ئەوە نییە کە تۆ دان بە هەڵەکە بنێیت، چونکە کە دانت پێدانە مانای وایە تۆ دەست لە مەسەلەكە هەڵدەگریت، چونکە وەک قسەیەکی بەناوبانگ هەیە کە دەڵێت هەر ئەقڵێک کە شتێکی خراپ کرد، ئەو عەقڵە ناتوانێ چاکی بکاتەوە، من هەر ئەوەندە دەڵێم مومکین نییە ئەو عەقڵەکەی کە ئەم بارودۆخەی هێنایە پێشەوە هەر ئەو ئەقڵە بێت چاکی بکاتەوە، بەڵکو دەبێت عەقڵێکی تازە بێتە پێشەوەو ئەم بارودۆخە چاک بکاتەوەو بیخاتەوە سەر رێگەی خۆی. بەداخەوە دەیڵێم کە کاک مەسعود کاتێک دەستی لە کارکێشایەوە وتی من دەبمەوە بە پێشمەرگە، من پێم وایە پیشمەرگایەتی ئاسانترین شت بووە کە ئێمە دەستمان داوەتێ و کارێکی زەحمەت نەبووە، ئەزانی بۆچی؟ چونکە تۆ بناغەی دەوڵەتت دانا لێت تێکچوو. لەبەر ئەوە سروشتی ئەوەی کە ئێستا روویدا وەکو نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ نییە، نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ ئێمە چەکی زۆرمان هەبوو کە لەگەڵ شۆڕشەکە کۆتایی هات، چەکەکانمان سەراوژێر کردو هەندێک رۆشتن بۆ دەرەو و هەندێکیش هاتن‌و تەسلیم بوونەوە. لەبەر ئەوە خەڵکی کوردستان ئەوانەی کە لێرە لەبەر دەستی بەعس بوون ئەوان هەستیان بەنسکۆکە زیاتر دەکرد، ئێستاش گەلی کوردو ئەوەی ناوی حکومەتی کوردی‌و دەوڵەتی کوردی‌و دەسەڵاتی کوردی بوو هەست بە نسکۆکە دەکات. من با نموونەیەکی سادەت بدەمێ، پێش ریفراندۆم سەفیری عیراق لەمیسر ئەوەندە دۆست بووین کە هەندێک جار من بەیانیان من دەعوەتی ئەوم دەکرد یان ئەو دەعوەتی منی دەکرد، جاری وا هەبوو ڤیزەی بە پەلەمان هەبوو بۆ هەولێرو سلێمانی بە تەلەفونێک وەرم دەگرت. ئێستا من تەلەفوون دەکەم بۆ سەفیری عیراقی سکرتێرەکەشی وەڵام ناداتەوە! کەواتە شکست چۆنە ئەی باجەکەی چۆنە؟ بۆ چونکە ئێمە شتێکمان کرد هەم ئەوەی لەگەڵ عیراق دەمانەوێت پینەی بکەینەوە هەم ئەوەشی هەمان بوو لەدەستمان دا. سەرکردایەتی سیاسی کورد لێرە بە فرۆکە دەرۆشتە ئەوروپاو هەموو ئەمریکاش دەگەڕا هیچ حسابێکی بۆ عەبادی نەدەکرد، ئەمریکیەکان جارێک باسیان کرد وتیان بۆ حاکمی یەکێک لە ویلایەتەکان بە دەسەڵاتەشی کە هەیانە بۆ دەتوانێت بە بێ پرسی کۆشکی سپی سەفەر بکات، ئێ لەوە دەسەڵات‌و دەسەڵاتداری چی؟ من پێموایە ئەو سەرکردایەتی سیاسیە بایی ئەوە لای گەلەکەی خۆشەویستە بێت‌و بڵێت ئەی گەلی کورد من هەڵەم کرد، بەڵام تۆ سور بیت لە سەر ئەوەی کە تۆمەت ببەخشیتەوە، پێم وایە هەموو کەسێک پێتان دەڵێت تۆمەت بارن.
