سەرەکی » دۆسێ » گەمارۆدانی حەرەمی مەككە ئەو رووداوەی سعودیەی هەژاند

40 ساڵ لەمەوبەر بوو

گەمارۆدانی حەرەمی مەككە ئەو رووداوەی سعودیەی هەژاند

رووداوی دەستگرتن بەسەر حەرەمی مەككە لە ساڵی 1979، یەكێكە لە گرنگترین خاڵەكانی وەرچەرخان لە مێژووی شانشینی عەرەبی سعودیە.
ئەو گەمارۆیە كە نزیكەی دوو هەفتەی خایەند، كۆڵەكەكانی خانەوادەی ئال سعودی هەژاند و كاریگەریی قوڵی لەسەر سیمای رەوشی كۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتەكە دروستكرد.
بە رەچاوكردنی پاشماوە نەرێنییەكانی گەمارۆكە كە تائێستاش بەڕوونی بەسەر وڵاتەكە و ناوچەكەوە دیارە، بۆیە پێویستە لە دوای چل ساڵ جارێكی تر هەڵسەنگاندن بۆ ئەو رووداوە بكرێت.

20ی كانوونی یەكەمی 1979
رۆژی 20ی كانوونی یەكەمی 1979 رۆژێكی ئاسایی بوو، نزیكەی پەنجا هەزار نوێژخوێن لەنێو پیرۆزترین پێگەی مسوڵماناندا بوون بۆ ئەنجامدانی نوێژی بەیانی.
لەكاتێكدا شێخ محەمەد سوبێل خۆی بۆ پێژنوێژی ئامادە دەكرد، گروپێكی چەكدار لەڕێی بەكارهێنانی توندوتیژییەوە دەستییان بەسەر حەرەمی مەككەدا گرت. لە سۆنگەی سیمای بێپێشینەی رووداوەكە لەو دەمەدا، و بەو پێیەی ئاینی ئیسلامی هەموو جۆرە توندوتیژی و خوێنڕشتنێك لەنێو شوێنە پیرۆزەكاندا حەرام دەكات، مزگەوتی حەرام پاسەوانییەكی ئەمنی توندوتۆڵی نەبوو.
لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی كەم لە پیاوانی ئەمنی لە شوێنەكەدابوون كە نەدەكرا بەشێوەیەكی تەواوەتی ئەو هەموو خەڵكە كۆنترۆڵ بكەن، زۆر بەخێرایی یاخیبووەكان كە ژمارەیان 500 چەكدار دەبوو، بە تەواوەتی و زۆر بەئاسانی شوێنەكەیان كۆنترۆڵكرد.
وێڕای ئەوەی یاخیبووەكان لە كۆتاییدا ژمارەیەك نوێژخوێنییان ئازادكرد، بەڵام هەندێك لەوانەیان وەك بارمەتە دەستبەسەركرد و لەنێو حەوشەی مزگەوتەكەدا زیندانیان كردن. لەگەڵ ئەوەشدا قەناسبەدەستەكان خۆیان لەسەر شوێنە بەرزەكان قایم كرد، ئەمەش وایكرد كە رزگاركردنی مزگەوتنی حەرام زیاتر قورس ببێت.

هەوڵی یەكەم
لە یەكەم هەوڵدا نزیكەی 100 ئەفسەری هێزە ئەمنییەكانی سعودیە، توانییان دەست بەسەر مزگەوتی حەمدا بگرن، بەڵام ئەركەكەیان دووچاری شكست بووەوە و زۆرێكییان بونە قوربانی. وێڕای بەشداریی سوپای سعودیە و پاسەوانی نیشتمانی بەشێوەیەكی خێرا، بەڵام واپێدەچوو شا خالید بە تەواوەتی متمانەی پێیان نەبوبێت. بۆیە بانگی هەریەك لە هێزە تایبەتەكانی سەر بە سوپای پاكستان و هێزە ئامادەكانی سەر بە پاسەوانی نیشتمانی فەرەنسایی كرد، تا پشتیوانی لە پرۆسەی قەڵاچۆكردنی ئەو یاخیبوونە بكەن كە زۆر ئاڵۆز بوو، بەجۆرێك كە پێویستی كرد تەواوی شاری مەككە چۆڵبكرێت.

