سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » سعودیه‌ و نه‌خشه‌ی سیاسی نوێی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین

سعودیه‌ و نه‌خشه‌ی سیاسی نوێی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین

له‌ماوه‌ی پێشوودا عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ له‌ناو کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا رۆڵێکی دیاری و به‌رچاوی هه‌بووه‌، له‌ئێستاشدا وه‌کو جه‌مسه‌رێکی گه‌وره‌ی ناوچه‌که‌ سه‌یر ده‌کرێت. هه‌ر‌ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ که‌ میدیا و سه‌نته‌ره‌ ستراتیژییه‌کانی جیهانیش ، به‌ووردی چاودێری سیاسه‌ته‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی بکه‌ن. له‌دوایین راپۆرتی سه‌نته‌ری ستراتفۆری ئه‌مریکا، که‌یه‌کێکه‌ له‌سه‌نته‌ره‌ گرنگه‌کانی ئه‌مریکا و له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نزیکه‌، راپۆرتێکی له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌ نوێکانی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ به‌ سه‌رکردایه‌تی مه‌لیک سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز و محه‌مه‌ بن سه‌لمانی کوڕی‌ نووسیوه‌و ده‌لێت: عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ ده‌یه‌ویت نه‌خشه‌ سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بگۆڕێت، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی سوود وه‌رگرتن له‌پێگه‌ی ئابووریی و ئایینی و سه‌ربازی خۆیه‌وه‌.

ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران
ئه‌و سه‌نته‌ر پێی وایه‌، له‌پاش ده‌ستبه‌کاربوونی مه‌لیک سه‌لمان له‌ ساڵی 2015 ه‌وه‌و به‌هێزبوونی هه‌ژموونی محه‌مه‌دی کوڕی، سعودیه‌ سیاسه‌تێکی ‌ته‌واو جیاواز پێڕه‌و ده‌کات. ده‌شڵێت: ‌له ئێستادا ناونیشانی سه‌ره‌کیی و سه‌نته‌ری سیاسه‌تی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ بریتییه‌ له‌ ململانێکردن
له‌گه‌ڵ ئێران.

کۆمه‌ڵێک خاڵی دژبه‌یه‌ک
له‌درێژه‌ی راپۆر‌ته‌که‌دا ده‌ڵێت: له‌ئێستادا سعودیه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌ناوچه‌که‌دا له‌چه‌ند شوێنێکدا که‌وتوونه‌ته‌ دژایه‌تیکردنی یه‌کترو جه‌نگێکی ساردایان له‌نێواندا دروستبووه‌، به‌تایبه‌تی له‌پاش رووخانی رژێمی به‌عس له‌ عیراق له‌ساڵی 2003ه‌وه‌ سعودیه‌ هه‌ست ده‌کات هه‌ژموونی ئێران له‌ته‌واوی ناوچه‌که‌دا به‌هێزبووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ عیراق و سوریا و یه‌مه‌ن و به‌حرێن و لوبنان. هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستادا له‌م وڵاتانه‌دا، هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت له‌ ململانێیه‌کی زۆر سه‌ختدان.

رێکه‌وتنی ئه‌تۆمی
ستراتفۆر باسی خاڵێکی تر ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌پاش رێکه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌که‌ی ئێران له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی 5+1 له‌ساڵی 2015 ، هێنده‌ی تر سعودیه‌ نیگه‌رانییه‌کانی به‌رامبه‌ر به‌ئێران زیاتربووه‌، چونکه‌ ده‌ترسێت له‌پاش لابردنی سزا ئابووریه‌کان له‌سه‌ر ئێران، هێنده‌ی تر هه‌ژموونی له‌ناوچه‌که‌ به‌هێزتر بێت، هه‌ربۆیه‌ له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه‌، دژی ئه‌م رێکه‌و‌تنه‌ وه‌ستایه‌وه‌و هه‌وڵی تێکدانی کرد، لێ سه‌رکه‌وتو نه‌بوو.

به‌کارهێنانی ئیسلام
دواتر سه‌نته‌ره‌که‌ باسی خاڵه‌ به‌هێزه‌کانی سعودیه‌ ده‌کات، یه‌کێکیش له‌و خاڵانه‌ بوونی هه‌ردوو شاری مه‌ککه‌ و مه‌دینه‌یه‌، که‌ دوو شوێنی پیرۆزن له‌لای موسڵمانانی جیهان، ئه‌مه‌ش بۆته‌ خاڵێکی به‌هێزی سعودیه‌ و پێگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئایینی پێ به‌خشیوه‌‌. ده‌شڵێت: سعودیه‌ ئه‌م پێگه‌ ئاینییه‌ی‌ خۆی به‌کارده‌هێنێت بۆ دژایه‌تیکردنی نه‌یارانی،.