* کەواتە یەکێتی چی بکات بۆ نموونە، ئەو سەرکردایەتیەی خۆی ئیزن بدات، یان سەرکردایەتی خۆی بڵێت من هەڵە بووم‌و دەست دەکێشینەوە، یان ئەم مەبدەئی تەخوینکردنە بەردەوام بێت هەتا بەدیلێکی تر دروست دەبێت، ئایا بەڕای تۆ حزبی کوردی بۆ لەناوخۆی خۆیدا توانای هەڵسانەوەی نییە؟
مەلا یاسین: بۆ خاڵی یەکەم من تکا دەکەم کە سەکردایەتی واز لە تەخوین‌و تەکفیر بهێنێت، من پێم وایە تەخوین‌و تەکفیر هیچ جیاوازیان نیەو ماناکانیشان دیارە، بۆیە هیوادارم سەرکردایەتی یەکێتی واز لە تەخوینکردن بهێنێت، لەپاڵ ئەوەشدا واز لەتۆمەت بەخشینەوەش بهێنن‌و نەیەن پاکانە بکەن، هەندێک لەبرادەران لەکۆبوونەوەکاندا پاکانە بۆ خۆیان دەکەن، کاکە پاکانەی ناوێت، لەم پرسەدا هەموومان تاوانبارین بەڵام هەر یەک بە بەشی خۆی، لەتەخوینکردنیشدا بەهەمان شێوە، ئەگەر من خایین بم تۆش وەک منیت یان هەموومان وەک یەکین.
لەمەسەلەی ئیزندانی سەرکردایەتی، من پێم وایە ئەم سەرکردایەتیە ئیزن نادرێت، بەڵام پێویستە یەکێتی بەزووترین کات کۆنگرەی خۆی ببەستێت، لەبەر ئەوەی ئێمە هەموو لیژنەو راپۆرتەکانمان ئامادەیەو ماوەتەوە سەر کاتەکەی، ئیتر لە کۆنگرەکە کێ دەرچوو پیرۆزی بێت‌و ئەوەشی دەرنەچوو دەبێت رەخنە لەخۆی بگرێت.
شتێکی تر ئەم کۆنگرەیەی ئێمە بەپێی پەیڕەو کۆنگرەیەکی نا ئاساییە، لەکۆنگرەی نائاسایی برادرانی سەرکردایەتی پێشوو هەموویان بەشدار دەبن، لەنێو ئەندامە کۆنەکانیش پێموایە هیچ جۆرە لەهاوپەیمانییەکیان لەنێواندا نەماوە، بۆ ئەوەی پشتیوانی یەکتر بکەن. لەبەر ئەوە مەسەلەکە زۆر ئاسانە، برادەرانی سەرکردایەتی هەموویان دەست‌و دەم‌و دەورو دەنگیان لە بەرێوەبردنی یەکێتی، لەسەرکەوتنەکانی لەشکستەکانیدا هەبووە با هەموویان بێین‌و لەکۆنگرە سەرکردایەتییەکیتر هەڵبژێرن.
*بەبڕوای ئێوە ئەم سەرکردایەتییە دەبێت چی بکات‌و بیر لەچی بکاتەوە، بۆچی پێمان وایە کۆنگرە عەسا سیحریەکەیە؟
مەلا یاسین: ئەزانی کۆنگرە بۆ عەسا سیحریەکەیە لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی وەکو هەموو سەرکردایەتی کورد فێر نەبووە لەکاتی شکستدا بکشێتە دواوەو بڵێت داوای لێبوردن دەکەم، باشترین ئالیەت بۆ ئەوەی ئەم سەرکردایەتییە هەڵنەبژێردرێتەوە یان نەیەتەوە جێگەکەی خۆی واتە نەبێتەوە ئەو عەقڵەی کە شتێکی تێکدا هەمان ئەو عەقڵە بێت چاکی بکاتەوە، کە کۆنگرەت بەست، لەو کۆنگرەیە کێ دەرچوو، دەرچوو تەواو، با بەجۆرێکی تر بیڵێم چونکە سەرکردایەتی یەکێتی لەسەرکردایەتی کورد بەدەر نییە، سەرکردایەتی کوردیش لەسەرکردایەتی حزب‌و نەریتی جیهانی ئیسلامی بەدەر نییە، دان بەهەڵە دانانێت‌و لەکاتی هەڵەشدا ناکشێتە دواوە، کەواتە دەبێت دەرگایەک بدۆزێتەوەو بڕوات بۆ ئەوەی ئابڕوی پارێزراو بێت. بۆ ئەمەش جگە لەکۆنگرە دەرگایەکی تر نییە.