سەركردەی یاخیبوان
جەهیمان عتێبی، سەركردەی یاخیبوان، خەڵكی ناوچەی بەناوبانگی نەجدە كە لەڕووی مێژووییەوە لە ئال سعود نیزكن، بەجۆرێك كە باپیری یاریدەدەری بن سعود دامەزرێنەری شانشینی سعودیە بوو.
هەندێك لە ئەندامانی خانەوادەكەشی ئەندامی گرنگ بوون لە نێو «ئیخوان»ئەو میلیشیا بەهێزەی كە یارمەتی بن سعودی دا بۆ تێكشكاندنی ركارببەكانی تری كە هەوڵیان دەدا دەست بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەكەدا بگرن.
لەسەرەتادا عتێبی كارمەند بوو لە پاسەوانی نیشتمانی سعودی، بەڵام لەبەر بایەخی قوڵی بە ئایین، بووە واعیز، لە دواتردا بووە خوێندكاریی بەردەستی شێخ عەبدولعەزیز بن باز كە لەكاتی گەمارۆكەدا موفتی شانشینی عەرەبی سعودیە بوو.
عتێبی توشی بێ‌ ئومێدی بوو لە ئال سعود، لە كۆتاییدا ئەو خانەوادەیەی بە گەندەڵ دانا كە بە گوتەی ئەو، پارێزگاری لە نەریتە رەسەنەكانی ئیسلام نەكردووە لە وڵاتەكەدا.
رەخنەی لە سیاسەتەكانی بەخۆرئاوایی بوون دەگرت بۆ دەوڵەت و دژایەتی هێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی نوێی دەكرد وەك تەلەفۆن، لەهەمان كاتدا دژ بە گەیشتنی كرێكارانی بیانی بوو بۆ شانشینی عەرەبی سعودیە كە هاتبوون بۆ كاركردن لە پیشەسازی گەشەكردووی نەوت لەو دەمەدا.
عتێبی باسی لەوە دەكرد كە لە خەودا خودای بینیوە و پێی ڕاگەیاندووە كە محەمەد عەبدوڵڵا قەحتانی مەهدی مونتەزەرە كە لەسەر زەوی دەردەكەوێت بەر چەند رۆژێك لە قیامەت. عتێبی و قەحتانی لە زیندان یەكترییان بینیبوو دوای ئەوەی بە هاندان و بەكارهێنانی فەرموودەكان لەلایەن عتێبییەوە سەبارەت بە رۆڵی ئاینی قەحتانی كە دواتر بووە زاوای تۆمەتباركرابوون.
وادەی هێرشەكە كە لە 20ی كانوونی یەكەمی 1979دابوو، هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم رۆژی ساڵی 1400ی ساڵنامەی كۆچی. رەنگە بەشێوەیەكی خوازراو وابەستەی بیرۆكەی موجەدید كرابێت كە بەپێی سوننەت پیاوێكە هەموو سەری سەدەیە دەردەكەوێت بۆ گێڕانەوەی ئیسلام بۆ رەچەڵەكە پاك و بێخەوشەكەی.

كۆنترۆڵكردنەوەی حەرەمی مەككە
بەڕەچاوكردنی گرنگی ژینگەی حەرەمی مەككە لەڕووی ئاینی و سیاسی، دەوڵەتی سعودیە هەوڵیدا فەتوایەك لەلایەن زانا مسوڵمانەكانەوە دەستەبەربكات بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی توند بۆسەر پیرۆزترین مزگەوت لە جیهانی ئیسلامی. هەندێك لە زانایان بێدەنگیان هەڵبژارد، لە هەمان كاتدا هەندێكی ترییان عتێبی و شوێنكەوتووەكانیان بە نامسوڵمان دانەنا، وێڕای ئەوەی حورمەتی حەرەمی مزگەوتی حەرامیان بەزاند. وێڕای ئەوەی هەندێك لە زانایان لە كۆتاییدا گڵۆچی سەوزییان بۆ ئال سعود هەڵكرد بۆ بەكارهێنانی هێز، بەڵام پێداگربوون لەسەر ئەوەی كە دەوڵەت لە سەرەتاوە رێگەچارەی خۆبەدەستەوەدان بداتە یاخیبووەكان بەر لەوەی هیچ خوێنڕشتێك ڕووبدات.
كاتێك عتێبی رەتیكردەوە خۆی بەدەستەوەبدات، دەوڵەت فەتوایەكی ئاینی لەبەردەست بوو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی تەواوەتی بۆ بنبڕكردنی یاخیبوون و كۆنترۆڵكردنەوەی مزگەوتەكە.
لەكاتێكدا مزگەوتەكە هێشتا لەژێردەستی عتێبیدا بوو، یاخیبووەكان بڵنگۆی مزگەوتەكەیان بەكارهێنا كە بە شەقامەكانی مەككەدا بڵاوكرابوونەوە، بۆ بیانووهێنانەوە بە هەڵسوكەوتەكانیان لەڕووی رەخنەگرتن لە ئال سعود و خستنەڕووی چەند داواكارییەكی دیاریی كراو كە كۆتایی هاتنی تەواوەتی هەناردەی نەوت بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و دەركردنی بیانییەكانی لە وڵاتدا لەخۆگرتبوو.
گەمارۆكە نزیكەی دوو هەفتەی خایەند تا دواجار دەوڵەت توانی مزگەوتی حەرام كۆنترۆڵبكاتەوە. تائێستاش ژمارە راستەقینەكان نازانرێن، بەڵام دەوڵەت لەو دەمەدا رایگەیادبوو كە گەمارۆكە كوژرانی 255 حاجی و سەرباز و توندڕەوی لێكەوتووەتەوە، وێڕای برینداربوونی 560 كەسی تر. لەو رووداوەدا محەمەد قەحتانی «مەهدی مونتەزەر» لە پێكداهەڵپژانەكاندا كوژرا، لەكاتێكدا عەقڵی داڕێژەری كارەكە كە عتێبی بوو، لەگەڵ 67 یاخیبووی تردا دەستگیركرانن و لەسەریان درا.

print

 105 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*