ئێران و ئیخوان موسلمین
بۆنموونه‌ سعودیه‌ به‌ئاشکرا دژایه‌تی عه‌قیده‌ی شیعه‌ی ئێرانی و ئایدۆلۆژیای سوونی ئیخوان موسلمینی میسر ده‌کات و به‌ئاشكراش ده‌ڵێت، ئه‌م دوو ره‌وته‌ مه‌زهه‌بیه‌ ئاینییه‌ ، زه‌ره‌ له‌ناوچه‌که‌ ده‌ده‌ن.

قه‌ته‌ر
هه‌روه‌ها هه‌ر له‌رێگه‌ی به‌کارهێنانی ئایین و جه‌نگ له‌دژی تیرۆر، جه‌نگێکی نوێ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر هه‌ڵگیرساند و تۆمه‌تباریکرد به‌وه‌ی که‌ پشتگیری گروپه‌ تیرۆریسته‌کان ده‌کات. هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌بۆئه‌وه‌ی که‌ قه‌ته‌ر ناچێته‌ ژێر عه‌بای سعودیه‌وه‌و ده‌یه‌وێت خاوه‌نی ڕای سیاسی خۆی بێت.

پاسه‌وانی ئایینی ئیسلام
ئه‌و سه‌نته‌ره‌ پێی وایه‌،له‌ئێستادا سعودیه‌ ده‌یه‌وێت خۆی وا پیشانی گێتی ئیسلامی بدات، که‌ئه‌وان پاسه‌وانی ئاینی ئیسلامن، مه‌که‌که‌ و مه‌دینه‌شیان کردۆته‌ چه‌کێک له‌دژی نه‌یارانیان به‌کاری ده‌هێننن.

که‌وتنه‌ جه‌نگی راسته‌وخۆ
خاڵێکی گرنگی تره که‌ سه‌نته‌ره‌که‌‌ باسی لێوه‌ده‌کات ئه‌وه‌یه‌، له‌ئێستادا سعودیه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رانی پێشوویه‌وه‌ که‌ حه‌زیان له‌کێشه‌ وململانێی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ نه‌یارانیان له‌ناوچه‌که‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌کرێت، له‌ئێستادا سعودیه‌ به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ده‌که‌وێته‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵ نه‌یارانی، بۆ نموونه‌ له‌ میسر توانی پشتگیری ئه‌و کوده‌تایه‌ بکات، که‌ سوپا له‌دژی حوکمی ئیخوان موسلمین کردیی و کۆتایی به‌ حوکمی ئیخوان هێنا، که‌به‌یه‌کێک له‌نه‌یارانی داده‌نرێت. هه‌روه‌ها له‌یه‌مه‌نیش چووه‌ جه‌نگێکی گه‌وره‌وه‌ له‌گه‌ڵ حوسیه‌کان.

دروستکردن هاوپه‌یمانی نوێ
پاشتر سه‌نته‌ره‌که‌ باس له‌سیاسه‌تێکی نوێ سعودیه‌ ده‌کات که‌ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ دروستکردنی هاوپه‌یمانی و به‌ره‌ی سیاسی نوێ له‌ناوچه‌که‌. بۆ نموونه‌ باس له‌ دروستکردنی هاوپه‌یمانی ئیسلامی له‌دژی تیرۆر ده‌کات، که‌ساڵی 2015 له‌ریاز دروستبو، که‌ 40 ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ‌له‌خۆ ده‌گرێت. هه‌روه‌ها هه‌وڵیش ده‌دات له‌رێگه‌ی رێکخراوی ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی و کۆمکاری عه‌ره‌بییه‌وه‌، سیاسته‌کانی خۆی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی تردا بسه‌پێنێت.

ئێران به‌هێزتره‌
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئه‌و سه‌نته‌ره‌‌‌ پێی وایه‌، ئێران له‌زۆربه‌ی مه‌له‌فه‌کانی ناوچه‌که‌دا سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر سعودیه‌دا تۆمارکردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ مه‌له‌فی عیراق ولوبنان و سوریا. جگه‌له‌وه‌ش سعودیه‌ له‌ئێستادا له‌یه‌مه‌ن تووشی ‌جه‌نگێکی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌و هیچ ئاسۆیه‌کی باشیش دیارنییه‌، که‌له‌داهاتوودا باشتربێت.

سه‌رچاوه‌: الانصات المرکزی. العدد. 6790. 3/12/2017

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دۆسێی كۆنگرە گەڵاڵە دەبێت؟

خەریكە دۆسێی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تەواوەتی گەڵاڵە ...