*گریمان ئەو سەرکردایەتییە رۆشتن، سەرکردایەتی تازەی یەکێتی دەبێت چی بکات؟
مەلا یاسین: لەقۆناغی یەکەمدا هەمیشە ئەوە بکات کە مام جەلال دەیکرد، ئاشکردنەوەی هەموو لایەک. من هەمیشە لە پێش‌و دوای کۆنگرەکان لەگەڵ مام جەلال بووم، لەدوای یەکەم کۆنگرە لە ساڵی ١٩٩٢ دا هات دەستی کرد بەئاشتکردنەوەی هەموو کاردەکانی یەکێتی. ئەمە وەک قۆناغی یەکەمی سەرکردایەتی تازەی یەکێتی. خاڵێکی تریش بۆ ئەم سەرکردایەتییە ئەوەیە کە دەبێت جەماوەری یەکێتی بەگشتی ئاشت بکاتەوە، چونکە بمانەوێ‌و نەمانەوێ جەماوەری یەکێتی لەیەکێتی زویر بوون، لەبەر ئەوە لەو قۆناغەدا سەرەتا ئاشکردنەوەی کادرەکان‌و دواتر دەبێت جەماوەری یەکێتی بێت. ئەوساکە ئەو بەرنامەیەی کە سەرکردایەتیە تازەکە لەکۆنگرە بۆخۆی داناوە لەگەڵ عیراقدا بیباتە رێوە، چونکە خۆت دەزانی هەموو وڵاتان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت گفتوگۆ لەنێوان بەغداو حکومەتی هەرێمدا دەست پێ بکاتەوە. ئەمە ئاماژەیەکە دەبێت تێیبگەین.
جگە لەوە هەموو حزبە کوردستانییەکان پێویستیان بە بەخۆداچوونەوەو کۆنگرە هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نوێی حزبەکانیان، چونکە وڵاتانی خاوەن بڕیاری دنیا هیچ گومانم نییە کە دەیانەوێت کورد بکەن بە دەوڵەت، بەڵام هیچ گومانم نییە کە بەم سەرکردایەتییە سیاسی ئێستا ناکرێت، هەتا ئەم سەرکردایەتیە خۆی نەباتە دواوەو ئۆتۆماتیکیەن سەرکردایەتیەکی تازە نەیەتە پێشەوە کورد نابێتە خاوەن دەوڵەت، وڵاتانی خاوەن بڕیار هەوڵدەدەن دەوڵەت بۆ کورد پێکبهێنن و ئیشیشی بۆ دەکەن، بەڵام سەرکردایەتییەکی دیموکراسیان دەوێت. بۆ نموونە تۆ پێتوایە بەرقەراربوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بەو بچووکیە لەناو ئەو هەموو دەوڵەتە عەرەبیە کە هەموویان دژایەتی دەکەن، هەر ئەوەندەیە کە ئەمریکاو ئەوروپا پشتیوانی لێ دەکەن، بەڵکو کۆڵەکەی سەرەکی لەفاکتەری ناوخۆی دایە کە دیموکراتیەتە ئەمە خۆی بنەمایەکی زۆر گرنگە. تۆ پێتوایە کە ئەمریکاو وڵاتان ئاگایان لەوە نییە کە ئێمە چەند ساڵە بەربوومی خۆمان لەژێر ناوی ئابووری ئازاد دەفرۆشین‌و میللەتەکەش خەریکە لەبرسان دەمرێت. نەزانن چۆن‌و بەچ شێوەیەک دەفرۆشرێت؟ پێتوایە ئاگایان لەوە نییە کە تۆ بەزەبری چەک پارلەمانەکەت دادەخەیت‌و سەرۆکەکەی دەنێریتەوە ماڵەوە. لەبەر ئەوە پێم وایە مەئیوسن لەوەی کە ئەم سەرکردایەتییە کورد بگەیەنێتە دەوڵەت.
*ئەمە بۆ بەس بۆ کورد راست بێت یان لەبەر چاو بگیرێت، ئەی خۆ هەمان نەریت لەوڵاتانی عەرەبیش بوونی هەیە؟
مەلا یاسین: جارێکی تریش ئەم قسەیەم کردووەو کاک فوادی مەجید میسری وتی ئەو قسەیە چییە، ئەو وڵاتانە باوەڕیان بە دیموکراسی نییە ئەوەتا مامەڵە لەگەڵ سعودیە دەکەن کە دواکەوتووترین وڵاتی دنیایە، ئەمە وایە، بەڵام ئەوە ئەو وڵاتە نییە کە جۆرج بوش‌و ترەمپ دروستیانکردووە، ئەم وڵاتە خۆی هەیەو نەوتیشی هەیە بۆیە ئەمان نەوتی لێدەکڕن‌و کاریان بەسەریەوە نییە. ئەمریکا ئەگەر بیەوێت لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا وڵاتێکی دیموکراسی لێرە دروست بکات دەبێت بنەماکانی دیموکراسی تیایدا وجودیان هەبێت. بۆیە مەسەلەکە ئەمەیە. هەر بۆ جەختکردنەوە لە سەر قسەکانی جەنابت‌و کاک فوادیش، من پێم وایە ترەمپ یەکێکە لەو کەسانەی کە پیاوی بەهێزی دەوێت‌و کاری بە مەسەلەی دیموکراسییەوە نییە. بەڵام بیرمان نەچێت ئەوە بەتەنها ترەمپ بەم جۆرەیە، ستراتیژی کۆنی داڕێژراوی ئەمریکا بەم جۆرە نییە. ئەمان ستراتیژەکەیان بەم جۆرەیە کە هەر دەوڵەتێکی نوێ دروستبوو دەبێت بنەمای دیموکراسی تێدا بوونی هەبێت.
*پێتان وایە کاک مەسعود دەستی لەکار کێشابێتەوە؟
مەلا یاسین: بەڵی، ئەزانی بۆ، کاک مەسعود کوڕی مەلا مستەفای بارزانییە کە چەند قۆناغێک سەرکردایەتی شۆڕشی کردووە. ئەویش بەهەمان شێوە چەند قۆناغێک سەرکردایەتی حزبێکی کاریگەری لەکوردستاندا کردووە. بەئێستاشەوە کە بە کۆی دەنگی ئەو حزبە سەرۆکی ئەو حزبەیە، بۆیە سەرکردایەتی حزبەکەی دەکات، حزبەکەی لەسەر رێبازو رێچکەی ئەو دەڕوات، بۆیە دەتوانین بڵێین راستە ئەو دەستی لەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کێشاوەتەوەو وڵاتان مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن، بەڵام لە پشتەوە بە تەنها ئەوە کە رابەرایەتی حزبەکەی خۆی دەکات.
*کەواتە هیچ گۆڕانکارییەک نابینین، بۆچی ئێمە گۆڕانکارییەکەمان بەتەنها لەچوارچێوەی یەکێتی‌و گۆڕان‌و یەکگرتوو هێشتۆتەوە، بەڵام هێزێکی کاریگەری وەک پارتی کە وەک خۆت دەڵێی بەو مێژوو و سوقلەی هەیەتی، نە سەرۆکەکەی واز دەهێنێت، نە ئەندامەکانیشی توانای نەفسی ئەوەیان هەیە کە واز هێنانی ئەو قبوڵ بکەن، کەواتە گۆڕانکارییەکە چۆنە؟
مەلا یاسین: با ئەو سەرۆکی حزبی خۆی بێ‌و هێزی حزبی خۆی بەکار بێنێ‌و هەموو حزبەکەشی هێزی خۆیان لەودا ببینەوە، بەڵام نابینین وڵاتان بە شەریکی خۆیانی بزانن، کە وتیان تۆ شەریکی ئێمە نیت ئەمە بەسە، تۆ سەیر بکە لەدوای ریفراندۆم عەبادی رۆشتە سعودیاو دوو کۆبوونەوەی تێروتەسەلیشی لەگەڵ تەیلەرسۆندا کرد، رۆژێک دوای ئەوە تەیلەرسۆن هات بۆ بەغداد بەڵام نەهات بۆ هەولێر، هەفتەیەک بەر لەریفراندۆم هەر کەسێک هاتبا بۆ بەغداد دەهاتە هەولێریش، کەچی ئێستا تەیلەر سۆن دێتە بەغداد تەنانەت تەلەفونێکیش بۆ هەرێم ناکات، دەبێت تێبگەین کە ئەوە چ پەیامێکە، هەر لەدوای ئەوە ئەنجوومەنی ئاسایش‌و کۆنگرێسی ئەمریکی‌و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەموویان جەخت دەکەنەوە کە عیراق دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بە ناو(نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی) دابنیشێت. باسی هیچ حزبێک‌و تەنانەت کاک مەسعودیش ناکات.
*هەندێک بەو جۆرە تەفسیری ئەوە دەکەن، کە هێنانە پێشەوەی نەوەیەکی نوێیە، یان بڵێین هێنانە پێشەوەی نەوەیەکی نوێیە کە تێبینی لەسەر ریفراندۆم هەبووە؟
مەلا یاسین: من لەمیسر سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم وتم، بەداخەوە ئێمەیان وەکو بلاع الموس لێکرد، کە لە قورگتدا ماوەتەوەو بە هەر لایەک جووڵەی پێ بکەیت هەر دەتبرێت، ئێمە وامان لێ هات، ئاخر نەدەکرا لێم بپرسن‌و بڵێن دەوڵەتت دەوێت بڵێم نا، واتە بەهەردوو بارەکەیدا ریفراندمەکە هەر دەیبڕین. ئەو برادرانەش وەکو بلاع الموسیان لێ هاتبوو، خۆ ناکرێت بڵێن ریفراندۆممان ناوێت، چونکە لە ناو حکومەت بوون.
من پێم وایە ئەمریکاو وڵاتان چاویان لەنەوەی نوێی سەرکردایەتی سیاسیی کوردە کە بێنە پێشەوە، هەر بۆ زانیاری ئەمریکا تەنها چاوی لەکاک قوبادو نێچیرڤان بارزانی نییە، بەڵکو چاویان لەدەیان کەسی دیکەیە کە رەنگ بێت من‌و تۆ هەر ئاگاشمان لێیان نەبێت. هەموو پیاو و وڵاتێکی گەورە لە دنیادا مامەڵەیان لەگەڵ کەسانی تازە پێگەیشتوودایە.
*با بێینە سەر فاکتەری ئێرانی، زۆر کەس وای دەبینن کە ئەو بارودۆخەی بەسەر کەرکوکدا هات ئەوا دەورو دەستی ئێرانی تێدا هەیە، بۆیە ئەوەی لەبەرامبەر ئێراندا دۆڕاندی بەتەنها کورد نەبوو، بەڵکو ئەوە ئەمریکاو جیهانی سوننی بوو؟
مەلا یاسین: من لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەدا نیم، ئەوانەی ئاگایان لە کۆبوونەوەکان بوو ئاگایان لە هەموو شتێکە، من باسی قسەیەکی ئەمریکیەکانم بۆ کردی، بەهەمان شێوە ئێرانییەکانیش بە یەکێتیان وتبوو کە ئێوە لێرە وەزیرتان هەیە دەچێتە ئەڵمانیاو دێتەوە، بۆ وەزیرێکی ئێرانی دەتوانێ ئەمە بکات؟ من هیچ گومانم نییە کە ئەو دەوڵەتە عیراقییە شیعیە لە ئێمە بە بیانوو بوو، ئەوان بە دوای بەهانەیەکدا دەگەڕان کە لە دوای رزگارکردنی حەویجە کەرکوکمان لە دەست دەربێنن، بەڵام قسەکە ئەوەیە کێ ئەو بەهانەیەی دایە دەستیان، با نموونەیەکت بۆ بێننمەوە، دەڵێن کاتی خۆی کە سەدام هێرشی سەر کوێتی کرد، جۆرج بوشی باوک پیاسەی دەکرد و دەی وت دوو دڵم لەوەی کە سەدام لە کوێت بکشێتەوە، وتبوویان دوو دڵ مەبە پیاوی خۆرهەڵاتی ئاوایە، کە سوێندێکی خوارد پەشیمان نابێتەوە، من پێم وایە عەبادی لە خوای دەویست کاک مەسعود ئەو ریفراندۆمە بکات، بۆ ئەوەی بەهانەیەکی دەست بکەوێت و لێمان بدات. لە کاتێکیشدا لێمانی دا کە ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش گڵۆپی سەوزیان بۆی هەڵکردبوو.
*عەبادی بۆ گفتوگۆ چاوەڕوانی چی دەکات؟
مەلا یاسین: عەبادی زۆر باش دیراسەی کوردستانی کردووە، بەهەمان شێوە دیراسەیەکی باشی خەڵکی کوردستانیشی کردووە، هیچ کات هێندە ئێستا گەلی کورد برسی و بێ تاقەت نەبووە، تەنانەت ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ بە ئەندازەی ئەم شکستەی ئێستا کاریگەر نەبوو، چونکە ئێمە حکومەتی خۆمان هەبوو، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا قسەیەکی گرنگی کرد وتی، تا مووچەمان هەبێت بەردەوام دەبین، ئەگەر نەما بە شەفافانە بەخەڵکی خۆمان دەڵێین، عەبادی چاوەڕوانی ئەو رۆژەیە، ئەو دەیەوێت چۆکی ئێمە بدات لە زەوی، بۆنموونە تۆ هەموو دەرگاکانت بۆ عەبادی خستۆتە سەر پشت تەنها بۆ ئەوەی قبوڵی گفتوگۆ بکات، ئەمانە هەمووی شکستە، بۆیە لەسەر ئەوە بەردەوام دەبێت تا کاتێک کە زانی تۆ بە پشتیوانی دەوڵەتێک دەتەوێ هەڵسیتەوە، بۆی هەیە ئەویش بڵێت وەرن با گفتوگۆ بکەین، من پێم وایە عەبادی دەزانێت کۆنترۆڵی خۆی لە کوێیە و تا کوێ دەتوانێت ئێمە بشکێنێت، بەڵام ئەگەر ئەویش گەیشتە ئاستێک کە بە سەرکەوتنەکانی خۆی بوغرابوو و هەستی بەوە نەکرد کە کۆنترۆڵەکەی لە دەست داوەو نەیەوێت تۆ بهێنێتەوە سەر حوکم من پێم وایە ئایندەی ئەویش وەک ئایندە سەرکردایەتی سیاسی کورد دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومه‌ر ئۆسێ‌: سیاسه‌تی شۆڤینی له ‌سوریا هەیە، بڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ پاكتاوی ره‌گه‌زی

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی ...